ژنانی ئاوارەی عەفرین بە کشتوکاڵ و کاری دەستی بژێوی ژیان دابین دەکەن

بارودۆخی خراپی ئابووری ژنانی خەڵکی عەفرینی، کە ئاوارەی کانتۆنی شەهبا بوون، ناچار کردووە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کار بکەن و کاری دەستی بکەنە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- ژنانی عەفرین کە بە زۆر ئاوارە بوون بۆ کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە پیشە و کارە جۆراوجۆرەکان لە ناوەوە و دەرەوەی چادرەکانیان کاردەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان بکەن و بەردەوام بن لە بەرخۆدان بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و داگیرکاریی تورکیا و چەوساندنەوەکانی حکومەتی دیمەشق.

 

ئاوارەبوون گەڕاندییەوە بۆ پیشەکەی خۆی

جەننە شێخۆ، تەمەن ٨٥ ساڵ، لە کەمپی بەرخۆدان دەژی، باس لەوە دەکات کە لە تەمەنی گەنجیدا لە دایکیەوە فێری چنین و کاری دەستی بووە، بەردەوام هەوڵیداوە لە ڕێگەی درووینی پارچە کۆنەکان و کردنی بە پارچەی نوێ، نەخش و بڕینی جیاوازەوە پەرە بەخۆی بدات، دوای ئەوەی هاوسەرگیری کرد، لە کاری درووین بەردوام بوو، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکانیدا دەستی لە پیشەکەی هەڵگرتووە، دەشڵێت: دوای ئەوەی بە زۆر ئاوارە بووین بۆ کانتۆنی شەهبا و لە کەمپ و بارودۆخی سەختی ئابووریدا ژیاین، جارێکی دیکە دەستم کردەوە بە پیشەکەی خۆم، هاتنمان بۆ شەهبا و بەبێ ماڵ و حاڵمان ئاسان نەبوو، ئاوارەبوونەکە زۆر سەخت بوو، بەڵام دەبێت بەردەوام بین لە ژیانمان، چونکە منداڵەکانمان پێویستیان پێیەتی، جارێکی دیکە دەستم بە کاری دروومان کردەوە.

 

جەننە ئاماژەی بەوەشکرد، توانیویەتی ئامێرێکی چنینی دەستی پەیدابکات و لە ڕێگەیەوە کار لەسەر چاککردنەوەی جلوبەرگ و درووینی پارچە جلوبەرگەکان بە دیزاینێکی سادە بکات، دواتر لەلایەن هەموو دانیشتوانی کەمپەکە و کەسانی دەرەوە ناسرا و زۆرێکیان بۆ وردبینی و پیشەیی خۆی چوونە لای کار دەکەن، تا ڕادەیەک توانی خێزانەکەی لە ڕووی داراییەوە بەڕێوەببات و خۆی لە ئاوارەبوون و کاریگەرییە دەروونییەکانی ڕزگار بکات.

 

لە زەوییە کشتوکاڵییاندا کار دەکەن بۆ بژێوی ژیانیان

فاتیمە بەکر، تەمەن ٤٥ ساڵ، باسی لە هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر عەفرین کرد، کە خەڵکەکەی ناچارکرد هەڵبێن و لەگەڵ سەختییەکاندا لە چادردا ژیان بەڕێ بکەن و لەژێر گەمارۆی حکومەتی شامیشدا بن، وتیشی: ماوەی ٤ ساڵە لەناو زەوییە کشتوکاڵییەکانی کانتۆنی شەهبادا کار دەکەم، لە عەفرین پێشتر خاوەنی زەوییەک بووین کە کرێکاران تێیدا کاریان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئاوارەبوونەوە ئەمڕۆ ناچار بووین کار بکەین و بەرامبەر کارەکەمان کرێیەک وەربگرین تا بژێوی ژیانی خۆمان و خێزانەکەمانی پێدابین بکەین.

 

فیدان محەمەد، تەمەنی ٧٠ ساڵە، تووشی چەندین کێشەی تەندروستی دەبێت و ناتوانێت بەپێ بڕوات، باری تەندروستییەکەی بۆ ماندوو بوون گونجاو نییە، بەڵام ئەمە ڕێگری لە کارکردنی نەکردووە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی کاری دەستی دەکات و ڕازاندنەوەی لێوارەکانی شاڵ بە دەنکۆڵەی ڕەنگاوڕەنگ و کارکردن لەسەر چەرم و چەندینی دیکە دەکات.

 

فیدان باسی لەوەکرد، لە عەفرین پێشتر چەندین کەرەستەی دیکۆراتیان بۆ خۆیان دروست دەکرد، بەڵام ئاوارەبوونی زۆرەملێ و ژیان لە کەمپەکان ناچاریان کرد بە دروستکردن و فرۆشتنیان لەم بوارەدا کاربکەن، جەختیشی لەسەر بەردەوامیی خۆیان لە بەرخۆدان و ئازادکردنی عەفرین کردەوە لە داگیرکاری تورکیا.