لە یەمەن ژنان بۆ ڕێگریکردن لە برسێتی کار دەکەن

ناکۆکییەکانی یەمەن وا لە خەڵک دەکەن لە دۆخێکی سەختدا بمێننەوە، هەروەها ژنان لە شاری تەعز لە بازاڕەکاندا کار دەکەن بۆ ئەوەی بژین.

هالە حاشدی

 

یەمەن-ئەو ژنانەی کە لە بازاڕە گشتییەکان لە تەعز کار دەکەن، بەهۆی دۆخی سەخت و ئازاری ڕۆژانەوە دەناڵێنن و ڕووبەڕووی ئاستەنگی جەستەیی و دەروونی گەورە دەبنەوە لە ئەنجامی بارودۆخی سەخت و فشاری ژیان، بەڵام سەرەڕای ئەمە، ئەوان ڕۆژانە بۆ فرۆشتن و بازرگانی سەردانی بازاڕەکان دەکەن.

 

ناچارە کاربکات و ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە

سەحەر محەمەد، فرۆشیارێکی سەوزەی تەمەن ١٩ ساڵ لە بازاڕی ناوەندی تەعز وتی: هۆکاری هڵبژاردنی کارکردن بەهۆی بارودۆخی سەختی باوکییەوە بووە، کە وای لێکردووە کار بکات بۆ پشتگیریکردنی خێزانەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی دارایی.

 

ئاماژەی بەوەکرد، ٦ ژنی دیکەی خێزانەکە وەک ئەم ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە کە پێویستی کارکردن زیاد دەکات بۆ دڵنیابوون لە ژیانێکی بەردەوام، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە لە ماوەی کارکردندا لە ژینگەیەکدا کە هەراسانکردن بەربڵاوە، هەروەها جگە لە دەستکەوتێکی کەمی دارایی، کە بارودۆخیان سەختە و ئەوەی دەستیدەکەوێت پێداویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە، بەتایبەتی لە مانگی ڕەمەزان و بەرزبوونەوەی نرخی سەوزە و دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی، ئەمەش بژێوییان قورستر دەکات.

 

ئەسیل سەیف وتی: لەگەڵ خراپتربوونی ڕاستی جەنگ و ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی دەبینەوە، ژنان بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێن، چونکە ئەوانەی بژێوی ژیانیان نییە ناچار دەکرێن بەدوای کارێکی سادە وەک فرۆشتنی نان و پەتاتە و سەوزە بگەڕێن لە ژینگەیەکی ناسەلامەتدا بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی منداڵەکانیان مسۆگەر بکەن.

 

"ژنان پشتیوانی کۆمەڵایەتییان لەدەستداوە"

سۆنیا سەیف وتی: ژمارەیەکی زۆر لە ژنان پشتیوانی کۆمەڵایەتییان لەدەستداوە و ئەم بارودۆخە هاندەرێکە بۆ ئەوەی ژنان بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیانی منداڵەکانیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان لە ڕێگەی کارەوە بگرنە ئەستۆ.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ژنیک کە دەچێتە دەرەوە بۆ کار هەوڵێکی گەورە دەدات، جا کاری گەورە بێت یاخود کاریکی بچووک کە ببێتە سەرچاوەی داهات و بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی پێ دابین بکات.