"پاراستنی مافی ژنانی کرێکار ئەرکی هەمووانە"

سەمیرە موهیە، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی مافی ژنان، جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی مافی ژنانی کرێکار لە مەغریب ئەرکی هەمووانە و وتی: ئێستاش ژنانی کرێکار مافی خۆیان نازانن.

حەنان حارت

 

مەغریب- لە سەرەتای دەستپێکردنی بەرنامەی دامەزراندنی ژنانی کرێکاری وەرزی مەغریبی لە کێڵگە ئیسپانییەکان لە ساڵی ٢٠٠٦، پێشکەوتنی یاسایی بەرچاو بەدیهاتووە، گرنگترین شت ئەوە بوو کە هاوسەنگییەک لە نێوان ژنانی کرێکاری مەغریبی و ئیسپانیا دامەزرا، سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، هەندێک بەربەست و ئاستەنگی بۆ ژنانی مەغریب ماون، لەوانە پابەندنەبوون بە کاتی کارکردن، کێشەی دامەزراندن، هەروەها ئەوەی کە ژنانی کرێکار لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستی کاردا بە زمانی ئیسپانی مافی دامەزراندنیان ناناسن.

 

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی ٢٠٢٥، دەسەڵاتە لێهاتووەکانی ئیسپانیا و مەغریب دەستیان بە ئامادەکارییەکانیان کردووە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەبچێت، چونکە نزیکەی چوار هەزار کرێکاری مەغریبی هەڵدەبژێردرێن، بە پێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، زۆرێک لە کرێکارانی ژن بێ ئاگان لە وردەکارییەکانی گرێبەستە دامەزراندنەکانی ئیسپانیا کە واژۆیان کردووە، هەروەها ئەمەش زیانبەرکەوتن لە ڕووی کرێ و کاتی کارکردن و یارمەتییەکان.

 

"فیدراسیۆن بۆ پاراستنی مافی ژنانی کرێکارە"

سەمیرە مۆهیە، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی مافی ژنان ڕایگەیاند، فیدراسیۆنەکە لە ساڵانی ٢٠١٠ەوە بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە مەغریب و ئیسپانیا کار لەسەر پرسی ژنانی کرێکار دەکات، دوایین هەنگاوی فیدراسیۆنەکە کە ئامانجی چاودێریکردنی دۆخی ئێستا بوو، داوای داواکاری بوو لە کانتۆنەکانی باشووری ئیسپانیا بۆ بەڵگەنامەکردنی بارودۆخی کرێکارانی مەغریب، لە هەمانکاتدا نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بە مافی ژنانی کرێکار، ئاستەنگی جددی بۆیان دروست دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو مەرج و ڕێسایانەی کە واژۆ دەکرێن بە زمانی ئیسپانین، زۆرێک لە کرێکارانی ژن مەرج و ڕێسای کارەکانیان نازانن، هەروەها ئەمە گەورەترین کێشەی نەناسینی مافی دامەزراندنیانە، هەروەها ئەمە وادەکات ڕووبەڕووی کاتژمێرە درێژەکانی کارکردن و خراپ بەکارهێنان ببنەوە.

 

"پێویستە ژنان ئاگاداربکرێنەوە و پەروەردە بکرێن"

سەمیرە موهیە لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە دوای ئاشکرابوونی کردەوەکانی دەستدرێژیکردنە سەر کرێکارانی ژن لە مەغریب لە ساڵی ٢٠١٨دا، فیدراسیۆنەکە کارەکانی زیاد کردووە و وتی: لەبەرئەوەی کرێکارانی ژن لە مەغریب ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە، فیدراسیۆنەکە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەم کارانە بەڵگەنامە بکەن و مافی ژنانی کرێکاران بپارێزن، فیدراسیۆنەکە دەیتوانی سەرنجی خەڵک بۆ ئەم پرسە ڕابکێشێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبوو بۆ هێنانەکایەی چاکسازییە یاساییە گرنگەکان پێویستە هۆشداری یاسایی پەرەپێبدرێت، پێویستە ئەوان پەروەردە بکرێن و ڕێکبخرێن سەبارەت بە مافەکان پێش ئەوەی بچنە ئیسپانیا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە مەغریب و ئیسپانیا چاودێری هەموو بارودۆخێکی کرێکارانی ژن بکەن.

 

"پاراستنی ژنانی کرێکار ئەرکی هەمووانە"

سەمیرە موهیە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەت هاوکاری بکات بۆ هاندانی ژنانی کرێکار بۆ دامەزراندنی بازرگانی بچووک یان هەرەوەزی کشتوکاڵی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ مەغریب کە ئەمەش دەبێتە هۆی باشتربوونی دۆخی ئابووری ناوچەکە، هاوکات پێویست ناکات ژنان لە هەلومەرجی سەختدا کار بکەن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ هەژاری و بێبەشی، پاراستنی شکۆی ژنانی کرێکار، ئەرکی هەموو کەسێکە، بەتایبەتی لە ئەستۆی حکومەت و ڕێکخراوە یاساییەکانە.