هونەرمەندێکی میسری ڕێگایەکی نوێی هونەری بۆ خۆی دۆزییەوە
دمیانە سەمیر عەبدۆ لە منداڵییەوە دەستی بە گەشتە هونەرییەکەی کردووە، خۆی خستۆتە ناو شانۆ و سینەما، ئەو ئاڵەنگاری خێزانی و کۆمەڵایەتیی تێپەڕاند بۆ ئەوەی خۆی وەک ئەکتەر و دەرهێنەرێک جێگیر بکات، ڕێگایەکی نوێی لە شانۆی منداڵان و چارەسەری هونەریدا دۆزیەوە.
ئیمان سەمیر عەلی
میسر- دمیانە سەمیر عەبدۆ، تەمەن٣٢ ساڵ، خەڵکی مسڕە، بە ئیرادەیەکی بەرچاوەوە، ڕێبازی خۆی لە جیهانی هونەردا چەسپاندووە، بە سەرپێچیکردن لە سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لەم بوارەدا، ئەو دەیسەلمێنێت کە بەهرە کاتێک لەگەڵ ئیرادەدا تێکەڵ دەکرێت، دەتوانێت جێپەنجەی خۆی دابنێت.
پەیوەندیی دمیانە سەمیر عەبدۆ لەگەڵ شانۆ لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی پێکرد، کە لەخۆوە لە ماڵەوە ڕۆڵی تێدا دەگێڕا، یەکەم هەنگاوی ڕاستەقینەی لە ساڵی ٢٠٠٦ لە ڕێگەی شانۆی کڵێساوە ناوە و سکێچی بە تەوەری ئایینی و کۆمەڵایەتی پێشکەش کردووە و تا ساڵی ٢٠١٧ لەم بوارەدا بەردەوام بووە.
وەرچەرخانێکی بەرچاو لە ژیانی هونەریدا کاتێک بوو کە هاوڕێیەکی پێشنیاری کرد کە پەیوەندی بە "مؤسسة فكرة""دامەزراوەی فکرە"وە بکات، کە پڕۆژەی کورتە فیلمی "بيانولا"ی دەستپێکرد، لەوێ بەشداری لە وۆرکشۆپێکی نواندن کردووە و هاوبەشی بەرهەمهێنانی چەندین کورتە فیلمی کردووە، لە دوو فیلمیاندا ڕۆڵی گێڕاوە، ئەمەش ڕێگەی پێداوە بەرکەوتنی لەگەڵ ئەزموونە جیاوازەکانی پیشەسازی فیلمدا بەدەستبهێنێت.
بۆ زیاتر پەرەپێدانی بەهرەکەی، لە ساڵی ٢٠٢٣ بەشداری لە وۆرکشۆپێکی فیلم لە ئەسکەندەریە کردووە، بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕاهێنانی چڕ و پڕی لەسەر بنەماکانی سینەماکاری و فیلمسازی کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٤ گەڕایەوە بۆ ئەوەی یەکەم دەرهێنەرایەتی خۆی بە کورتە فیلمێک و هاوکاری لەگەڵ هاوڕێیەکی و سینەماکارێک ئەنجام بدات.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ بەشداری لە وۆرکشۆپێکی نوێدا کرد کە فیلمەکەی پێشوازییەکی زۆری لێکرا، ئەمەش وای لە ڕێکخەرانی فیلمەکە کرد بۆ بەرهەمهێنانی، هەروەها بەشداری لە وۆرکشۆپەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژنان کردووە و دەرهێنانی فیلمێکی دیکە کە بڕیارە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژنانی ”أسوان”ئەسوان نمایش بکرێت.
لە بواری شانۆدا، دمیانە سەمیر عەبدۆ دوای ئەزموونی لە شانۆی کڵێسادا، لە ساڵی ٢٠١٨ پەیوەندی بە کۆشکە ڕۆشنبیرییەکانەوە کرد، لە چەندین بەرهەمدا لە شوێنە جیاوازەکانی ئاسیوت نمایشی کردووە، لەوانە کۆشکی ڕۆشنبیری ئاسیوت، ئەحمەد بەهائدین، ئەبنوب، دیروت و مەنفالوت، لە نێوان ئەم شوێنانەدا دەجووڵایەوە بۆ بەشداریکردن لە بەرهەمە شانۆییەکان.
لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتی لەسەر ئاستی یانە شانۆییەکان بەدەستهێنا، ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی دەستی لە دەرهێنانیدا تاقیبکاتەوە، دواتر پاڵێوراو بوو بۆ وۆرکشۆپێک لە چوارچێوەی پڕۆژەی "ابدأ حلمك" "دەستپێکردنی خەونەکەت" لە قاهیرە، لەوێ مەشقی دەرهێنانی وەرگرت و کورتە شانۆگەرییەکی پێشکەش کرد کە ڕاهێنەرانی سەرسام کرد و دواتر لە پڕۆژەکانی هۆشیاری لە گوندەکاندا جێبەجێ کرا.
لە ئێستادا دوو شانۆنامەی بۆ منداڵان دەرهێناوە، یەکێکیان بۆ بەرهەمێکی شانۆیی هەڵبژێردراوە بەڵام بەهۆی بارودۆخێکی پێشبینینەکراوەوە ڕێگری لێکرا گەشت بکات، لە کاتێکدا دووەمیان خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەری بۆ باشترین نمایشی پێکەوەی بەدەستهێنا.
ئاڵەنگاری هونەری شانۆ: سەرەڕای سەرکەوتنەکانی، دمیانە سەمیر عەبدۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ڕێگای دەرهێنان لە میسری سەرەوە پڕە لە ئاڵەنگاری، بە تایبەت بۆ ژنان، بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک نەریتی کۆمەڵایەتی کە کارکردنی ژنان لە شانۆدا بە شتێکی قبوڵنەکراو دەزانن، بەڵام ئاماژە بە پێشکەوتنێکی بەرچاو دەکات لە ساڵانی ڕابردوودا، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ژنانی گەنج کە بەشداری چالاکییە شانۆییەکان دەکەن، جا چ لە زانکۆکان بێت یان فێستیڤاڵەکان، هەرچەندە ژمارەی ژنانی دەرهێنەرە هێشتا سنووردارە.
ڕوونی دەکاتەوە، کە دەرهێنان پێویستی بە دوو هێندە هەوڵی هەیە بە بەراورد بە نواندن، بە لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتییە فرەلایەنەکانی، کە بریتین لە بەڕێوەبردنی نمایش و دیزاینی سێت و بودجە، جگە لە لایەنە ڕێکخراوەییەکان، سەرەڕای ئەوەش باوەڕی بە توانای ژنان هەیە بۆ سەرکەوتن لەم بوارەدا، نموونەی بردنەوەی خەڵاتی ژنانی گەنج لە بەرهەمە شانۆییە ناوازەکاندا دەهێنێتەوە.
دمیانە سەمیر عەبدۆ ئاماژە بەوە دەکات، کە گەشتەکەی بێ بەربەستە سەخت و فرەلایەنەکانی نەبووە، سەرەتا ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی خێزانەکەی بووەوە بۆ بیرۆکەی نواندن لە دەرەوەی سنووری شانۆی کڵێسا، تەنها ڕێگەی پێدەدرا لەناو کڵێسادا نمایش بکات، نمایشکردن لە دەرەوەی ئەو بە تەواوی قبوڵنەکراو بوو، ئەمەش بووە هۆی خەباتێکی درێژخایەن کە نزیکەی سێ ساڵ بەردەوام بوو.
بەڵام قووڵترین بەربەست خەباتی ناوخۆیی بوو، هەستی بە ناکۆکی کرد لە نێوان خوێندنەکەی لە کۆلێژی زانست و ڕێڕەوی پیشەی نەریتی کە چاوەڕوان دەکرا لێی، خولیای ڕاستەقینەی بۆ هونەر، بۆ ماوەیەکی زۆر پرسیاری لە ناسنامەکەی دەکرد و بەڕاستی چی لە ژیان دەوێت و ئایا ئەمە ڕێگایەکی دروستە بۆی؟
هەروەها ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دیکە بووەوە: خۆی لە چوارچێوەی دیمەنی کولتووریدا سەلماند، هەوڵیدا کەسانی دیکە باوەڕ پێبکات کە هونەرمەندێکی بەتوانا و متمانەپێکراوە، خاوەنی بیرۆکە و خواستی دروستکردنی کارێکی نایاب بووە، نەک تەنها بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە.
سەختییەکان تەنها لە خێزانەکەی و ململانێ ناوخۆییەکانیدا سنووردار نەبوون، بەڵکو درێژبوونەوە بۆ هەندێک لەوانەی لە دەرەوەی خێزانەکەین کە سەریان سوڕمابوو لە هێرشەکانی بۆ سەر هونەر و بە نانەریتی زانی.
لە ڕاستیدا، هەندێک لە هاوڕێکانی ئامۆژگارییان کردووە کە پابەند بێت بە کارە سەرەتاییەکەیەوە و زیاتر بەدوای هونەردا نەگەڕێت.
سەبارەت بە خواستەکانی داهاتوو، وتی: خەونی خوێندنی لە پەیمانگای باڵای هونەرە دراماتیکییەکان بەهۆی بارودۆخی خێزانییەوە بەدی نەهاتووە، بەڵام گرنگیدانی ئێستای بۆ شانۆی منداڵان ئاسۆیەکی نوێی بۆ کردۆتەوە، ئەویش بەکارهێنانی شانۆ وەک جۆرێک لە چارەسەری هونەری.
دمیانە سەمیر عەبدۆ پێیوایە شانۆ دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵان لەڕووی دەروونییەوە، بەتایبەت ئەوانەی بەدەست شەرمنی یان گۆشەگیرییەوە دەناڵێنن، بەو پێیەی کەشێکیان پێدەبەخشێت بۆ دەربڕینی خۆیان و دروستکردنی متمانە و پەیوەندیکردن، ئەم خەونە لە دڵیەوە نزیکترین بووە، هەوڵدەدات لە قۆناغی داهاتوودا بەدەستی بهێنێت.