لە ڕێگای کارە دەستییەکانیانەوە گەلانی تر ئاشنای کولتوورەکەیان دەکەن

هونەرمەندانی چالاک لە بواری پیشە دەستییەکان سەبارەت لە ڕێگای کارە دەستییەکانیانەوە گەلانی تر ئاشنای کولتوورەکەیان دەکەن.

هەدیە زەنگەنە

 

کرماشان- پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی کرماشان لە پارکی شەهیدی ئەم شارە، لەم هەفتەیەدا میوانداری هونەرمەندان و بەرهەمهێنەرانی کاری دەستی لە هەموو ئێرانەوە کرد، لەم شوێنەدا پێشانگایەک بە ناوی "چواردەیەمین پێشانگای نیشتمانیی کاری دەستی و هونەرە نەریتییەکانی کرماشان" بە نزیکەی ٢٠٠ کۆشکەوە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکرد و لە ١ی تشتینی دووەم کۆتایی هات، لەم پێشانگایەدا کە لە کاتژمێر ١:٠٠ دوای نیوەڕۆ بۆ ٩:٠٠ شەو کراوەبوو بۆ ئارەزوومەندان، زیاتر لە ٨٠%ی هونەرمەندان و خاوەن کۆشکەکان ژن بوون و ژنان ئامادەیی بەرچاویان لە بواری هونەر و پیشەسازیدا هەبوو.

 

 

هونەرمەندانی بەرهەمهێنەری ئامادەی ئەم پێشانگایە لە ٢٥ پارێزگاوە بە بەرهەمەکانیان لە بواری هونەرو پیشەسازی بەشداریان لەم پێشانگایە کردبوو، لە پەراوێزی ئەم پێشانگایەدا گفتوگۆیەکمان لەگەڵ دوو ژنە هونەرمەند و خاوەنکار کە کۆشکیان هەیە کرد.

 

ڕەخساندنی ٤٠٠ هەلی کار بۆ ژنان

کولسووم عامری، خەڵکی شاری نۆدشەی هەورامان لەگەڵ خۆی و بەرهەمەکانی دیکەی ژنانی هاوکاری بەشداری ئەم پێشانگایە کردووە و بەم شێوەیە خۆی و کۆمپانیاکە و کارەکەی ناساند: من بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هاوبەشی دروستکەرانی ٤٩٩٦ی کازیوەم، وەک ژنێکی بەتوانا لە بواری کاری دەستیدا، نزیکەی ١٥ ساڵە خەریکی هونەر و کڵاش دروستکردنم، ئێستا لەگەڵ دروستکردنی هەلی کار بۆ نزیکەی٤٠٠ ژنی خۆبژێوی کە داهاتیان کەمە، کارەکانمان گەیشتووەتە ئاستی هەناردەکردن، لە شاری پاوەش بە هەناردەکردن بۆ عێراق لە ژێر مارکەی کازیوە کاردەکەین.

 

سفر بۆ سەد کاری ژنان

ناوبراو سەبارەت بەڕۆڵی ژنان لەم هونەر و پیشەیەدا وتی: گیڤە بە ناوی کوردی "کڵاش" تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵە لە ناوچەی هەورامان و بە تایبەتی لە "نۆدشە" و "هەجیج" بۆ یەکەمجارە بە دەستی ژنانی هەورامی بە تەواوی دروست دەکرێت، کڵاش چنین لە سفرەوە بۆ سەد، کاری ژنانە، پێشتر پیاوان بنیک ڵاشیان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا ژنانی دیکەی هەورامان گەیشتوونەتە ئاستێک کە خۆیان بنەکانیش دروست دەکەن و بەرهەمەکە لە سفرەوە بۆسەد خۆیان ئەنجامی دەدەن.

 

"ئەم پیشەسازیانە میراسی کولتووری ئێمەن"

هەروەها فاتمە کۆهرازی خەڵکی بەلوچستان، زیاتر لە هەزارو ٥٠٠ کیلۆمەتری تێپەڕندووە بۆگەیستن بە کرماشان و بەشداری لەم پێشانگایەدا کردووە، سەبارەت بەڕۆڵی پیشە دەستییەکان لە ناسینی گەل و پێکهاتە و کولتوورە جیاوازەکاندا، وتی: ئێمە  لە سیستان و بەلوچستانەوە هاتووین و پێموایە سەرجەم پیشەکارانی هەر ٣١ پارێزگای وڵات ئامادە دەبن، کاتێک بەشداری پێشانگاکانی وەک ئەمانە دەکەم، کاری دەستی دەناسم کە تەنانەت نەمدەزانی بوونیان هەیە، بۆ نموونە نەمدەزانی لەڕەشت جۆرێک دەرزیمان هەیە بە ناوی "ڕەشتی دروون" پێم وابوو دەرزی کاری تایبەتە بە پارێزگاکەمان، بەڵام لێرەدا زانیم کەچەند جۆرێک دەرزی کاری لە وڵاتدا هەیە، ئەم پیشەسازیانە جۆرێکن لە میراسی کولتووری بۆ ئێمە، وەک چۆن تەمەنی دەرزییەکانمان هەزاران ساڵە، لێرەدا ئاشنای هەندێک پیشەسازی  بووم تەمەنیان هەزاران ساڵە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراوەتەوە، وەک ئەم دەرزییەی ئێمە کە لە دایکانمانەوە بۆئێمە گوازراوەتەوە و تا ئێستا بەردەوام بووە و بە هەمان شێوە پارێزراوە.

 

بینینی کاری دەستی سیستان و بەلوچستان

هەروەها ئاماژەی بەیەکێک لە سەختی و بێبەشەکانی بەلوچستان کرد، کە دوورییەکەیەتی و وتی: بوونی ئەم جۆرە پێشانگایانە زۆر سوودی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پارێزگاکەمان دەکەوێتە بەشێکی زۆر دووری وڵات و خەڵک بە ئاستەنگ دەتوانن گەشت بکەن بۆ ئەوێ، لەم جۆرە پێشانگایانەدا لانیکەم دەتوانن کاری دەستی پارێزگاکەمان لە نزیکەوە ببینن.

 

"لە بەلوچستان شێوازی دوورینی جیاوازمان هەیە"

لە کۆتاییدا داوامان لێکرد باسی ئەو جلە بەلوچییەی کە لەبەریەتی و بەرهەمە هونەریەکانی دیکە بکات وتی: ئەو جلەی ئێستا لەبەری دەکەم مۆدێلێکی جلوبەرگی بەلوچستانە، لە بەلوچستان چەندین شێوازی دوورینی  جیاوازمان هەیە، ئەم دوورینە و ئەو ستایلەی کە لەبەرم کردووە پێی دەوترێت "فانۆجی"، دوورینەکانی تریشمان هەیە کە زۆر گشتگیرترن، وەک ئەم شاڵە (ئاماژە بەیەکێک لە بەرهەمەکان دەکات) کە پێی دەوترێت "پەلیڤار"، ئەو جلوبەرگانەی بەم شێووازە دەدوورین لەسەر خودی قوماشەکە دەیدوورین، بەڵام ئەم دوورینەکەی تر کەمن لەبەرم کردووە، لەسەر پارچەیەکی جیا دەیدوورین و دواتر بە پارچەیەکی ڕەنگاوڕەنگەوە دەبەسترێتەوە.