سەرەڕای نابینایەکەی کاری چنینی کردووەتە سەرچاوەی بژێوی خێزانەکەی

ڕەحمە محەمەد بە هاوکاری ڕەیانی کچی کاری دیزاینی جانتا دەکەن، دەڵێت: ڕاستە کچەکەم وەک ڕۆشنایەک وایە بۆم، بەڵام ئەو کاری چنینەکەم بۆ ناکات تەنها هاوکاریەکیم دەکات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنان لە هەموو کایەکانی ژیاندا دەستڕەنگینی خۆیان نیشان دەدەن، هەمیشە لە خەمی هێشتنەوەی کولتووری نەتەوەکەیاندان، لە هەوڵی لەناوبردنی ئەقڵیەتی پیاوسالاریدان تا پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن، بە تایبەت ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەوڵ بۆ شکاندنی ئەو بەربەستە دەدەن کە دەڵێن کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ئەستەم دەتوانن کارەکانیانی ڕۆژانەیان ئەنجام بدەن، ڕەحمە محەمەد یەکێکە لەو ژنە خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی هەوڵی شکاندنی ئەو بەربەستەی بەردەمیان دەدات.

 

ڕەحمە محەمەد، خاوەن پێداویستی تایبەت، لە ماڵی خۆیدا کاری دەستڕەنگینی دەکات، پەیجەکەی بە ناوی (ڕەیان دیزاین)ە و بە هاوکاری ڕەیانی کچی بە کاری چنین و دەستڕەنگینی بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، کارەکانیان زیاتر دروستکردنی جانتایی دەستی ژنانە بۆ بۆنە و ئاهەنگەکان، سەرەتایی کارکردنیاندا بە کاری بچوک دەست پێدەکەن، بەڵام لە داهاتوودا چاوەڕێی کاری جوانتریان لێ دەکرێت.

 

"نەمدەهێشت لە ڕاپەڕاندنی کارەکانمدا پێویستیم بە کەس هەبێت"

ڕەحمە محەمەد لە ساڵی ١٩٧٤ لە پێنجوێن چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، بە هۆکاری کارەساتی مینەوە لە ساڵی ١٩٨٩دا و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا دەبێتە خاوەن پێداویستی تایبەت و بینایی و دەستێکی لە دەست دەدات، دوای ئەو ڕووداوەی بەسەریدا هاتووە بە هاوکاری دایکی و خێزانەکەی بە شێوازێکی دیکە دەست بە ژیان کردن دەکاتەوە، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٩دا ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت و دەبێتە خاوەنی ٤ منداڵ، لەبەر خراپی بارودۆخ و نەبوونی ئەمنییەت لەو کاتەدا، تا پۆلی ٧ی خوێندووە و پاشان دەچنە شاری نەسر نیشتەجێ دەبن، وەک خۆی دەڵێت: لە سەرەتادا کەمێک بینایم هەبوو، بەڵام لەدوای لەدایکبوونی منداڵی یەکەمم بینایم بۆ هەتا هەتایە لەدەستدا، سەرەڕای ئەوەی پزیشک پێی وتبووم دەبێت نەشتەرگەری لە دەرەوەی عێراق بۆ چاوەکانم بکەم و بینایم لەدەست نەدەم، بەڵام بەهۆی خراپی باروودۆخی دارایمان لەو کاتەدا و خراپی بارودۆخی کوردستان نەمتوانی نەشتەرگەریەکە ئەنجام بدەم، لە بەڕێکردنی کارەکانی ڕۆژانەمدا هاوسەرەکەم کەم هاوکاری دەکردم و نەمدەهێشت لە ڕاپەڕاندنی کارەکانمدا پێویستیم بە کەس هەبێت.

 

هەروەها وتی: دوای لەدەستدانی بینایم لە ساڵی ١٩٩٤دا پەیوەندیم بە یەکێتی نابینایانی کوردستانەوە کرد، ڕێکخراوەکان هاوکار بوون بۆ بەردەوامیمان و پێدانی ورەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، پاشان پەیوەندیم کرد بە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵەوە سەرەتا بەهۆی منداڵەکانمەوە بەشداری کردنەوەی خولەکانی فێربوونم نەدەکرد، بەڵام سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا بەشداری فێربوونی خولەکانی ناو ڕێکخراوەکەم کرد، ئەم کارەی دەیکەم بە هاوکاری ڕێکخراو توانیومە فێرببم و داهاتێکم دەست بکەوێت.

 

"بە هاوکاری کچەکەم و کەسانی چواردەورم توانیم بەردەوام بم و لە کاری چنین نەکشێمەوە"

ڕەحمە محەمەد، ئاماژەی بەوەکرد، ڕەیانی کچی خوێندکارە و هاوکاری دایکی دەکات بۆ بەڕێکردنی کارەکانی ماڵ و دەیبات بۆ ڕێکخراو، پاشان هاوکاری دەکات لە کاری چنین و دیزاینکردنی جانتاکان، دەشڵێت: سەرەتا بۆ فێربوونی قورئان خوێندن سەردانی ڕێکخراوم دەکرد، دوای بڕیاریاندا مامۆستایەک فێرکاری چنینمان پێ‌بڵێت، سەرەتا متمانەم بە خۆم نەبوو بتوانم کاری چنین بکەم، بەڵام بە هاوکاری مامۆستا ئیلهام و ڕەیانی کچم توانیم کاری چنین فێر ببم، بەهۆی ئەوەی هەفتەی یەک ڕۆژ دەچینە خولەکە، لە ماڵەوە خەریکبووم کارەکانی مامۆستام دووبارە دەکردەوە.

 

وتیشی: کەسانی چواردەورم پێیان وتووم "بەهۆی کچەکەیەوە دەتوانێت ئەو کارە بکات و کچەکەی جانتاکان دروست دەکات ئەگەرنا ناتوانیت"، ڕاستە کچەکەم وەک ڕۆشنایەک وایە بۆم، بەڵام بەو شێوازەی خەڵک باسی دەکات و دەڵێن هەمووی کچەکەیەتی نەخێر، ڕەنگەکانم بۆ جیادەکاتەوە و پێم دەڵێت هەڵەکانم کامەیە لە کۆتایشدا بۆم گرێ دەدات و توندی دەکاتەوە.

 

"لە داهاتوودا کارەکەم بەرەوپێش دەبەم، هەوڵ دەدەم ملوانکە و هێلەکیش بچنم"

ڕەحمە محەمەد، ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی دەستێکی و دەمیەوە دەتوانێت کارەکانی بە باشی ئەنجام بدات، چەندین کاری چنینی ئەنجام داوە، وەک جانتا، لفکە و درووینی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی، هەروەها لە ماوەی ڕۆژێکدا کارەکانی ئەنجام دەدات و جانتایەک دروست دەکات، وتیشی: بۆ دروستکردنی جانتاکان بە دەستێکم پەتەکە دەگرم و موورووەکان دەکەمە دەممەوە و بە هاوکاری دەم و دەستێکم هەوڵی چنینیان دەدەم، کاری چنینی لفکەم کردووە و لە کاتی دڕانی جلوبەرگی منداڵەکان خۆم دەرزی پێوە دەکەم و دەی دوورمەوە، ساڵانی پێشوو بۆ کات بەسەربردنی خۆم خەریکی دروستکردنی ملوانکە دەکرد، پاشان هەندێک پێداویستی چنینم کڕی و دەستمکرد بە کارەکانم، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی ڕەنگەکان و دیاری کردنی مۆدێلی پێداویستیەکان لەگەڵ کچەکەم هەڵیان دەبژێرین، بەپیی قەبارەی موورووەکان دەزانم جیایان بکەمەوە.

 

لە کۆتایدا وتیشی: لە داهاتوودا دەمەوێت کاری باشتر و چاکتر ئەنجام بدەم، پەرە بە زیاتکردنی مۆدێلەکانی جانتا بدەم، هەروەها کاری چنینی ملوانکە و دروستکردنی هێلەگ ئەنجام بدەم، هەوڵ بدەم چەندین جوانکاری دیکە دروست بکەم، هەروەها لە بۆنە جیاوازەکاندا وەک نەورۆز و هاتنی جەژن و چەندین بۆنەی دیکە لە ڕێگەی پەیجەکەمانەوە داوامان لێ دەکەن جانتایان بۆ دروست بکەین، ئێمەش بەپێی خواستی خۆیان کارەکانیان بۆ تەواو دەکەین و بۆیان دەنێرین.

 

"ڕۆژانە ڕووبەڕووی قسەی ناخۆش دەبینەوە"

ڕەیان عەزیز، خوێندکاری پۆلی ١١ی ئامادەییە و کچی ڕەحمە محەمەدە، سەرەڕای خوێندنەکەی هاوکاری دایکی دەکات لە کاری چنینی جانتاکانی و لەڕێگەی پەیجەکەیانەوە دەیفرۆشن، باس لەوە دەکات، ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندین قسەی ناخۆش دەبێتەوە لە کۆمەڵگەدا و وتی: زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە هانیان داوم و پشتگیریان کردووم لە بەرەوپێش بردنی کارەکەماندا، بەڵام زۆرێکیش هەبووە ساردیان کردوومەتەوە لە کارەکەم و پێیان وتووم چۆن دەتوانی خوێندن و کاریش بکەیت.

 

لە کۆتاییدا وتی: پەیامم بۆ ژنانی دیکە ئەوەیە بتوانن تواناکانی خۆیان بەرجەستە بکەن، من سەرەتا لەبەر دڵی دایکم کە دەیویست کاری چنین بکات بەردەوامبووم و هاوکاریم دەکرد، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت ئەم بەهرەیەم تێدایە و دەتوانم بەردەوامبم بە کاری باشتر و چاکتر، بۆیە داواکارم ژنان پەرە بە تواناکانیان بدەن.