فێستیڤاڵەکان دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی بەهرەی ژنان

لە ماوەی سێ ڕۆژی فێستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان لە شاری ڕانیە، ژنان بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و کارە دەستییەکانیان بەشدارییان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، ئەم فێستیڤاڵانە دەرفەتێکی باشە تا ژنان کارەکانیان بناسێنن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- لە شاری ڕانیەی دەڤەری ڕاپەڕین دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ڕاپەڕینەوە کرایەوە، تیایدا چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی و خواردنی کوردەواری و کاری دەستی ژنان نمایش کرا.

 

هەورین نەوزاد، خاوەنکار و دەرچووی پەیمانگای پەرستاری، باسی لەوەکرد، کە فێستیڤاڵەکەیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، لێرەدا وەکو گەنجان توانیمان ئەو بەهرە و دەستڕەنگینییەی هەمانە دەریبخەین، من گرنگی بە بەرهەمە خۆماڵییەکان دەدەم و لە ماڵەوە ئەو خواردنانەی لە بەردەستماندایە بەرهەمی خۆماڵی لێدروست دەکەم، لەم پێشەنگایەشدا بە هەنجیری وشک، سرکە و دۆشاوی خۆماڵی و کاری دەستی بەشداریم کردووە.

 

هەورین نەوزاد ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لە کردنەوەی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە پەرەپێدانی توانای گەنجانی ڕاپەڕینە، بە تایبەتی ژنان، کە لە دەڤەرەکەماندا گەنجانێکی زۆر بەهرەمەندمان هەیە، بەهۆی دانەمەزراندنەوە لە ماڵەوە دەمێننەوە و نەیانتوانیوە بژێوی خۆیان دابین بکەن، بۆیە ئەم فێستیڤاڵانە ڕێگەیە بۆ نیشاندانی ئەو بەهرەیە.

 

لە کۆتایشدا پەیامی بۆ ژنان نارد و وتی: ژنانی دەستڕەنگین و خاوەنکار، ئێمە هەموومان بەهرەیەک هەیە لە ناخماندا دەکرێت لە ماڵەکەی خۆتاندا پەرەی پێ بدەن، دەکرێ لە دەرەوەی ماڵەکانتانەوە بێت، ئێوە ئازادن لەوەی کە کام جۆر هەڵدەبژێرن، بەڵام دەستە وەستان دامەنیشن و هەوڵدەن و کاری سەربەخۆی خۆتان بە بەهرەکانتان دابمەزرێنن.

 

چرۆ عومەر، خاوەنکار، هیوادارم لەم چالاکییانە زوو زوو بکرێتەوە، چونکە زۆر کەس هەیە سوودی لێوەردەگرێت و دەبێتە دەرفەتێک بۆی، هیواداریشم ئەو ژنانەی دەستڕەنگینن، لە هەر بوارێکدا بێت، لە چالاکی بەم شێوەیەدا بەشداری بکەن، بۆ ئەوەی هەم خۆیان سوود وەربگرن و هەم کەسانی دیکەش چاویان لێبکەن.