حەز و ئارەزووم بۆ دروستکردنی مۆم کردمی بە خاوەن کار

گوڵی ئەمە ئەمین مامۆستایە و بەهۆی نەبوونی دەوامی خوێندنگە و حەز و خولیای بۆ مۆم دروستکردن، دەستی کردووە بە دروستکردنی مۆم و کردوویەتییە سەرچاوەی داهات بۆی.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- گوڵی حەمە رەئوف ژنێکی دەستڕەنگینی شاری هەڵەبجەیە و دایکی سێ منداڵە، لەبەر حەز و ئارەزووی بۆ مۆم و زۆر بەکارهێنانی لە ماڵەوە، بڕیار دەدات خۆی فێری دروستکردنی مۆم بکات و پاش ئەوەی دەبینێت خواستی کڕیارانی لەسەرە، بڕیار دەدات بیکات بە سەرچاوەی داهات بۆ خۆی.

 

گوڵی باسی لەوە کرد، کە خۆی مامۆستایە و بەهۆی دەوام نەکردنی مامۆستا و بایکۆتی خوێندنەوە دەستی کردووە بە کاری مۆم دروستکردن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆی زیاتر بەرەوپێش بردووە و بەشداری خولی فێربوونی مۆم دروستکردنیشی کردووە.

 

"مامۆستاکانم پاڵپشتم بوون بەوەی لە دروستکردنی مۆم بەردەوام بم"

گوڵی حەمە رەئوف باس لەوە دەکات، مامۆستایانی خولی مۆم دروستکردنەکەی پاڵپشتی بوون و داوایان کردووە دەستبەرداری کارەکەی نەبێت، ئێستاش لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرهەمەکانی ساغ دەکاتەوە و وتی: هەموو خەڵک دەستخۆشی بۆ کارەکەم هەیە و پێیان باشە کە کار دەکەم و پشتگیریم دەکەن، بە جوانی بەرهەمەکانم و کاتەکانی خۆمم پر کردووەتەوە.

 

گوڵی حەمە رەئوف حەزی بە کاری مۆم دروستکردن بووە، بۆیە حەزەکەی کردووەتە سەرچاوەی داهات، وتیشی: ئەوەی قورسە بەلامەوە تێکەڵکردنی ڕەنگەکانە، کە نابێت بهێڵیت بچێت بەلای ڕەنگەکانی تر و دەبێت بتوانین ڕەنگە ساغەکەی خۆی دەرچێت.

 

گوڵی حەمە رەئوف لە کۆتاییدا دەڵێت: ژنان دەتوانن ئەو حەز و ئارەزووەیان کە هەیانە، جێبەجێی بکەن و لەگەڵ خێزانەکانیان باس لە کارەکانیان بکەن و بیکەنە داهات بۆ خۆیان.