کولتووری دەنگبێژی بە دەنگی ژنان زیندوو دەبێتەوە
گۆرانیبێژ هەلیم ئیزەر که ساڵانێکه له ڕێگەی گۆرانی وتنەوە هه ست و سۆزی خۆی دەردەبڕێت، ڕوونیکردەوە کە گۆرانی وتن شێوازێکه بۆ دەربڕینی ئازار و ئەزموون و خۆشی و وتیشی: خۆشەویستی خەڵک بۆ دەنگبێژی نەماوە، داوای پاراستنی کولتووری دەنگبێژی دەکات.

نوپەلدا دەنیز
مەخموور- دەنگبێژی کولتوورێکی زۆر کۆنە و یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی وێژەی زارەکی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، دەنگبێژ ئەو هونەرمەندانەن کە بە شێوەی زارەکی مێژوو و کولتوور و نەریت و بەهاکانی کورد دەگەیەنن و ڕۆڵی پەروەردە و فێرکردن و کات بەسەربردن دەگێڕن، گەلی کورد لە ڕێگای گۆرانی وتنەوە ئازار و چەوساندنەوە و هەژاری و شەڕ و خۆشەویستی و حەسرەتی خۆی بۆ زێدی خۆی دەردەبڕیوە، کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخموور یەکێکە لەو شوێنانەی کە مرۆڤەکان چیرۆکی ئەو ستەم و توندوتیژی و ئازار و کۆچی پەنابەرانە دەگێڕنەوە کە ئەزموونیان کردووە لە ڕێگەی گۆرانی وتنەوە.
دایکە هەلیم ئیزەر یەکێکە لەو دایکانەی کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی فشار و چەوساندنەوەی دەوڵەتی تورکەوە ناچار بوو گوندەکەی بەجێبهێڵێت و لە کامپی پەنابەرانی مەخموور جێگیر بووە، دایکە هەلیم کە لە تەمەنێکی بچووکدا لە گوندەکە لە دایکیەوە فێری دەنگێژی بووە، بۆ ماوەی ٦ ساڵ ئەندامی گروپی دەنگبێژی مەریەمخان بووە.
پێش ئەوەی دەست بە چاوپێکەوتنەکەمان بکەین، هەلیم ئیزەر بە گۆرانی (بریندارم) بەخێرهاتنی کردین.
دایکە هەلیم، خەڵکی گوندی ڕیمۆیە لە شرناخ، دەستیکرد بە گێڕانەوەی چیرۆکی دەنگبێژییەکەی و وتی: کاتێک لە گوند بووین، دایک و گەورەکانمان هەموویان لە ئاهەنگی هاوسەرگیری و ئاهەنگەکاندا دەنگبێژ بوون و منیش لە دایکمەوە فێری دەنگبێژی بووم.
هەلیم ڕوونیشی کردەوە کە شتێک نییە بە ناوی خوێندنەوە یان نووسین، خەڵک لە دڵەوە گۆرانی دەڵێن و دەنگبێژی دەربڕینی ئازار و ئەزموون و شادییە، لە ڕابردوودا دەنگبێژ بوون و لە هەمان کاتدا بێشکەی منداڵەکانیان دەلەرزاند و هەموو کارەکانیان ئەنجام دەدا.
سەرەڕای هەموو شتێک، بەردەوام بوو لە گۆرانی وتن
هەلیم ئیزەر ئاماژەی بەوەدا کە ساڵانێکە ئەندامی گرووپی مەریەمخانی کامپەکە بووە و چەندین کلیپی بەرهەمهێناوە، ماوەی ١٥ ساڵە بە شێوەیەکی پیشەیی گۆرانییەکانی دەنگبێژی دەڵێتەوە، هەلیم بەم قسانە باسی ئەو سەختییەی کرد کە ڕووبەڕووی بووەتەوە و وتی:کاتێک بۆ یەکەمجار دەستمان بە بەشداریکردن لە چالاکییە کولتوورییەکان کرد، زۆر کەس پێیان وتین، ئێوەی ژنان، نازانن گۆرانی دەنگبێژی بڵێنەوە، بڕۆن منداڵەکانی خۆتان پەروەردە بکەن، گاڵتەیان پێدەکردین، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بە خۆشەویستییەوە بەردەوام بووین لە کارەکانمان.
"گەلی کورد لە ڕێگەی گۆرانی وتنەوە ئازارەکانیان دەردەبڕن"
هەلیم ئیزەر باسی لەوەشکرد کە گەلی کورد لە ڕێگەی دەنگبێژییەوە ئەو ئازار و سەختی و دڵتەنگی و چەوساندنەوەیە دەردەبڕێت کە تووشی دەبێت، هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەوان هەم لە خۆشی و هەم لە خەمدا دەگرین و ئەو کەسانەی ئازاریان نەچێشتووە ناتوانن بگرین، ئاماژەی بەوەشدا کە لە ڕابردوودا ژنان و پیاوان و گەنجان لە گوندەکاندا کۆدەبوونەوە و هەڵدەپەڕین و گۆرانی دەنگبێژی و لاوکیان دەوتەوە و تا بەیانی و قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد.
دایە هەلیم قسەکانی پچڕاند و چیرۆکێکی لەسەر چیای جودی گێڕایەوە.
"خاوەندارێتی لە کولتووری کوردی لە کەمبووندایە"
دوای گێڕانەوەی دەنگبێژی، دایە هەلیم سەبارەت بە پاراستنی کولتووری کوردی وتی: پاراستنی کولتووری کوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەم دەبێتەوە، وەک پێشتر گۆرانییەکان و لاوک ناوترێن، بۆیە دەبێت هەموو شتێک بکرێت به نووسراو بۆ ئەوەی گەنجەکانمان فێربن، هەروەها پێویستە دایکان و باوکان منداڵەکانیان لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و بە شێوەی زارەکی بیگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، دوای پەرەسەندنی تەکنیک و تەکنۆلۆژیا، حەز و ئارەزووی خەڵک بۆ دەنگبێژی کەمی کردووە، بەڵام خەڵک پێویستە خاوەنداری لە کولتووری خۆیان بکەن.
لەسەر داوای ئێمە دایکە هەلیم هۆنراوەی "نارین"ی خوێندەوە.
"کلتوور و زمان و ناسنامە ژیان و ناسنامەی مرۆڤەکانن"
دایکە هەلیم لەکۆتایدا داوای پاراستنی کولتووری کوردی کرد و وتی: ئەگەر کولتووری مرۆڤ نەبێت، مرۆڤیش نییە، کولتوور زمان و ژیان ناسنامەی مرۆڤە، هەر بۆیە ئێمەی گەلی کورد دەبێت ئاگاداری کولتووری خۆمان بین.
دایکە هەلیم بە گۆرانی 'قولینگۆ' ماڵئاوایی لێکردین.