بازاڕێکی وەرزی لە مهاباد بەڕێوەدەچێت و داهێنەری ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری دەبێتەوە

لە شاری مهاباد، بازاڕێکی وەرزی بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی زستان و شەوی یەڵدا بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا بەشدارییەکی بەرچاوی ژنان نمایشی کاری دەستی و بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەن، ئەمەش سیمایەکی ئەمساڵی بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو پێ دەبەخشێت.

نیان راد

 

مهاباد-لە بازاڕی وەرزیدا کە بەزۆری لە کۆتایی هەموو وەرزێکدا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشیارانی شارە جیاوازەکان و سەرتاسەریڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆدەبنەوە، بەڵام بازاڕی ئەمساڵ بە تایبەتمەندییەکی ناوازە جیاکرایەوە: زۆربەی بەشداربووان خۆیان هاوڵاتیانی ناوچەکە بوون، بەرهەمی خۆیان پێشکەش دەکرد بۆ فرۆشتن، کە ئەمەش سیمایەکی ناوخۆیی زیاتری بە بازاڕەکە بەخشی و پەیوەندییەکی نزیکتری بە کۆمەڵگەوە هەبوو.

 

بازاڕی کاری دەستی لە ٦ی کانوونی یەکەم کرایەوە و تا ٢٥ی کانوونی یەکەم لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەبێت.

 

لەم بازاڕە وەرزییەدا، ڕۆڵی گرنگی ژنان لە بەڕێوەبردنی کۆشکەکان و نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بەرچاوە، کە ئەمەش درێژەدان بە نەریتی ساڵانی پێشووترە، هەروەها پێشکەشکردنەکان لە کاری دەستی و بەرهەمە خۆماڵییەکانەوە دەست پێدەکات، وەک سابونی دەستی، ترشیات، خواردنەوە نەریتیەکان، تا نانی کوردی، ئێکسسوارات، دەرمانی گیایی، بەهارات و چەندین بابەتی دیکە کە ڕەنگدانەوەی لێهاتوویی و داهێنەری ژنانە لە گۆڕینی بازاڕ بۆ شوێنێکی پڕ لە ژیان.

 

هەرچەندە بەهۆی سەختی ئابوورییەوە ژمارەی سەردانکەران و کڕینی ئەم بازاڕە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام هەندێک بەرهەم کڕیاری زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

 

"بەرهەمی سروشتی کە سەردانکەران بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن"

کۆشکی سابونی دەستی بە یەکێک لە دیارترین و سەرنجڕاکێشترین کۆشکی سەردانکەران دادەنرێت، کە لەلایەن مونیرە مەعروفیەوە بەڕێوەدەبرێت، زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئەزموونی لەم بوارەدا هەیە و ئەمساڵ وەک خاوەنکارێکی نمونەویی هەڵبژێردرا.

 

سەبارەت بە بەرهەمەکانی و فرۆشتنی ئەو وتی: لەم بازاڕەدا ٤٦ جۆر سابونی جیاواز پێشکەش دەکەین، کە بۆ چارەسەری گرفتی جیاوازی پێست داڕێژراون، وەک دژە زیپکە و سابونی پێست و دژە ئەکزیما، جگە لە جۆری تایبەت بۆ چارەسەری قژ هەڵوەرین و بەهێزکردنی، هەروەها بەرهەمی تریش بە ئامانجی کێشە جیاوازەکانی پێست.

 

مونیرە مەعروفی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم چەند ڕۆژی ڕابردوودا فرۆشی زۆر نەبووە، بەڵام قبوڵکراوە، بەو پێیەی هێشتا کڕیارانێک هەن کە ئارەزووی بەرهەمەکانمان دەکەن، جوانی و ڕەنگینیی سابونە دەستکردەکان ئەوەندە سەرنجڕاکێشن کە خۆم دەبینمەوە ناچارم چەندین جار ڕوونبیکەمەوە کە ئەم شتانە کێک یان مۆم نین، وەک هەندێک بیری لێدەکەنەوە، بەڵکو سابونێکی سروشتیە بە وردی دروستکراوە.

 

هەندێک لە کۆشکەکان وەک ئەوانەی خواردنی ناوخۆیی یان کەلوپەلی بەکاربەری وەک بەهارات دەفرۆشن، لە هەندێکی تر قەرەباڵغتر دەردەکەون، بەڵام لە کاتێکدا نرخەکان لە بازاڕەکانی دیکە گونجاوترن، ڕەنگە هەندێک لە کڕیاران تەنها بڕێکی سنووردار بکڕن یان تەنانەت بە تەواوی خۆیان لە کڕین بەدوور بگرن.

 

سەرەڕای ئاستەنگەکانی ئێستا، بازاڕی مهاباد وەک چرای هیوایەکە بۆ فرۆشیاران، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە هەوڵدەدەن لەم بازاڕە زستانەدا لێهاتوویی و بەرهەمەکانیان پیشان بدەن، لە هەمان کاتدا دەرفەتێکی بەنرخ بۆ کڕیاران دەڕەخسێنێت، کە ڕێگەیان پێدەدات کاری دەستی و بەرهەمی ناوخۆیی بە نرخێکی گونجاوتر بەدەستبهێنن.