ژنانی سراولەی ئیلام سەربەخۆیی دارایی خۆیان بەدەستهێناوە

ژنان لە شاری سراولەی ئیلام بە ئاماژەدان بە ئەزموونی چەندین ساڵەی کارکردنیان و سوودەکانی بوونیان لە بازاڕ و سەربەخۆیی دارایی ژنان، وتیان: چالاکیی لە دەرەوەی ماڵ کاریگەری لەسەر دەروون هەیە.

ژوان کەرەمی

 

سراولە- سورەییا و مەریەم زەمانی دوو ژنی خاوەنکارن، کە فرۆشگایەکی جلوبەرگیان لە بازاڕی زاگرۆس لە شاری سراولەی ئیلام هەیە، باسیان لە کار و هەوڵی چەندین ساڵەی خۆیان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بازاڕدا کرد، کە کارکردنی ژنان لە بازاڕەکاندا سەربەخۆیی داراییان بۆ دەستەبەر دەکات.

 

"کار سوودی هەم بۆ ڕۆح و هەم بۆ جەستە هەیە"

سورەییا زەمانی ماوەی ١٠ ساڵە کار دەکات و فرۆشگای هەیە، دەربارەی کارەکەی وتی: دەچمە تاران و کەرەستە دەهێنم و لێرە دەیفرۆشم، پێش ئەوەی ئەم فرۆشگایە بکەمەوە، خەریکی کشتوکاڵ و ماڵەوە و فەرشچنی و جونکاری مرواریش بووم، داوا لە ژنان دەکەم لە دەرەوەی ماڵەوە شتێک بۆ خۆیان بکەن، هەروەها دەتوانن لە هەر کارێک کە توانایان هەبێت چالاک بن، ئەوە سوودی هەیە هەم بۆ ڕۆحیان و هەم بۆ جەستەیان، تەنانەت بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانیان و بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فێر بن و ببنە نمونە بۆیان.

 

سورەییا زەمانی سەبارەت بە جیاوازی تواناکانی ژن و پیاو وتی: لە بازاڕکردندا ژنان مامەڵەیان لە پیاوان باشترە، شێوازی قسەکردنمان و ڕاکێشانی کڕیاران باشترە و ئاسوودەتر دەبن لەگەڵمان، توانای ژن و پیاو جیاوازی نییە و توانای ئەنجامدانی هەر شتێک لە خۆمدا دەبینم.

 

"خۆم دەتوانم پێداویستییەکان دابین بکەم"

مریەم زەمانی لە بارەی کارەکانیەوە وتی: ئێمە حەوت خوشکین و هەموومان لە دەرەوەی ماڵەوە کارمان هەیە و تەنانەت کچەکانیشمان لەسەر هەمان ڕێگا بەردەوام بوون، پێش ئەوەی دەست بە کاری ئارایشتگا بکەم، فەرشچنیم کردووە و پێش ١٢ ساڵ دەستم بە کاری سەربەخۆی خۆم کرد و فرۆشگایەکم کردەوە، من زۆر لەم کارە ڕازیم، پیشەیەکی باشە و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خەرجییەکان.

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا جیاوازی لە نێوان تواناکانی ژن و پیاودا بینیوە لە ٢٥ ساڵ ئەزموونی لە بواری کار و بازاڕدا، وتی: لە ئێستادا بازاڕکردن زیاتر لە دەستی ژناندایە، ئەو ژنانەی دێنە لامان ئاسوودەترن لەگەڵمان، هەر جۆرە جلوبەرگێکیان بوێت، تەنانەت ١٠ پارچە جلیان بۆ دەکەمەوە، ئەگەر نەیانکڕن هەر دەڵێم خوای گەورە پاداشتت بداتەوە، هەست بە هیچ ناڕازیبوون و ماندوێتییەک ناکەم و کە نیوەڕۆ دەگەڕێینەوە ماڵەوە ئارامین.

 

مریەم زەمانی باسی لە سەربەخۆیی ئابووری ژنان کرد و وتی: بە بۆچوونی من کاریگەری زۆری هەیە، تەنانەت سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم کە حەز دەکەم زیاتر هاوکاری هەژاران بکەم، هەموو مانگێک هەست بە ئاسوودەیی دەکەم بۆ ئەمە، چونکە دەستم لە گیرفانی خۆمدایە و پێویست ناکات مۆڵەت لە هاوژینەکەم وەربگرم، چونکە ئەوە هی خۆمە و دەرئەنجامی ماندووبوونمە، من بە ئاسانی دەتوانم یارمەتی کەسانی دیکە بدەم و شت بکڕم کاتێک دەچم بۆ سەردانی کەسێکی نەخۆش، ئەگەر ئابووریم لە دەستی هاوژینەکەمدا بێت، ڕەنگە پێی خۆش نەبێت، یان بەڕاستی نەتوانێت دارایی دابین بکار، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆم کار دەکەم، زۆر ئاسوودەترم لە ژیاندا، من بڕیاری باشتر دەدەم، پلان بۆ داهاتەکەم دادەڕێژم، تەنانەت بۆ کڕینی خانوو، خەرجی ئارایشتگا، کرێی پزیشک و چارەسەر، کڕینی منداڵەکانم و هەموو شتێکی تر، خۆم بڕیار دەدەم و ئەنجامی دەدەم.