تا و دەرزی، پرۆژەیەک لە نێوان داهێنان و پێویستی

لە سەردەمێکدا کە کۆچ و کەمی دەرفەتەکان لە پێشە، پڕۆژەی "تا و دەرزی" هاتە ئاراوە، ئەم پرۆژەیە کە داهێنان و پێویستی تێکەڵ دەکات، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی زستانی سەخت لەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکانی غەززە داڕێژراوە.

نەغەم کەراجە

 

غەززە- بیرۆکە و داهێنان لە قەیرانەکاندا سەرهەڵدەدەن، کاتێک پێویستی و داهێنان یەکدەگرنەوە، دۆخێکی سەخت دەتوانێت ببێتە هاندەرێک بۆ داهێنان، بیرۆکەی پڕۆژەیەکی جیاواز لە جیهانی کۆچ و سەختییەکانی زستانەوە سەریهەڵدا. پڕۆژەیەک کە هەوڵ دەدات بچوکترین شتەکان بە شێوەیەکی ناتەقلیدی بۆ کۆچبەرانی غەززە دابین بکات. ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی سەرچاوەی دیار و بارگەی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت، باسی پرۆژەی "تا و دەرزی" دەکەین.

 

تا ئەو کاتەی کارێکی دۆزیەوە، خەونەکەی بەدیهێنا

لە ساڵی ٢٠١٦ کە بێکاری وەک کابوسێک دوای خەیاڵەکانی دەرچووانی زانکۆی غەززە بوو، ندا عەتا کە بڕوانامەیەکی بە پلەیەکی باش بەدەستهێنا بوو، وەک مەشخەڵی هیوا و هێزی گۆڕانکاری سەریهەڵدا، تووشی سەختییەکی زۆر ببوو، تا ئەو کاتەی کارێکی دۆزیەوە کە خەونەکەی هێنایە دی، وتی: بەهیوای ئەوە بووم کارێک بدۆزمەوە کە دەرگاکان بۆ داهاتوو بکاتەوە، بەڵام ئامادە نەبووم چاوەڕێ بکەم، بڕیارمدا ڕێگای خۆم بکێشم، بیرۆکەیەکم دەست پێکرد، ئەوەش  خۆشەویستیم بۆ شیرینی بوو، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە خولیاکەم کردە پڕۆژەیەک لە ماڵەوە، من یەکێک بووم لە یەکەم ژنەکان کە لە باکووری غەززە دەستم بە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە کرد، لە سەرەتای پڕۆژەکەمدا ڕووبەڕووی هەندێک کێشە بوومەوە، چونکە لەو سەردەمەدا کاری ئینتەرنێت نەبوو بەتایبەت لە بواری خواردن و ئەمەش شتێکی نوێ بوو، ڕێگاکە ئاسان نەبوو، بەڵام بڕیارمدا خەونەکەم بەدیبهێنم و هەر هەنگاوێک بەرەو پێشەوەی دەبردم.

 

"شانازیم بە سەربەخۆیی ئابووری ژنانەوە دەکرد"

دوای دوو ساڵ ندا ڕووی کردە پرۆسەیەکی نوێ و کاریگەرتر، دەستیکرد بە یارمەتیدانی ژنانی تر لە دامەزراندنی پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان، بە ڕێگەی پەروەردە لەسەر چێشت لێنان تواندرا زۆرێک لە ژنان لە بواری ئابووریدا بەهێز بکرێن، ندا عەتا وتی: زۆر شاناز بووم کاتێک بینیم ژنان سەرکەوتوون و سەربەخۆیی ئابووری خۆیان بەدەستدەهێنن، ئەمە گەورەترین پاداشت بوو بۆ من.

 

خولی پەروەردەی جیاوازی ڕێکخست

دەستکەوتەکانی ندا یەک لە دوای یەک هاتنە ئاراوە، بەشداری لە پێشانگای جۆراوجۆر و پێشبڕکێی چێشتلێنانی کردووە، لەو کاتەدا کەلێنێکی گەورەی لە بازاڕی ناوخۆییدا پڕکردەوە، خۆشەویستی بۆ کار وایلێکرد ببێتە ئەندامێکی چالاک لە دامەزراوە ئابوورییەکان، پەیوەندی بە ژووری بازرگانی و دەستەی ژنانی کرێکار و سەندیکای کارگەکانی خۆراک و کشتوکاڵەوە کردووە، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی دژی غەززە، زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، ندا ڕووبەڕووی ڕاستییەکی سەخت بووەوە، لەبەر داخستنی دەروازەکان، هیچ کەرەستەیەکی سەرەتایی نەمابوو، ئەمە لە کاتێکدایە کۆچێکی بەکۆمەڵیش هەبوو، لەم دۆخە ترسناکەدا ندا جارێکی دیکە بڕیاری هاوکاری دا.

 

کێشەی کارەباو نەبوونی ئامێر هەبوو

ندا بە پڕۆژەی ''تا و دەرزی" جلوبەرگی زستانە و پەتۆی دروست دەکرد، بەڵام ندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەوە، لە بڕینی کارەباوە تا بەردەستنەبوونی ئامێری دروومان، بۆیە ناچار دەبێت ڕێگاکانی تر بەکاربهێنێت کە کات و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و وتی: سەرەتا زۆر قورس بوو، ناچار بووم چەند مانگێک کاربکەم بەبێ کارەبا و کەرەستە، بەڵام هیچ بژاردەیەکم نەبوو، لە لایەکی ترەوە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان نرخی بەتانی زۆر گران بوو، بەهۆی ئەوەوە سەختییەکانیشی زیاتر دەکرد، سەرەڕای ئەوەش، بێ ماندووبوون بەردەوام بووم لە کارەکانم.

 

"هیوام لە چاوی ئەو منداڵانەدا بینی"

لە تەنیشت پڕۆژە بچووکەکەیەوە، ندا عەتا دەستپێشخەرییەکی مرۆیی جیاوازیشی دەستپێکرد. داوای لە کۆچبەران کرد بەتانیەکانیان بە پارەیەکی کەمەوە بهێنن بۆ ئەوەی جلیان لەبەر بکەن و خزمەت بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بکەن. ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن زۆرێک لە هاوڵاتیانەوە پێشوازی لێکرا و ئازاری زۆرێک لە کۆچبەرانی کەمکردەوە. ندا هەستی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: "هیوام لە چاوی ئەو منداڵانەدا بینی. ئەو ساتانە لە سەرکەوتن گەورەترە. ئەمە کردەوەیەکی مرۆیی بوو".

 

''ژن دەتوانن لە نەبوون، بوون دروست بکەن"

ندا عەتا پێی وایە ژنان دەتوانن لە نەبوون، بوون دروست بکەن. تەنانەت ئەگەر دۆخەکە زۆر سەختیش بێت. لە پڕۆژەی "تا و دەرزی" ئامانجی تەنها پارە پەیداکردن نەبوو، ئەو ویستویەتی ژمارەیەکی باش لە ژنان کار بکەن. لە ڕێگەی پڕۆژەکەیەوە هەلی کاری بۆ ژنانی غەززە ڕەخساند، لە ڕووی ئابوورییەوە هەوڵی بەهێزکردنی ئەوانی دا. ندا عەتا دەڵێت: ژنانی ئێرە دەتوانن بەرخۆدان بەکەن، من تەنها یارمەتیان دەدەم بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان. من لەم بارودۆخە دا قەیرانەکانم نەبینی، دەرفەتەکانم بینی".

 

نەک تەنها دروستکردنی جلوبەرگ، نامەیەکیشە بۆ هەموو ژنێک

پرۆژەی "تا و دەرزی" گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی لە ژیانی زۆرێک لە ژناندا هێنایە ئاراوە، ژنان داهاتێکی کەمیان بۆ خێزانەکانیان دابین کرد، هەروەها یارمەتی منداڵەکانی دا کە بەرەنگاری سەرمای زستان ببنەوە، وتیشی: ئەمە تەنها جلوبەرگ نییە کە لە بەتانی دروست دەکرێت، بەڵکو نامەیەک بۆ هەموو ژنێکە، کە دەتوانێت جیاوازی دروست بکات.