"سەربەخۆیی دارایی پێویستییەکی هزرییە بۆ ژنان"

فرانک م.، چالاکوانی مافی ژنان دەڵێت: سەربەخۆیی دارایی تەنها بە واتای لایەنی دارایی نییە، بەڵکو سەربەخۆیی هزریی ژنانیش دەگەیەنێت، هەروەها ژنان لەژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی پیاوان دەردەهێنن و سەربەخۆیان دەکەن.

هاوژین شێخی

 

دیواندرە- واتای سەربەخۆیی دارایی بۆ ژنان ئەوەیە کە کۆنترۆڵی دارایی خۆیان دەکەن، ئەمەش دەتوانێت لە پێویستی بە پشتیوانی کەسانی دیکە دووریان بخاتەوە و بتوانن خەونەکانیان بەدیبهێنن، پێویستی سەربەخۆیی دارایی بۆ ژنان یەکێکە لە هەنگاوە یەکەمەکانی خۆشگوزەرانی و بەهێزکردنی ژنان، لە کۆمەڵگەی نەریتی و پیاوسالاریدا سیستمەکە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە ژنان هەمیشە ملکەچ و ژێردەستی پیاو بن و ئەو ژنانەی کە لەسەر پێی خۆیان کار دەکەن و سەربەخۆیی داراییان هەیە، پێگە بە هێزە دەسەڵاتدارییەکەی پیاوان لاواز دەکەن.

 

"سەربەخۆیی دارایی ژنان دەبێتە هۆی سەربەخۆیی هزری"

فرانک م.، چالاکوانی مافی ژنان، باسی سەربەخۆیی دارایی ژنانی کرد و وتی: سەربەخۆیی دارایی شتێکە کە پێویستە هەموو کەسێک بەدەستی بهێنێت و هی پیاو و ژن نییە، بەڵام بەڕای من سەربەخۆیی دارایی بۆ ژنان گرنگترە، چونکە هەر لە کۆنەوە ژنان هەمیشە خۆیان بە وابەستەی پیاوان دەزانی چونکە ئابووری سەربەخۆیان نەبوو، بە ڕای من لەگەڵ سەربەخۆیی دارایی پێویست ناکات پشت بە هاوکاری دارایی کەسانی دەوروبەرت و حکومەت یان قەرز و هاوشێوەکانی ببەستیت، سەربەخۆیی دارایی تەنیا بە واتای لایەنی دارایی نییە، بەڵکو سەربەخۆیی هزریی ژنانیش دەگەیەنێت و ژن لە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی پیاوان دەردەهێنێت و سەربەخۆ و بەهێزی دەکات.

 

"بەبێ سەربەخۆیی دارایی، گەیشتن بە خەونەکانیان قورسترە"

فرانک م. لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار بڕیارمدا سەربەخۆ بم و لە ڕووی داراییەوە پشت بە کەس نەبەستم، ڕووبەڕووی دژایەتییەکی زۆر بوومەوە لەلایەن خێزانەکەمەوە، چونکە منداڵێکم هەبوو و ئەمە گەورەترین بیانوو بوو بۆ ئەوەی هێشتا لە ژوورەوە بمێنمەوە و کار نەکەم، بەڵام ئازایانە لەسەر بڕیارەکەم وەستام و فرۆشگای جلوبەرگم کردەوە و تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری داهاتی خێزانەکەم دابین دەکەم، زۆر دڵخۆشم کە وەک ژنێک لە کۆمەڵگەیەکی بچووکی وەک دیواندەرەدا توانیم دژی زۆرێک لە نۆرمەکانی پیاوسالاری خەبات بکەم، بەو بەڕێوەبردنی داراییەی کە دۆزیمەتەوە، بووم بە ژنێکی زۆر بەهێزتر، ئێمە هێشتا لە سەدەی نوێدا بە بەرهەمێکی لاوەکی ئەم بیرکردنەوە کۆنەپارێزانە گیرمان خواردووە، کە دەڵێن "پیاوەکان پارە بەڕێوە دەبەن"، چەندین نەوەیە زۆرێک لە ژنان بۆ ژیانی خۆیان و بڕیاردانی دارایی پشتیان بە باوک و مێرد و پیاوی دیکە بەستووە، تەنانەت برا و منداڵیش، خۆشبەختانە ئەم بیرکردنەوە لە گۆڕاندایە، ئەمڕۆ زۆرێک لە ژنان دەزانن کە دەبێ لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ بن، چونکە بەبێ ئەو، گەیشتن بە خەونەکانیان قورسترە.

 

"سەربەخۆیی دارایی ژنان بابەتێکە هەمیشە پشتگوێ خراوە"

فرانک.م لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: سەربەخۆیی دارایی ژنان بابەتێکە کە هەمیشە پشتگوێخراوە، تەواوی مێژوو پڕە لەو پیاوانەی کە هەمیشە ژنیان بە ژێردەستەی خۆیان زانیوە، بەڵام ژنانیش هەبوون کە زۆر ئازا و بەهێز بوون و توانیویانە ببنە خاوەنکارێکی نموونەیی هەم بۆ خۆیان و چ بۆ ژنانی دیکە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو ڕۆڵانەیە کە بۆ ژنان پێناسەیان کردووە، وەک ئەوەی ژن لەگەڵیان لەدایک بووبێت، لە کاتێکدا کاتی ئەوە هاتووە ئێمەی ژنان دژی هەموو چەشنە ڕەگەزییە کۆنەپەرستانەکان بجەنگین، ئەو ڕۆژانە ڕۆیشتن کە ژنان هەموو شتێکیان لەناو چوار دیواری ماڵەکەدا دەبینی، ئێستا ژنان دەیانەوێت بە ئامانجەکانیان بگەن و داهاتووی خۆیان بنیاد بنێن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فرانک م. ئاماژە بە کێشەکانی ژنان لە بازاڕی کاردا کرد و وتی: ئاستەنگەکان زۆرن و سنووردارکردن ڕێگری لە پێشکەوتن و پلە بەرزکردنەوەی ژنان دەکات، لەوانە نایەکسانی ڕەگەزی، جیاکاری لە شوێنی کار، جیاکاری لە مووچە و چەندین بابەتی تر، زۆرێک لە ژنان بەشێکی زۆری ژیانیان بە پەروەردەکردنی منداڵ و گرنگیدان بە کاروباری ماڵەوە بەسەر دەبەن، بۆیە کاتیان کەمترە بۆ کارکردن و پەیداکردنی پارە، تەنانەت هەندێک لە ژنان بەرپرسیارن لە چاودێریکردنی بەساڵاچووانی ناو خێزانەکەش، ئەمە یەکەم نایەکسانی و جیاکارییە لە کاتی چوونە ناو هێزی کاردا و لە ئەنجامدا زۆرێک لە ژنان ناتوانن بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پشت بەو داهاتە ببەستن کە لە کارەکانیان بەدەستی دەهێنن وەک پیاوان، هەر بۆیە پێویستە ژنان زیاتر گرنگی بە پاشەکەوتکردن و وەبەرهێنان و پلاندانان بدەن بۆ دابینکردنی ئەو پارەیەی کە پێویستیانە بۆ سەربەخۆیی دارایی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی خۆیان.