ڕۆڵی کادرانی ژن، لە پرۆسەی سیاسی لە ناوچە دابڕاوەکاندا
ڕەسمیە خانەقینی-نووسەر
لە سەرەتای بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ژنان رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبووە لەنێو کایەی کاری رێکخراوەیی و سیاسیدا بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی ئەو بزووتنەوانە، زۆرێک لەو ژنانە بە وزە و دڵسۆزی و لێهاتوویی و ئەزموونی خۆیان ئیشوکار و ئەرکی گرنگیان بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لەو ناوەندانەدا گێڕاوە، بەتایبەتی لەکاتی رووخانی رژێمی بەعسدا گۆڕەپانەکە پێویستی بە ئارامیی و سەقامگیری و کاری رێکخستن و رێکخراوەیی خۆبەخشانە بووە، ژنانی کادر بەرپرسیارێتی گەورەیان لەسەرشان بووە و رۆڵی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ژنان لەڕووی سیاسی و کاری رێکخستن و رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ خەڵکدا توند و پوخت کردووە و لە قۆناغە سەخت و دژوار و جیاوازەکاندا خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانییان درێژەپێداوە.
هەربۆیە لەناوچە دابڕاوەکانی پارێزگای دیالە و خانەقین هەر کادرە ژنەکان بوون، توانیان بەشێکی گرنگ لە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و رێکخراوەیی بگرنە ئەستۆ و سەلماندیان کە لە توانایاندا هەیە، خاوەن بڕیار بن و ئەرکی بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتی ئەنجام بدەن، بۆئەوەش پەیوەندییەکی تۆکمە و باشیان لەگەڵ چین و توێژەکانی جەماوەر دروستکردووە و لە نزیکەوە کێشە و گرفتی خەڵکیان چارەسەر کردووە، بۆ بەها و نرخی ژن بە وشەی بریقەدار و پۆستی رەمزی مەیسەر نابێت، بەڵکو بەهای راستەقینە لەوەدایە بە گوفتار و کردار و کردەوە بسەلمێندرێت، لێهاتووییش بە بڕوانامە پێوانە ناکرێت، چونکە دەبێت ئاستی فیکر و خەبات رەچاو بکرێت و کردەوە و ئەرک و ئەزموونیش بەهەند وەربگیرێت.
لە قۆناغی ئێستادا ژنان سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و رێکخراوەیین، کە نابێت نادیدە بگیرێن و وەک بابەتێکی سادە و ساکار سەیری رۆڵیان بکرێت، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان لەنێو ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەپێویست دەزانرێت کە ئەزموون و توانا و شارەزایی و لێهاتوویی کادرە ژنەکان وەک سامانێکی پڕ بەتوانا و ئەزموون هەژمار بکرێن و نابێت پشتگوێبخرێن، بەڵکو پێویستە رێزیان لێ بگیرێت.
کەواتە گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ لە دامەزراوەیی حزبی و رێکخراوەیی بۆ نوێکردنەوە و بوژاندنەوەی ئۆرگانەکان کارێکی ئاساییە، بەڵام نابێت دووبارە لە سفرەوە دەست پێبکرێت، بەمەرجێک بۆ سڕینەوەی ئەزموونی پێشووتر نەبێت، بەڵکو گرنگیی پلان و بەرنامەکە لەوەدایە کە ئەزموونی پێشوو و ئاوێتەکردنی لەگەڵ توانای نوێ و قۆناغی سەردەم لەگەڵ یەکتر کۆبکاتەوە، چونکە ئەو کادرە ژنانەی ساڵانێکی زۆرە خزمەتیان کردووە پڕ زانیاری و ئەزموون و شارەزاییان لە کایەی کاری سیاسی و رێکخراوەییدا هەیە، ئەو ئەزموونەی بەدەستیانهێناوە بەشێوەیەکی ئاسان بەدەست نەهاتووە، بەڵکو لە خوێندنگەی یەکێتیی پێگەیشتوون، بۆیە هەر پرۆسەیەکی چاکسازی و گۆڕانکاری لەناو دامەزراوە حزبی و سیاسییەکاندا پێویستە رۆڵی کادرانی ژنی خاوەن ئەزموون بەشێکی سەرەکی لەو چوارچێوەیە ببینرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ گەشەپێدان و هەڵساندنەوەی ئۆرگانەکان و ئەرکیان بۆ دیاری بکرێت.
رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشان و ئەزموونی ئەو کادرە ژنانە بەتایبەتی لەناوچە دابڕاوەکانی سنووری پارێزگای دیالە، نەک تەنها هەر بە ناوهێنانیان و پێدانی سوپاسنامەیەک، بەڵکو رێزی کرداریی پێویستە، بەپێدانی ئەرک و پاداشت لەپای ئەو تەمەنەی لەپێناوی حزب و گەل و نیشتمان بەڕێیان کردووە، ئەوەش بنیاتنانێکی گەشە بۆ ئایندەی کۆمەڵگەکەمان، کە ژن بتوانێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە دروستکردنی بڕیار و رووداوەکاندا، بۆئەوەی نەکرێت بە کۆیلە و شوێنکەوتووی بەرپرسان، کەواتە ئەو ژنانەی لە رابردوودا بوونی خۆیان سەلماندووە، لەم قۆناغەدا شایستەی ئەوەن هاوبەشێکی بنەڕەتیی بن لە دروستکردنی داهاتوویەکی گەش نەک پشتگوێبخرێن.