فەرزانە عەزیمی: بەڵگەنامەی مافی مرۆڤ بناغەی ئێمەیە بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمکاری لە ئێران
فەرزانە عەزیمی، بەرپرس و نوێنەری حیزبی چەپی ئێران، بەڵگەنامەی "کەمترین بنەماکانی مافی مرۆڤ بۆ قۆناغی گوازراوە"ی بە هەنگاوێک بۆ کۆتایی هێنان بە سووڕی توندوتیژی و نەهێشتنی هەڵاواردن دژی ژنان و ڕەتکردنەوەی میراسی شۆڕشی ١٩٧٩ پێناسە کرد.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ-ئەکادیمیای زانست و زانستە مرۆڤایەتییەکانی ماینز شایەتحاڵی واژۆکردنی بەڵگەنامەیەک بوو لە لایەن نوێنەرانی ١٢ پارت و ڕێکخراوی سیاسی بە ناوی "کەمترین بنەماکانی مافی مرۆڤ بۆ قۆناغی گوازراوە" کە تیایدا واژۆکاران پابەندبوون بە پەسەندکردن و بەرزڕاگرتنی ئەو بنەمایانە بەبێ گوێدانە سروشتی سیستەمی سیاسی داهاتووی ئێران.
هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەچوو و بۆ تیشک خستنە سەر ڕەهەندە ستراتیژییەکان و گرنگیی سەرەکیی بەڵگەنامەی "کەمترین بنەماکانی مافی مرۆڤ بۆ قۆناغی گوازراوە"، ئاژانسەکەمان ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەی لەگەڵ فەرزانە عەزیمی، بەرپرس و نوێنەری پارتی چەپی ئێران و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئەنجامدا.
بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی ئێستای ئێران، چ پێویستییەک ئەم گروپە سیاسییە هەمەچەشنانەی کۆکردەوە، سەرەڕای ناکۆکیەکانیان، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامەیە؟
واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامەیە لە کاتێکدایە کە وڵات بە هۆی قەیرانە ئابووری و سیاسییە سەختەکان و گرژییە سەربازییەکانەوە لە لێواری داڕماندایە، هەڵاوسانی بێ وێنە و داڕمانی دراوی نیشتمانی و شەپۆلێکی نوێی بێکاری زیاتر مەترسی لەسەر بژێوی خەڵک دروست کردووە، لە کاتێکدا حکومەت تا دێت شەرعیەتی خۆی لەدەست داوە.
لەناو ئەم دۆخە ناجێگیرەدا، ١٥ بزووتنەوەی سیاسی سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هەنگاوێکی کردەیییان بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکانی پەیوەست بە شۆڕشی ١٩٧٩ هەڵگرت، لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٧٩، نەبوونی وتارێکی مافی مرۆڤ بووە هۆی خولگەیەکی سەرکوتکردن، زیندانیکردن، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، پراکتیزەکان کە درێژدەبێتەوە لە ساڵانی هەشتاکان و کۆمەڵکوژییەکانی ساڵی ١٩٨٨ تا ئەو ژمارەیە بێ وێنەیەی لەسێدارەدانەکان کە ئەمساڵ شایەتحاڵی بوون، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی دژی سزای لە سێدارەدان، ئەم بەڵگەنامەیە بنەما بنەڕەتییەکان دادەمەزرێنێت، هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزای لەسێدارەدان، ئازادکردنی بێ مەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی و نەهێشتنی تەواوەتی چەمکی "زیندانی سیاسی"، واژۆکاران بە دانانی ئەم بناغەیە ئامانجیان ئەوەیە کە ڕێگری بکەن لە پێکهێنانەوەی ماکینەی سەرکوت و دووبارەبوونەوەی بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکان، وەک بەڵێنی گۆڕینی زیندانەکان بۆ مۆزەخانە.
بە لەبەرچاوگرتنی شکستەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ دوو پرسیار دێتە ئاراوە، یەکەم، میکانیزمەکانی مسۆگەرکردن و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی واژۆکاران لە نێوان کێبڕکێی سیاسی داهاتوودا چین؟ دووەم، چۆن ئەو گروپانەی مێژووی توندوتیژییان هەیە یان بەهاکانیان لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤدا ناکۆکن، چۆن دەخرێنە ناو ئەم بەڵگەنامەیەوە و پابەند دەکرێن؟
هیچ کام لە واژۆکارانی ئەو بەڵگەنامەیە پشتگیری لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ناکەن، لەبری ئەوە داوای "دادپەروەری گوازراوە" دەکەن، هەروەها درێژەدان بەم سووڕە خراپەی توندوتیژییە کە چل ساڵە بەردەوامە، بە شێوەیەکی ناڕێژەیی زیان بە گروپە پەراوێزخراوەکان دەگەیەنێت و پابەندنەبوون بە تەنانەت سەرەتاییترین پێوەرەکانی مافی مرۆڤیش زەمینە بۆ بڕیاردانی دەرەوەی دادوەری و تۆڵەسەندنەوە خۆش دەکات، هەر بۆیە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لە نێوان لایەنەکاندا لەسەر ئەم بنەمایانە زۆر گرنگە، لە کاتێکدا تا ئێستا ١٥ ڕێکخراو ئەو بەڵگەنامەیەیان واژۆ کردووە، بەڵام مەرج نییە نەبوونی گروپی دیکە ئاماژە بێت بۆ دژایەتیکردنیان بۆ مافەکانی مرۆڤ، گرنگییەکی سەرەکی لەوەدایە کە لایەنەکان سەرەڕای جیاوازی سیاسی یان ئابووری لەسەر پێوەرەکانی وەک ئازادی ڕۆژنامەگەری و فرەیی سیاسی ڕێکبکەون، ئەمەش دڵنیای دەدات لەوەی کە شەرعیەت تەنها لە سندوقی دەنگدانەوە وەرگیراوە و ڕێگە بە خەڵک دەدات چاودێری و لێپرسینەوە و دوورخستنەوەی بەرپرسان بکەن لە کاتی پێویستدا.
بەڵگەنامەی "بنەماکانی مافی مرۆڤ" چۆن مسۆگەری دادپەروەری گوازراوە و دەستڕاگەیشتن بە مافە تاکەکەسییەکان و پێکەوەییەکانی ژنانی ئێران دەکات، کە لە هەڵاواردن و دەستکاریکردنی سیاسی ژنانی ئێران دەپارێزێت، بە لەبەرچاوگرتنی یاساکانی ئێستای دژە حکومەت و کوشتارەکان کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە؟ کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لەسەر هەڵاواردن لە دژی ژنان لە ڕێگەی سەپاندنی حیجاب و ڕەتکردنەوەی مافەکانی وەک مافی جیابوونەوە و سەرپەرشتیکردنی منداڵ دامەزراوە، لەبەرامبەردا ژنان کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن، لە هەڵمەتی جۆراوجۆر و شێوەی نافەرمانی مەدەنییەوە تا شۆڕشنی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پێشەنگی خەباتدا ماونەتەوە.
بنەمای سەرەکی بەڵگەنامەکە بریتییە لە نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی (لەوانەش دژی ژنان، کەمینە سێکسییەکان، و تاکەکانی LGBTQ+) و مسۆگەریکردنی مافی یەکسان بۆ هەموو خەڵک. ئەم بەڵگەنامەیە ڕۆڵی هەیە لە گۆڕینی فەرهەنگی زاڵدا، باس لە ڕاستی کەم نوێنەرایەتیکردنی ژنان دەکات، سەرەڕای ئاستی بەرزی خوێندنیان، لە پۆستە بەڕێوبەرایەتییەکاندا و بازاڕی کاردا، هەروەها ڕەتکردنەوەی مافە سەرەتاییەکانی لەمێژینە لە کەمینە نەتەوەییەکان، لە کۆتاییدا بەڵگەنامەکە هەوڵدەدات مافی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو تاکەکان لە ئێرانی داهاتوودا بە بێ گوێدانە ڕەگەز، نەتەوەیی دابمەزرێنێت.
لایەنە واژۆکارەکان بەهۆی نەبوونی یەکسانی ڕەگەزی لە بڕیاردان و پۆستەکانی سەرکردایەتیدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی ناوخۆیی دەبنەوە، ئەو هێزانەی کە پێکهاتەکانیان دادپەروەری ڕەگەزییان نییە، چۆن دەتوانن مسۆگەری دامەزراندنی و جێبەجێکردنی ئەم بنەما لەسەر ئاستی نیشتمانی بکەن؟
پارتە سیاسییەکان لە مافی ژنان و تەرخانکردنی بەرپرسیارێتی بۆیان کەمیان کردووە، بەشێک لەم کێشەیە لە پێکهاتە و نەریتی پیاوسالاری کۆمەڵگەی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمڕۆ زۆر گرنگە حزبەکان کاربکەن بۆ گۆڕانکارییەکی کولتووری، چالاکوانانیش پێداگری لەسەر وەرگرتنی ڕۆڵی سەرکردایەتی و کارگێڕی بکەن، لە هەمان کاتدا بانگەشە بۆ سیستەمێک بکەن کە ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندا لە پێشینەی کارەکاندا دابنێت کاتێک بڕوانامە یەکسان بێت.
جگە لە گۆڕانی کولتووری، چاکسازیی پێکهاتەیی و یاسایی زۆر گرنگە، هەروەک چۆن وڵاتانی ئورووپایی ڕێگەیان بۆ بەشداری کاریگەرانەی ژنان خۆش کرد لە ڕێگەی یاساکانی کردەی ئەرێنیێ، وەکوو پشکی ژنان لە دەستەی کۆمپانیا و حکومەتدا، ئێران پێویستی بە یاسای کاراکردنی هاوشێوە هەیە بۆ بەدیهێنانی توانای تەواوی ژنان لە هەموو بوارەکاندا.
بە سەرنجدان بەوەی کە لایەنە واژۆکارەکان بنکەیان لە دەرەوەی وڵات هەیە، بە پێچەوانەی دینامیزمی بەرچاو و بوونی بەهێزی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی ژنان لە ناوخۆی ئێراندا، ئەم واژۆکردنە چ پەیامێک بۆ چالاکوانانی ناوخۆی وڵات دەنێرێت؟ هەنگاوەکانی داهاتووتان چین بۆ بونیادنانی زەمینەی هاوبەش لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە و فراوانکردنی کاریگەرییەکانی ئەم بەڵگەنامەیە؟
یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکە تیشک خرایە سەر ڕێوشوێنی پراکتیکی. گروپێکی بەدواداچوون پێکهێنرا، کە لە نوێنەرانی لایەنە جیاوازەکان پێکهاتبوو، بۆ یەکەمایەتیدان بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردن، بە پلەی یەکەم بەشداریکردنی گروپەکانی تری ئۆپۆزسیۆن و فراوانکردنی پشتیوانی بۆ بەڵگەنامەکە.
ئەو پەیامەی ئەم کۆبوونەوەیە بە کۆمەڵگەی مەدەنی دەگەیەنێت، جەخت لەسەر پێویستی هۆشیارکردنەوە و بەرەوپێشبردنی کولتووری مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، نەزانی ڕێگا بۆ پێشێلکردنی مافەکان خۆش دەکات و هەر بۆیەش دەبێت کولتوورێکی مافی تاک بە دامەزراوەیی بکرێت، هاوشێوەی نموونەکانی وڵاتانی ئەوروپا، جگە لەوەش هەندێک لە ڕێکخراوەکان بەتایبەتی حزبە کوردییەکان پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و تۆڕی ئەندامێتی خۆیان لە ناوخۆی وڵاتدا پاراستووە، هاوکات ئامرازەکانی وەک ئینتەرنێت سنووری جوگرافیای نێوان چالاکوانانی ناوەوە و دەرەوەی ئێرانیان کاڵ کردووەتەوە، ئەم کۆنگتەیە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ وەرگێڕانی بڕگەکانی بەڵگەنامەکە لە تیۆریەوە بۆ پراکتیک و ڕێگە خۆشکردن بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر.