ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە هەژاری هەڵدێن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دوو چەواشەکاری ببنەوە
ئەو ژنانەی کە بۆ کارکردن بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵات کوردستان و ئێران کۆچ دەکەن، سەرەڕای هەوڵدانیان بۆ سەربەخۆیی و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی بنەماڵەکانیان، ڕووبەڕووی فشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و دوو هەڵاواردن دەبنەوە.
سایە موحیبی
ورمێ- ژنان کاتژمێرێکی زۆر دوور لە خێزانەکانیان کاردەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانییان و ناردنی پارە بۆ خێزانەکانیان، کە زۆرجار لەوێ تەنها وەک سەرچاوەیەکی داهات سەیر دەکرێن، لەم نێوەندەدا لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی بڕیارێکی توند دەبنەوە کە شکۆمەندی ئەوان تێکدەدات و بوونیان بۆ چەشنە کۆنەپەرستانە نادادپەروەرەکان کورت دەکاتەوە.
لالە. خ، تەمەن ٣٢ ساڵی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، ڕاستیەکی سەختی ئابووری دەگێڕێتەوە کە ڕووبەڕووی زۆرێک لە ژنان بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە حەوت ساڵ ئەزموونی هەیە لە کاری جوانکاری، لەگەڵ سەدان ژنی دیکەی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە دەرەوەی وڵات کار دەکەن، کە بەردەوام ڕووبەڕووی گەمارۆدانی فشارە کۆمەڵایەتییەکان و ئاڵەنگاری دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەبنەوە، کە ئەم فشارانەش ڕێگاکانی سەقامگیری دادەخەن و ناچاریان دەکەن بچنە ناو بارودۆخێکی سەختەوە کە ڕێگری لە پێشکەوتنیان دەکات.
خراپتربوونی قەیرانە ئابوورییەکان، دیمەنی کۆچکردنی پیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تایبەتی لە نێو ژناندا گۆڕیوە، لە کاتێکدا ئاماری ورد لەسەر قەبارەی ئەم کۆچکردنە لەبەردەستدا نییە، بەڵام زانیارییە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەر زیادبوونێکی ١٪ی ڕێژەی هەژاری دەبێتە هۆی زیادبوونی ٥٪ی کۆچکردنی ژنان، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، هەروەها کۆچکردن بۆ کارکردن بووەتە بژاردەیەکی باو بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە دیارترین ئەو شوێنانەکانیش عێراق و هەرێمی کوردستانە.
هۆکارەکانی وەک هەژاری، نەبوونی هەلی کار، کەمی موچە، ناسەقامگیری ئابووری، پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک جیابوونەوە، لە دیارترین هۆکارەکانن کە ژنان پاڵدەنێن بۆ کۆچکردن بۆ کار، سیما. ک، دانیشتوو و کرێکار لە شاری هەولێر، وتی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەمتوانی ڕۆژانە ١٢کاتژمێر کاربکەم بە موچەی تەنها ٣ بۆ ٤ ملیۆن تمەن و ئەو کارانەشی کە لەبەردەستدا بوون سنووردار بوون بە پۆستەکانی وەک کارکردن لە کۆمپانیای تیپاکس، کاری سکرتێری یان فرۆشتن، هەروەها ئەو کارانەی کە کاتژمێری درێژیان هەبوو لەگەڵ موچەکەدا نەدەگونجا، سەرەڕای دژایەتییەکی توندی بنەماڵەکەم، پێداگریم لەسەر بڕیارەکەم کرد، چونکە منیش بەدوای سەربەخۆی خۆمدا بووم، هاتمە هەرێمی کوردستان و بە سەختی توانیم کار بدۆزمەوە.
"خەباتێکی بەردەوام"
زۆرێک لەو ژنانە ژیانی ڕۆژانەیان وەک ململانێیەکی بەردەوام لە دژی قەدەغەکراوەکان و فشارە کۆمەڵایەتییەکان و تێڕوانینە جیاکارییەکان بەرامبەر بە ژنان دەبینن، ئەوان ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو دەبنەوە، لەوانە دۆزینەوەی هەلی کار و ئاڵەنگاری ڕەوشتی و نادادپەروەری ئابووری لە شوێنی کاردا، بە تایبەت کاتێک کە لایەنێکی پشتیوان یان متمانەپێکراویان نییە، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەیەکی زۆریان لە ئارایشتگاکاندا کاردەکەن.
زۆرێک لەو ژنانە دوای چەندین ساڵ کارکردن لە کارە سەختەکاندا، تێکڕای موچەیان لە ٥٠٠ دۆلار زیاتر نییە، کە بەو بڕە پارەیە دەبێت کرێ خانوو و گواستنەوە و خواردن بدەن، ئەم دۆخەش زۆر کەس ناچار دەکات لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوبەشدا بژین بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان یان لە ژووری بچووکدا لەناو شوێنی کاردا بژین، کە کەمترین خزمەتگوزارییان تێدایە، بۆ ئەوەی پارە پاشەکەوت بکەن یان بژێوی خێزانەکانیان بپارێزن.
سنور. م، سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان، پرۆسەی نوێکردنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون وەک یەکێک لە ئاستەنگە هەرە بەرچاوەکان دەمێنێتەوە، کە لە کەرتی خزمەتگوزاریدا کاردەکات، وتی: ئەم بابەتە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە سەرچاوەیەکی بەردەوامی دڵەڕاوکێ، هەروەها تێچووی ساڵانەی نوێکردنەوە گەیشتووەتە هەزار دۆلار، ئەمەش بارگرانی زیاتری لەسەر کرێکارە کۆچبەرەکان دروستکردووە.
سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەندێک لە ژنانی کۆچبەر بەهۆی لێهاتوویی و ئەزموونەکانیانەوە، توانیویانە لە ماوەی چەندین ساڵدا کاری سەرکەوتوو دابمەزرێن، کە کۆچکردنیان گۆڕیوە بۆ دەرفەتێکی ڕاستەقینەی پێشکەوتنی پیشەیی، بەڵام گەیشتن بەم ئاستە ئاسان نەبوو، چونکە پێویستی بە زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییە بەرچاوەکاندا هەبوو و هەوڵی بەرچاویان هەبوو بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و سەرکەوتن.
زۆرێک لەو ژنانەی کە بە مەبەستی کار گەشت دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئیمارات، تورکیا و وڵاتانی دیکە، ڕووبەڕووی بڕیاری ڕەوشتی ئامادەکراو دەبنەوە کە هەر لە ساتەوەختی گەیشتنیانەوە ناهێڵنن بچنە ناوەوە، تێڕوانینی زاڵ بەرامبەر بە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ژێر کاریگەری بارودۆخی ئابووری ناوچەکەدایە، وا دەکات ئەم ژنانە دووجار لە وڵاتەکەیان و جارێکیش لە وڵاتی مەبەست، بە ناچاری بەردەوام بەرگری لە شکۆمەندی خۆیان بکەن، تووشی چەواشەکاری ببن.
"بەرەنگاربوونەوەی کولتووری پیاوسالاری"
سیما. ک ڕوونیکردەوە، کە بارودۆخی سەختی کارکردن ئەم ڕاستیە خراپتر دەکات، وتی: لە یەکەم کارمدا، بەدرێژایی هەفتە بەبێ ڕۆژێکی پشوو و هەندێکجار تا ١٣ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کارم دەکرد، بە شێوەیەکی ناباوەڕ ماندووکەر بوو، هەندێک لە ژنان بەهۆی سەختی ئابووری و کەمی موچە ناچارن ئەو کارانە قبوڵ بکەن کە نایانەوێت، ئەمەش بەشدارە لە وێنەیەکی نەرێنی و نادادپەروەرانەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دەرەوەی وڵات.
تەنانەت لەگەڵ گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، کە بە هەمان زانینی پێشوەختەی زانیاریەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ژنانەی کە لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن و بە شێوەیەکی جیانەکراوە لە لەشفرۆشەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەک ئەوەی ئەو ئەزموونە سەختە بەس نەبێت، سیما. ک، وتی: ئێمە لە خاڵێکداین کە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، داهاتوویەکی ڕوون لە پێشەوە نابینین.
چیرۆکی سیما.ک چیرۆکی هەزاران ژنە کە لە نەبوونی ژینگەیەکی پارێزراو و دادپەروەرانەدا بە هۆی بارودۆخی سەختەوە ناچار بوون داهاتووی خۆیان بکەنە قوربانی، هاوشێوەی چیرۆکی ئەو ژنە گەنجانە کە زێدی خۆیان بە کۆت و بەندەوە جێهێشتووە بۆ گەڕان بەدوای سەربەخۆیی و ژیانێکی مرۆڤانەتردا، بە هیوای کەمکردنەوەی بارگرانی هەژاری، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی کولتوورێکی پیاوسالاری دەبنەوە کە بەرپرسیارن دەکات لەو هەڵبژاردنانەی کە نەیانکردووە.
ئەم بابەتە داوای سەرنجی راستەقینە دەکات و پرسیارێکی بەرچاو بۆ کۆمەڵگە دروست دەکات، چۆن کۆتایی بەم ڕاستیە بهێنین کە بەردەوامە لە کەمبوونەوەی وزەی ژنان لە هەردوو دیوی سنوور؟.