ژنانی کرێکار لە ئیدلب کرێیەکی کەمتر وەردەگرن لە پیاوان

ئەو ژنانەی لە ئیدلب کاردەکەن ڕایانگەیاند کە مافی کاردکردنیان دەخورێت و سەرەڕای ئەوەی هەمان کار دەکەن مووچەیان کەمترە لە پیاوان.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- بەگوێرەی تیمی ڕێکخەرانی دەستوەردانی سووریا، ڕێژەی هەژاری لە ناوچەکانی باکوری سووریا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، ڕێژەی ئەو خێزانانەی کە لەژێر سنووری برسێتیدا دەژین بووە ٨٩.٢٤%، ڕێژەی ئەو خێزانانەی کە گەیشتوونەتە سنووری برسێتی ٣٩.٦٤% یە، ژنان لە ئیدلب ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە لە ژیانی کارکردنیاندا، ژنان ڕایانگەیاند کە بە یەکسانی لەگەڵ پیاواندا کاردەکەن لەژێر مەرجی سەختدا، بەڵام کرێی یەکسان وەرناگرن.

 

پیاوان کرێی زیاتر وەردەگرن

یەکێک لەو ژنانەی تەمەنی ٣٦ ساڵە، سەلوە ئەلجەیە، لە یەکێک لە کارگەکانی شیر و پەنیر لە شاری سەرمەدا لە ئیدلب کار دەکات، وتی: ژنان و پیاوان لە کارگەکەدا هەن، لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە تا کاتژمێر ١٦ پاشنیوەڕۆ کار دەکەین، سەرەتا وامزانی کرێی یەکسان لەگەڵ پیاواندا وەردەگرین، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە پیاوان کرێی زیاتر وەردەگرن.

 

"ناچاربووم بێدەنگ بم"

سەلوا ئەلجەیە ڕایگەیاند هەفتانە مووچەکانیان وەردەگرن و وتی: کرێکارانی پیاو هەفتانە ٨٠٠ لیرەیان پێدەدرێت، بەڵام ژنان ٥٠٠ لیرەیان پێدەدرێت، لەبەر ئەوەی بارودۆخەکە زۆر قورس بوو، نەمدەتوانی سکاڵا بکەم یان لە کارەکەم دوور بکەومەوە، لەبەر ئەوەی ژیانمان لە کامپەکانی کۆچبەران لە باکووری ئیدلب بەسەردەبین، ماوەیەکی زۆرە بێکار بووم و لەم دواییانەدا دەرفەتی ئەوەم هەبوو کە لەم کارگەیەدا کار بکەم، بۆیە نەمتوانی دژایەتی کرێی کەم بکەم، چونکە لە وڵاتێکدا کە ناکۆکی هەیە، بە ئاسانی ناتوانم کارێکی جێگرەوە بدۆزمەوە. گرانی نرخ و نەبوونی دەرفەتی کار ناچارم دەکات بێدەنگ بم، سەرەڕای کاردانەوەکانم بەرامبەر نادادپەروەری و بەکارهێنان، ناچار بووم بێدەنگ بم.

 

"پێویستە ژنان دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە"

 

ڕاوا سورانی تەمەن ٢٨ ساڵ کە لە کارگەیەکی دوورین لە ئیدلب کار دەکات، بارودۆخی کار و ژیانی خۆی بەو شێوەیە ڕوونکردەوە: چەندین جار لە کار دەرکرام چونکە داوای کرێی یەکسانم کردووە، خاوەنکارەکان مافی کاری ئەو ژنانە دەخۆن کە لە بارودۆخێکی سەختدا کار دەکەن و ناچار دەکرێن کار بکەن، لەبەر ئەوەی هیچ چاودێری و بەرپرسیارێتییەک نییە، ئەوان بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن کە دەیانەوێت، هەروەها ژنان ناتوانن داوای یەکسانی بکەن لە ترسی لەدەستدانی کارەکانیان و ئەو کرێیە قبوڵ دەکەن کە بۆیان دیاریکراوە، هەرگیز پەشیمان نیم لە داواکردنی یەکسانی پێویستە ژنان بەرگری بکەن بۆ ئەوەی کرێی یەکسان بەدەست بهێنن، پێویستە هەموو ژنانی کرێکار دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە دژی نایەکسانی کرێ.

 

"پێویستە ئابووری ژنان بەرزبکرێتەوە"

سەفا ئەلبەیوشی، ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند کە گۆڕینی کرێ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ئابووری و تەندروستی دەروونی ژنان هەیە و ئەمە دەکرێت بەربەستێکی گەورە بێت لەبەردەم بەرزکردنەوەی باری ئابووری ژناندا، نەهێشتنی جیاکاری و جێبەجێکردنی یەکسانی ڕەگەزی و جێبەجێکردنی کارێکی یەکسان و مووچەی یەکسان و گۆڕینی تێڕوانینی ژنان زۆر گرنگە، پێویستە پێگەی ژنان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا بەرز بکرێتەوە.

 

"ژنان بە تەنیا تێدەکۆشن"

سەفا ئەلبەیوشی ئاماژەی بەوەدا نایەکسانی کرێ لە وڵاتە تازە گەشەکردووەکاندا کێشەیە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنان مووچەیەکی کەمتر وەردەگرن لە پیاوان لە شوێنی کاردا، خاوەنکارەکان کرێیەکی کەم دەدەن بە ژنان، چونکە دەزانن کە ژنان دەبێت کار بکەن بۆ ئەوەی بژین، ئەمڕۆ ژنان لە دۆخێکی سەختدا دەژین، بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە لە ناوچەی جەنگدا دەژین بەرپرسیارێتی خێزانەکانیان گرتووەتە ئەستۆ. ژنان بە تەنیا تێدەکۆشن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، هەوڵ دەدەن سوود لە خۆیان وەربگرن، سەرەڕای سەختییە گەورەکان، ئەوان زۆر کار دەکەن بۆ گەورەکردنی منداڵەکانیان.