ژنانی لەک و لوڕی توانیویانە پێگەی خۆیان لە بازاڕ و کۆمەڵگەدا جێگیر بکەن

ژنانی خاوەنکار لە کوێشت باس لە بوونی ژن لە کۆمەڵگە و بازاڕدا دەکەن و دەڵێن: ژنانی لەک و لوڕ توانیویانە لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لە بازاڕ و ئاستی شار و زانکۆکاندا ئامادەییان هەبێت.

ژوان کەرەمی

 

کوێشت- نەرجس دەروێشی یەکێکە لەو ژنە خاوەنکار و چالاکانەی شاری کوێشت، ڕاوێژکاری پێست و قژە، جگە لەوەی لەگەڵ فەهیمە نەعیمی، خاوەنکاردا فرۆشگایەکی جلوبەرگ بەڕێوە دەبات، هاوکات فرۆشگایەکی ئۆنلاینیشی لە بواری پێست و قژدا هەیە و هاوکاری زۆرێک لە ژنانی کردووە تا دەست بە کارکردن بکەن.

 

"تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەلی کارمان بۆ ژنان ڕەخساندووە"

نەرجس دەروێشی سەبارەت بە کارەکەی دەڵێت: من و هاوبەشەکەم دوکانێکی جلوبەرگمان هەیە و زیاتر لە سێ ساڵە بە باشی بەڕێوەی دەبەین و تا ئێستا سەرکەوتنی زۆرمان بەدەستهێناوە و توانیومانە فرۆشگاکەمان وەک کارگەیەکی ئابووری پەرە پێبدەین و سەرەڕای بارودۆخی ئابووریی زۆر خراپی ئێران زۆر بە باشی گەشە بکەین، هەروەها فرۆشگایەکی ئۆنلاینی سەرکەوتوومان هەیە لە بواری پێست و قژدا و توانیومانە چەندین لق لە شارەکانی تر بکەینەوە، هەموو ئەم لقانە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، هەم بەڕێوەبەر و هەم فرۆشیارەکانمان ژنن  و زیاتر لە ٥٠ هەلی کارمان بۆ لەک و لوڕ و ژنانی کورد ڕەخساندووە.

 

"کارێک نییە تەنها پیاوان بتوانن بیکەن"

نەرجس دەروێشی ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی ١٠ ساڵە لە بازاڕی کاردایە و تا ئێستا هیچ کارێکی نەبینیوە کە تەنها پیاوان بتوانن بیکەن و ژنان تواناییان نەبێت، وتیشی: ژمێریاری، پەیوەندییە گشتییەکان، بازاڕکردن، ڕیکلام، مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیاران و دیزاینی فرۆشگاکان ئەو کارامەییانەن کە دەبوو خۆمانی تیادا پێشبخەین و ماوەی چەند ساڵیشە تیایدا بەرەوپێش چووین، تەنانەت باوەڕم بەوەش نییە کە توانای جەستەیی ژن بە شێوەیەکی سروشتی کەمتر بێت لە پیاو، بەڵام ئەگەر جیاوازی هەبێت ئەوە دەرئەنجامی ژینگە و پەروەردەی ئێمەیە، ئێستا زۆرێک لە ژنان لە جیهاندا سەرقاڵی وەرزشن، کاری قورس یان تەنانەت بەرپرسیارێتی سەربازی دەگرنە ئەستۆ، بۆیە ئەگەر بارودۆخەکە گونجاو بێت، تەنانەت لەو بوارەشدا، ئێمە هیچمان کەمتر نییە لە پیاوان.

 

"سەربەخۆیی ژن ئەگەری چەوساندنەوەی کەم دەکاتەوە"

فەهیمە نەعیمی، کە لەگەڵ نەرجس دەروێشی بە هاوبەشی فرۆشگا بەڕێوەدەبەن، لە بارەی کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و سەربەخۆیی دارایی ژنان وتی: بە بۆچوونی من پێویستە ژنان بە ئازادی لە بازاڕی کاردا کار بکەن و توانای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی خیان هەبێت لە ڕێگەی چالاکییەکانی خۆیانەوە، دامەزراندن و سەربەخۆیی دارایی بۆ ژنان کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆح و متمانە بەخۆبوون و بەختەوەری و پەیوەندییە گشتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە و بە سەربەخۆکردنی ژنان لە باوک و برا و مێرد یان هەر پیاوێکی دیکە، ئەگەری چەوساندنەوەی ژنان کەم دەبێتەوە، ژنی سەربەخۆ ناچار نابێت بەرگەی ئازاردان و توندوتیژی و ئازاردانی سێکسی و جەستەیی و زارەکی بگرێت.

 

"لەناو خەڵکی لەک و لوڕدا ژنان زیاتر توانیویانە لە بازاڕدا بوونیان هەبێت"

فەهیمە نەعیمی دەربارەی ژنانی لەک و لوڕ ئەوەی خستەڕوو کە لەم ساڵانەی دواییدا ژنانی لەک و لوڕ توانیویانە زیاتر بێنە ناو بازاڕی کار و ئاشنای ماف و ئازادی و یەکسانییەکانیان بن، وتیشی: من دەمەوێت ژنان لە هەموو بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریدا خۆیان بەهێز بکەن و تواناکانی خۆیان لە بوارەکانی زانست، هونەر، ئەدەب، وەرزش یان لە بازاڕدا بەرز بکەنەوە، کۆمەڵگەکەمان پێویستی بە ژنانی بەهێز و داهێنەر هەیە.

 

"ئەگەر ژنانیش لە دەرەوەی ماڵەوە کار بکەن، ژیان زۆر باشتر دەبێت"

فاتمە شاهیوەند ژنێکی دیکەی خەڵکی کوێشتە کە سەرەڕای ئەوەی منداڵێکی بچووکی هەیە، دوکانێکی بچووکی کردووەتەوە بۆ فرۆشتنی کێک و شیرینی و دەڵێت: کێک و شیرینی دروست دەکەم، ماوەی ساڵێک لە ماڵەوە کارم کرد و دواتر قەرزم وەرگرت و لە دەرەوە دوکانێکم کردووەتەوە، ئێستا جگە لە کێکی ماڵەوە، کەلوپەلی لەدایکبوون و دیاری لە فرۆشگاکەمدا دەفرۆشم، ئێستا نزیکەی چوار مانگە کار دەکەم، زۆر باشە، زۆر ڕازیم لە کارەکانم، بەڕای من ئەگەر ژنان بتوانن لە دەرەوەی ماڵەوە چالاک بن، ژیان زۆر باشتر دەبێت، پێموایە زۆر باشە ژنان سەربەخۆیی داراییان هەبێت، دەتوانن پلان بۆ ژیانی خۆیان دابنێن و کێشەکانیان لە ژیاندا زۆر کەمتر دەبنەوە.