بیار ئەڤرین: سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی گۆڕانکاریی گرنگی لە بواری کۆمەڵایەتی و کولتوریدا دروستکرد.

بیار ئەڤرین ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕایگەیاند کە سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی کۆتایی نەهاتووە و وتی: پڕۆسەیەکی بەردەوامە، ئایندەی بە بەرخۆدان، ڕێکخستنی ژنان و هاوپشتی لە نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەستراوەتەوە.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- لە ئێران چوار ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی تێپەڕی کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتەوە دەستی پێکرد. ئەم بزووتنەوەیە بە خێرایی لە خۆپیشاندانێکەوە دژ بە توندوتیژی لەسەر ژنان، وەرگەڕا بۆ یەکێک لە گرنگترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران. بێگومان، هەندێک لە چالاکوانان و بزووتنەوە سیاسییەکان  هان دەدەن لە شوێنی چوارەمین ساڵیاد دەستەواژەی چوارەمین ساڵی شۆڕش بەکاربهێنن و دەڵێن کە پڕۆسەکە بەردەوامە، خۆپیشاندان و بەرخۆدانی ژنان بە شێوازی جۆراوجۆر نەوەستاوە.

 

لە نێو ئەم چوار ساڵەدا، ژنان بوونە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکان و درێژە بەم بەرخۆدانە لە گەلێک بواردا دەدەن. لە هەمان کاتدا، فشارە ئەمنییەکان، سنووردارکردنە یاساییەکان و سیاسەتەکانی جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەزی بەردەوامن و ئەمەش لە ئێران ڕەوشی ژنان ئاڵۆز و ئاڵۆزتر دەکات. تەنانەت پێشهات و قەیرانە سیاسی و سەربازییەکانی ساڵی ڕابردووش نەیانتوانیوە ئەم فشارە سیستماتیکانە لەناو ببەن.

 

بیار ئەڤرین ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەربارەی ڕەوشی ژنان لە ئێران دوای چوار ساڵ لە سەرهەڵدانی 'ژن ژیان ئازادی'، کە چۆن ئەم بزووتنەوەیە تێڕوانینی ژنانی لەسەر ماف، جەستە، هەڵبژاردن و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانیان گۆڕی، ڕەوشی ئێستای ڕێکخستنی ژنان و کۆمەڵێک لە داواکارییەکان کە بێوەڵام ماونەتەوە، وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

 

 

ئەگەر لە شوێنی هەڵسەنگاندنی چوار ساڵی ڕابردوو، لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانەوە دەست پێ بکەین، ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە تێڕوانینی ژناندا بۆ ماف، جەستە، هەڵبژاردن و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانیان چی گۆڕانکارییەکی دروست کرد؟ بەپێچەوانەی ئەمەوە، کۆمەڵگەی ژنان كۆمەڵێك داواكارییان هەبوو، كامیان بێوەڵام ماونەتەوە؟

 

ئەگەر ئێمە دوای چوار ساڵ لە ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی پێشکەوتنەکانی ئێران ڕەچاو بکەین، بڕوام وایە گرنگە بۆ داهاتوو دیدگایەک هەبێت. بزوتنەوەکە، یان بە شێوازێکی وردتر، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و کولتووریی گرنگی دروستکردووە، یەکێک لەوانەی کە زۆرترین گرنگی پێدراوە، گرنگیدانی ژنانە بە بکەرایەتی، سەربەخۆیی و مافەکانیان بەسەر جەستەی خۆیانەوە. ژنانی ئێرانی تا ڕادەیەکی زۆر ئەو چوارچێوانەی کە حکومت بۆ ڕێگریکردن لە داواکارییەکانیان دروستی کردبوون تێپەڕاندووە و تەنانەت پرسیاریان لەسەر سنووری نێوان بوارە تایبەت و گشتییەکان دروست کردووە. لەم ساڵانەدا گەلێک قاڵبی ڕەگەزی شکێنراون و ئەم پێشکەوتنە دەکرێت وەک جۆرێک لە شۆڕشی دەروونی و کلتووری ئەژمار بکرێت؛ کلتوورێک کە لە مودێلە ڕەسمییەکانی حکومەت دوور دەکەوێتەوە.

 

لەگەڵ ئەمەشدا، سیستەمە یاسایی و دامەزراوەییەکان هێشتا بەردەوامن؛ لە ناڕەخساندنی یەکسانی لە میرات، وەلایەت و سەرپەرشتیکردنی منداڵانەوە بگرە تا نەبوونی بەتارمەتیکردنی بەرفراوانی توندوتیژی دژی ژنان. زیادبوونی ژنکوژیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە توندوتیژی دژی ژنان ناتوانرێت تەنها وەک کێشەیەکی تاكەکەسی یان خێزانی تەماشا بکرێت. ئەم توندوتیژییە بە سیستەمی پیاوسالاری، یاسایی و نەبوونی پاراستنی کاریگەر لەلایەن دەوڵەتەوە بەستراوەتەوە.

 

لەم ڕووەوە، سەرەڕای گۆڕانکارییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، دەبێت سەرنج بخەینە سەر گۆڕانکارییە یاسایی و سیستەمییەکانیش. بەردەوامی ڕێکخستنی ژنان، بەهێزکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی بەرنامەی تایبەت بۆ داكۆكیکردن لە مافەکانی ژنان، دەکرێت بێتە هاوکارێک بۆ ئەوەی گۆڕانکارییە دەروونی و کلتوورییە دروستبووەکان بگۆڕدرێن بۆ گۆڕانکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی بەردەوام.

 

وەک چۆن ئاماژەت پێدا، لە ساڵانی ڕابردوودا جگە لە ژنکوژی و زۆرداری لەسەریان، ژنان لە زیندانەکان، زانکۆکان و بوارە کۆمەڵایەتییەکانی تردا شێوازی نوێی بەرخۆدانیان گەشە پێداوە.

 

 

بە بڕوای ئێوە، ئەم شێوازە نوێیانەی بەرخۆدان لە کەدوو ڕووەوە جیاوازن لە خۆپێشاندانەکانی بزوتنەوەی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە بە تایبەتی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتەوە هاتنە ئاراوە؟ ژنان لە دروستکردن و بەردەوامییدانی ئەم بەرخۆدانانەدا چی ڕۆڵێک دەگێڕن و چۆن دەتوانن ئەمە بگوڕن بۆ هێزێکی بەردەوامتر و ڕێکخراوتر؟

 

یەکێک لە هێزەکانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' ئەوە بوو کە توانی بەرخۆدان وەربگێڕێت بۆ ڕەوانبوون و بڵاوی بکاتەوە و تۆڕێک پێکبهێنێت. ئەمڕۆ ئەم بەرخۆدانە لە شوێنی کار و زانکۆوە تا شەقامەکان، کافێکان تا شێوازی ژیان و شێوازی پۆشاکی ژنان درێژ دەبێتەوە. بەم هۆیەوە، بەرخۆدان ئیتر بە کۆمەڵێک یان شوێنێکی تایبەتەوە سنووردار نییە و چووەتە ناو ژیانی ڕۆژانەوە.

 

ئەم بەرفراوانی و هەمەڕەنگییە، لە سەما و موزیکەوە بگرە تا نمایش و چالاکییە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان، سەرکوتکردنی بەرخۆدانی بۆ حکومەت سەختتر کردووە. بێگومان فشارەکان بەردەوامن، بەڵام شێوازی بەرخۆدانیش بەپێی مەرج و بارودۆخەکان گۆڕاوە و بڵاوبووەتەوە بۆ بوارە بچووک و ڕۆژانەییەکان.

 

لە هەمان کاتدا، زیندانیش بووەتە بوارێکی گرنگی بەرخۆدان. بە تایبەتی زیندانییانی سیاسیی ژن بە دەرکردنی بەیاننامە، بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، ڕەنجدەران و مامۆستایان و گەیاندنی پەیامەکانیان بۆ جیهانی دەرەوە، ڕۆڵێکی گرنگتریان گرتووەتە ئەستۆ. ئەوان دەتوانن ڕۆڵ بپێشن لە خولقاندنی کلتووری بەرخۆدان و بەردەوامیدان بە پەیوەندیی نێوان زیندان و جیهانی دەرەوە.

 

بە زیابوونی سزاکانی سێدارەدان و فشارەکان، ئەمە چی کاریگەرییەکی دروست کردووە لەسەر بزوتنەوەی ژنان و توانای ئەوان بۆ ڕێکخستن و بەرخۆدان؟ ئایا ژنان توانیویانە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم بارودۆخانە ڕێگەی نوێ بدۆزنەوە بۆ بەردەوامیدان بە تێکۆشان؟

 

 

حکومەتی ئێران بۆ دروستکردنی ترس و بەرزکردنەوەی باجی ئەکتیڤیزم، هەمیشە فشار و توندوتیژی لەسەر ژنان بەکار هێناوە. ئەم ڕێبازە بەر لە 'ژن، ژیان، ئازادی'یش هەبوو، بەڵام لە کرداردا، هەرچەندە فشار و توندوتیژی زیادی کردبێت، کلتووری بەرخۆدانیش گەشەی سەندووە. ڕەنگە ئەم بەرخۆدانە بە شێوازی جیاواز ئەنجام درابێت، بەڵام بە مانای پاشەکشەکردن ناهێت.

 

ئەمڕۆ ژنان زیاتر لە هەر کاتێک ڕوو لە تۆڕە خۆجێییەکان، هاوکاریی تاكەکەسی و شێوازەکانی هاوکاریی ناڕێکخراو (ناپێکهاتەیی) دەکەن. ئەم تۆڕانە ژنان لەگەڵ ڕەنجدەران، مامۆستایان، خانەنشینان و قوتابیاندا کۆ دەکەنەوە، وە ئەگەر ڕێک بخرێن و بەهێز بکرێن، دەتوانن لە دژی سیستەمی دەسەڵاتداری ببنە هێزێکی گرنگ.

 

بە بڕوای من، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان تەنها گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتداری نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا خولقاندنی ئەلتەرناتیڤ و پەیوەندیی نوێیە. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە تەماشا بکرێت، تۆڕەکانی هاوکاری و ئەزموونە ڕێکخراوەییە نوێیەکان دەتوانن ببنە بەشێک لە پرۆسەی دروستکردنی ئەم ئەلتەرناتیڤانە. لەبەر ئەمە،فشارە بەردەوامەکان رێگەیان نەدا بەرخۆدان ڕابگرن و بۆ حکومەتیش سەرکوتکردنی بڵاوبوونەوە و ڕەوانبوونی بەرخۆدانەکەی سەختتر کردووە.

 

کاتێک ئێوە خاڵەکانی سەر سروشتی کۆمەڵایەتی، تۆڕی ئەم بزوتنەوەیە و شێوازە گۆڕاوەکانی بەرخۆدانی ژنان دەخەنە ڕوو، داهاتووی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ئێراندا چۆن دەبینن؟ بە بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ئامادەکان وفشارە بەردەوامەکان، چاوەڕوانییەکانتان بۆ بەردەوامی و پێشکەوتنی ئەم بزوتنەوەیە چییە؟

 

بە تێڕوانینی من، 'ژن، ژیان، ئازادی' بزوتنەوەیەکی مێژوویی و بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ سیستەمە تۆتالیتار و نەریتگەراکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لەبەر ئەمە، داهاتووی ئەم بزوتنەوەیە نادۆزرێتەوە لە کورتکردنەوەی بە هیوای سەرکەوتنێکی دەستبەجێ؛ بەپێچەوانەی ئەمەوە دەبێت بەردەوامیی تێکۆشان و بەرفراوانکردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی دیاریکەر بپێشێت.

 

ئەمڕۆ 'ژن، ژیان، ئازادی' و شۆڕش لە ئێراندا، بۆ گەلێک بزوتنەوەی ڕزگاریخواز بوونەتە خاڵی دەستپێک. بۆ بەردەوامیدان بەم ڕێگەیە، ڕێکخستنی سەربەخۆ و بەردەوامی ژنان دەبێت ببەسترێتەوە بە بزوتنەوەکانی مامۆستایان، قوتابیان، ڕەنجدەران، ژینگەپارێزان و داواکارییە مەدەنییەکانی ترەوە. بەهێزکردنی ڕێکخراو، کۆمیتە و تۆڕەکانی هاوکاری دەتوانێت بێتە هاوکارێک بۆ ئەوەی ئەلتەرناتیڤە کۆمەڵایەتییەکان و وێنەی کۆمەڵگەی داهاتووی ئێران شێوە بگرێت.

 

چالاکیی تاکەکەسی بە تەنها لە بەرامبەر ئاستی فشارەکاندا بەس نییە و داهاتووی ئەم شۆڕشە بە شێوەیەکی سەرەکی بەستراوەتەوە بە هاوکاری، هۆشیاری و یەکێتیی بزوتنەوە جیاوازەکانەوە. ئەگەر کۆمەڵگە بکارێت بەرخۆدان بەکارهێنانی ئەزموون و تواناکان کە بە 'ژن، ژیان، ئازادی' دروست بوون بەرفراوانتر بکات، تێکۆشان بۆ دروستکردنی ئێرانی ئازاد و دیموکراتیک بەردەوام دەبێت.