"لەبری ئەوەی نەفرەت لە تاریکی بکەین، با مۆمێک دابگیرسێنین"
ئیلاهە سەدر، بە ئاماژەدان بەنامەکەی وریشە مورادی، کە دەڵێت "بەردەوام دەبم لەتێکۆشان تا کۆتایی زوڵم و ستەم لە دژی ژنان، لە کوردستانەوە تا بەلوچستان، لە ئێرانەوە تا ئەفغانستان، تا گەیشتن بە ئامانجەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، داوا لە هەموو ئازادیخوازان دەکات بە
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ - وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کوردو چالاکی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کەژار"، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە و لە هەمان کاتدا لەگەڵ ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی سزای لەسێدارەدان، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەستی بە مانگرتنی هەتا هەتایی کرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە چارەسەری پزیشکیش وەرناگرێت وپزیشکییەکانی زیندانەکەش درێژەدان بە مانگرتنەکەی بە مەترسیدار ناودەبەن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویان کردۆتەوە، ئەم زیندانییە سیاسییە لەم ماوەیەدا ٧ کیلۆ کێشی دابەزیووەو باری تەندروستیشی بەهۆی دابەزینی پەستانی خوێن و شەقیقە و ئازاری جومگەکان و پشتەوە لە دۆخێکی ناجێگیردایە.
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فراملیتی ژنان هەڵمەتێکی بۆ پشتیوانی لەم زیندانییە سیاسییە دەستپێکردووە، لەو ماوەیەدا چالاکانی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤ و توێژەکانی کۆمەڵگە بەو گرتە ڤیدیۆییانەی بۆ ئەم هەڵمەتە دەینێرن، پشتیوانی وریشە مورادی و داخوازییەکانی دەکەن.
لەم چاوپێکەوتنەمان لەگەڵ ئیلاهە سەدر، فێمینیست، چالاکوانی سیاسی و ئەندامیپلاتفۆرمی دیموکراتیکیفراملیتی ژنان،هەڵسەنگاندنمان لە بارەی بارودۆخی ئێستایوریشە مورادی، پرۆسەی هەڵمەتەکە لە لایەنپلاتفۆرمی دیموکراتیکیفراملیتی ژنانو ئەو پشتیوانییەی کە بەم هەڵمەتە دراوە کرد.
ئیلاهە سەدر نیگەرانی خۆی لە بارەی بەردەوامی مانگرتن لە خواردنی وریشە مورادی و مەترسی خستنە سەر تەندروستییەکەی دەربڕی و وتی: هەموومان زۆر نیگەرانین و نازانین چی ڕوودەدات، دوایین هەواڵ کە بە ئێمە گەیشتووە ئەوەیە کە پەستانی خوێنی لە خوار ٥ دایە و ئەوانەی لە بواری پزیشکیدا کار دەکەن دەڵێن ئەم هەواڵە زۆر خراپەو ناڕەحەتییەکی زۆری بۆ هەموو لایەک دروست کردووە.
بە ئاماژەدان بە نامەکەی وریشە مورادی وتی: وریشە مورادی، لە کۆتا نامەیدا ئاماژە بەو شەڕە دەکات کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرسا و لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەتەوە، لە لایەک دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا هەموو ڕۆژێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئاگری شەڕبڵاودەکەنەوە و لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتە کۆنەپەرستەکان و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، بە چڕکردنەوەی نەتەوەپەرستی و ئاینپەرستی و زایەندپەرستی، ڕۆژانە ئەم ئاگری شەڕە بەربڵاوتر دەکەنەوە و بێگومان زیانبەرکەوتووانی ئەم شەڕانەش ژن و منداڵن.
ئیلاهە سەدر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وریشە، وەک کەسێک کە هەمیشە هەوڵی داوە ژیان مانادار بکات و خۆیشی هەمیشە هاودەنگ بووە لەگەڵ ژنان و گەلدا، دەیەوێت کۆتایی بەو دۆخەی ئێستا و ئەو ستەم و چەوساندنەوەیە بهێنێت کە بەسەر ژنان و ئازادیخوازان دەسەپێندرێت، پێویستە ئێمە سیاسەته ناوخۆییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ببینین و لە دژی ئەو کۆشتن و سێدارانەی کە هەموو ڕۆژێک لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێراندا ڕوو دەدات بوەستینەوە.
"زۆرێک لە ژنان و ئازادیخوازان هاودەنگییان لەگەڵ وریشە مورادی نیشانداوە"
ئیلاهە سەدر سەبارەت بە دەستپێکردنی هەڵمەتی ڤیدیۆیی بۆ پشتیوانی لەوریشە مورادی و پێشوازیکردن لەم هەڵمەتە پشتیوانییە وتی: ئێمە چەند ساڵێکە لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فراملیتی ژناندا کاردەکەین و بە تایبەتیش لەوەتەی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" زۆرتر چالاک بووین، ئەم پلاتفۆرمە لە ژنانی نەتەوە جیاوازەکانن کە پێکەوە کاردەکەین و چەندین لێدوانمان نووسیوە و ئەمجارە هەستمان بەوە کرد کەتەنها بە لێدوان نابێت، لەئەنجامی ئەو هەڵمەتە ڤیدیۆییەمان دروستکرد بۆ ئەوەی هەر کەسێک بتوانێت بە دەنگ و دیمەنی خۆی ڤیدیۆیەک دروست بکات و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ئیرادەی وریشە نیشان بدات، ئەم هەڵمەتە پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا، زۆرێک لە ژنان، ئازادیخوازان، چالاکانی سیاسی، ژنانی زۆر ئاسایی کە هیچ ناو و ناونیشانێکیاننییە و مامۆستایانی زانکۆ لەم هەڵمەتەدا چالاکن و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ وریشە مورادی نیشان داوە، ئەگەر خواستی ئەوان بۆ لەسێدارەدان بێت، هەمووان هەوڵ دەدەن ئەم نەخێرە بۆ لەسێدارەدان بکەنە داواکارییەکی هەرەوەزی و سیاسی. چونکە نا بۆ سزای لەسێدارەدان هەمیشە داواکاری گەل بووە، بەڵام ئەم داواکارییە، تا ئێستا بە شێوازێکی هەرەوەزی و بەیەکگرتوویی نەبووە، ئەم دروشم و هاواری "نا بۆ لەسێدارەدان" ئێرانیشی گرتەوە و لە تاران، خەڵک لە شەقامدا "نا بۆ لەسێدارەدان" و "لەسێدارە مەدە"یان دەوتەوە و ئەمەش دەستکەوتێکە کە لەژێر ناوی وریشە مورادی تۆمارکراوە.
"کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لەتێکۆشان لە دژی لەسێدارەدان"
ئیلاهە سەدر سەبارەت بە هەڵمەتەکانی دژ بە لەسێدارەدان لە ئێران ڕوونکردنەوەکانی دا و جەختی لە مێژووی دوور و درێژی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: لەڕاستیدا یەکەم بنەماڵە کە دژی لە سێدارەدان هاواریان کرد ، بنەماڵەی زیندانییە ئاساییەکان بوون کە لەبەردەم زیندان کۆدەبوونەوە، بێگومان با کوردستان بمێنێت کە مێژوویەکی زۆر دوور و درێژی هەیە لەم بابەتە و منیش باسی ئێران دەکەم، دوای ئەوە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانییە ئاساییەکان دەستیان کرد بە دروشمی نا بۆ لەسێدارەدان، و لە ناوەشەوە لە زیندانی ئەڤین، زیندانیان هەموو سێشەممانێک مانگرتن لە خواردنیان کرد و نەگەڕانەوە بۆ ژوورەکانیان، بەهەمان شێوە دایکانی ئاشتی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ئەمانە دەستکەوتی ئەو ئازادیخوازانەن کە ناڕەزایەتیان دەربڕی.
"وریشە دەڵێت یان دەبوو ئوبژە بوونی خۆمم قبوڵ بکردایە، یان ڕاستی بوونی خۆم بدۆزمەوە"
سەبارەت به بێدەنگی ڕێکخراو و دامودەزگا و هەڵمەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان سەبارەت به مانگرتن له خواردنی وریشه مورادی، ئیلاهە سەدر وتی: ئێمه سەد ساڵ حکوومەتگەلێکمان بووە کە بانگەشەی نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی ناسنامەیەکی ئێرانی و زمانی فارسی و یه ک ئایین و ئایینی شیعە، و یەک ئاڵای کردووە، پێیان وایە ئەگەر کەسێک باسی ناسنامەی خۆی بکات مانای وایە دەیەوێت خۆی جیا بکاتەوە.
بە جەختکردنەوە لەسەر قسەکانی وریشە، وتی: وەک وریشە مورادی ئاماژەی پێدەکات، دەبێت بزانین کە دەبێت بە پرۆسەیەکی دوورودرێژدا تێپەڕین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکەمان، وریشە دەڵێت، یان دەبوو ئوبژەبوونی خۆمم قبوڵ بکردایە و بەرگەی ئەم ژیانە پڕ لە ستەم و چەوساندنەوە بگرم، یان دەبوو ڕادەست ببم و ناڕەزایەتیم دەرنەبڕیایە، یان دەبوو ڕاستی خۆم بدۆزمەوە، کە ئەوەم کرد. حەقیقەتی بوونی خۆمم دۆزیەوە و لەبری ئەوەی نەفرەت لە تاریکی بکەم، مۆمێکم داگیرساند، ئەرکی هەر یەکێک لە ئێمەیە کە مۆمێک داگیرسێنین و هەوڵی گۆڕینی ئەم تێڕوانینە تەسک و یەکلایەنانە بدەین بە لێبوردەیی، و بەڕاشکاوی و شەفافانە ڕاوەستن و بەرەنگاری ئەو کەسانە ببینەوە کەڕاستڕەو و دەسەڵاتخوازن.
"تا کۆتایی هاتنی هەر چەوساندنەوەیەک لە دژی ژنان، لە کوردستانەوە تا بەلوچستان، لە ئێرانەوە تا ئەفغانستان و تا گەیشتن بەئامانجەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوام دەبم لە تێکۆشان"
ئیلاهە سەدر لە کۆتاییدا قسەکانی وریشە مورادی گێڕایەوە، داوای پشتیوانی و گرنگیدان بە مانگرتنی وریشە و بارودۆخەکەی کرد و وتی: لێرەدا، وەک قسەکانی وریشە، دەڵێم: تا کۆتایی هەر چەوساندنەوەیەک بەرامبەر بە ژنان، لە کوردستانەوە بۆ بەلوچستان، لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان و بەردەوام دەبم لەتێکۆشان و تا دەگەیم بە ئامانجەکانی "ژن،ژیان، ئازادی" دەگەم، و دەمەوێت هەموو ژنان و ئازادیخوازان و هەموو ئەوانەی هەوڵدەدەن و ژیانی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانی دەبەخشن، گرنگی بدەن بە قسەکانی وریشە و ڕێگاکەی بەدەوام بکەن.