یەمەن... داڕمانی دراو ئازارەکانی ژنان و منداڵان زیاد دەکات

یەمەن بەدەست دۆخێکی سەختی ژیان و مرۆیی دەناڵێنێت کە بەهۆی داڕمانی ڕێژەی دراوەوە زیاد دەکات، ئەمەش زۆربەی خەڵک بەرەو هەژاری و نەبوونی ئاسایشی خۆراک پاڵدەنێت.

ڕانیا عەبدوڵا

 

یەمەن- بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان کە هاوشانە لەگەڵ داڕمانی دراوی ناوخۆیی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، ژنان لە یەمەن ناچارن کەمتر لە نیوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی خێزانەکانیان بکڕن.

 

بەهۆی داڕمانی دراوی یەمەنی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، بۆ زۆرێک لە خێزانەکان زەحمەت بووە کە پێداویستییەکانیان دابین بکەن، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و جلوبەرگ و خزمەتگوزارییەکانی تر، زیاتر بارودۆخی ژیانی خەڵکەکەی خراپتر کرد، بەتایبەتی ئەو ژنانەی بژێوی خێزانەکانیان و منداڵەکانیان دابین دەکەن.

 

ئەحلام ناجی، کە وەک سکرتێر لە دامەزراوەیەکی گەشەپێدان لە شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کار دەکات، کاریگەرییە نەرێنییەکانی داڕمانی دراوی لە وڵاتەکەی دەربڕیو وتی: ناتوانم پێداویستییە بنەڕەتییەکانی منداڵەکانم دابین بکەم، بەهۆی نرخی بەرزی کەرەستەکان.

 

ئەحلام لەساڵی ٢٠١٧ەوە لەدوای گیان لەدەستدانی هاوژینەکەی وەک سکرتێر کار دەکات ئەوەی خستە سەر خۆی بۆ ئەوەی پاڵپشتی منداڵەکانی بکات و وتی: بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بەهۆی بەرزی نرخ و کەمی موچەوە، پێویستم بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار ڕیالی یەمەنی هەیە، یان ٣٠٠ دۆلار، بۆ کڕینی جلوبەرگ و پێویستی جەژن بۆ منداڵەکانم، لە کاتێکدا مووچەکەم لە ١٠٠ هەزار  ڕیاڵ زیاتر نییە، یانی ٦٠ دۆلار، مووچەکەم و ئەوەی لە کارەکەم وەری دەگرم لە دروستکردنی پیشەی خوری بەس نییە بۆ دابینکردنی خۆراک بۆیان، لە پشووەکان و کاتی قوتابخانەکان ناتوانم هەموو پێداویستییەکانیان دابین بکەم، بۆیە دەبێت هەندێک پارە لە خزم و هاوڕێکانم قەرز بکەم.

 

چالاکوانان یارمەتی خێزانەکان دەدەن

بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خێزانەکان لە شاری تەعز، زۆرێک لە چالاکوانان لە نێو دەستپێشخەرییەکی بەکۆمەڵ یان تاکەکەسیدا کاردەکەن بۆ دابینکردنی هەندێک لە پێداویستییەکانی منداڵانی خێزانە هەژارەکان، لەوانە عەلا سەقاف، چالاکوانی کۆمەڵایەتی وتی: بەهۆی هەڵئاوسان و داڕمانی دراوەوە نرخەکان بە شێوەیەکی شێتانە بەرزبوونەتەوە هەروەها کرێکارانی یەمەن موچە بە دراوی ناوخۆیی وەردەگرن، لەبەر ئەوەی تێکڕای موچەی کرێکاران لە دامەزراوە حکومییەکاندا نزیکەی ٨٠ هەزارڕیالی یەمەنییە، کە پێش جەنگ هاوتای ٤٠٠ دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ یەکسانە بە کەمتر لە ٥٠دۆلار، بەهای کڕین بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، کە کاریگەری لەسەر توانای ئەو کەسانە کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکانیان، لەم ساڵانەی دواییدا بەرپرسیارێتییەکان زیادیان کردووە و کرێ بە شێوەیەکی شێتانە زیادی کردووە و پێداویستییەکانیش گران بوون.

 

"هەزاران ژن بژێوی و کارەکانیان لەدەستداوە"

سەبارەت بە ئازارەکانی ژنان بەهۆی ئەم قەیرانەوە، وتی: سەدان هەزار ژن و خێزان بەهۆی ناکۆکییەکانەوە بژێوی خۆیان لەدەستداوە یان کارەکانیان لەدەستداوە، لە ئەنجامدا ژنان بارگرانییەکی دوو هێندەیان هەیە و زۆربەیان کار ناکەن یان خوێندنیان تەواو نەکردووە بۆ ئەوەی کار بکەن، جگە لە زەحمەتی بەدەستهێنانی کار و زۆربەی ئەو ژنانەی کە کار دەکەن داهاتێکی سنووردار و نابەردەوام وەردەگرن، لەبەرئەوە زۆربەیان زەحمەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان هەیە.

 

سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکە  بۆ دابینکردنی جلوبەرگ و پێداویستی، عەلا سەقاف وتی: دەستپێشخەرییەکەمان لەلایەن دایکمەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە لە ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەین باری دارایی لەسەر خەڵک کەم بکەینەوە، لە شێوەی دابەشکردنی یارمەتی خۆراک، پارە یان دابینکردنی هەندێک پێداویستی جلوبەرگ بۆ منداڵان.