ئاسۆس جاف: چەندین جار پەیکەرەکانم شکێندراون و دووبارەم کردوونەتەوە
سەرەڕای ئاستەنگییە کۆمەڵایەتییەکان و شکاندنی چەندینبارەی پەیکەرەکانی، ئاسۆس جافی پەیکەرساز ڕێگەی نەدا چەکوشی تێکدەران ئیرادەی بشکێنێت. ئەو چیرۆکی تێکۆشانێکی بێوچان دەگێڕێتەوە کە تێیدا هونەر بووەتە ئامرازی بەرگری و ئیرادە.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ لە ١٥ی نیسانی هەموو ساڵێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی هونەر دەکرێتەوە کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر ڕۆڵی هونەر لە بەیەکگەیاندنی کولتوورە جیاوازەکان و پاراستنی ئازادیی دەربڕین لە ڕێگەی ڕەنگ و موزیک و شێوەکارییەوە، بیرۆکەی ئەم ڕۆژە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتی هونەر پێشنیارکرا و دواتر لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆ بە فەرمی وەک ڕۆژێکی جیهانی ناسێنرا ئامانجی سەرەکی ئەم ڕۆژە بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان بەرهەمە هونەرییەکان و کۆمەڵگە و هاندانی خەڵک بۆ ناسینی فرەچەشنی دەربڕینە هونەرییەکان
ڕۆژی جیهانی هونەر دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی جەخت لەسەر ڕۆڵی هونەر بکرێتەوە لە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئازادی دەربڕین و پێکەوەژیانی کولتوورە جیاوازەکان چونکە هونەر زمانێکی گەردوونییە و پێویستی بە وەرگێڕان نییە، لەم ڕۆژەدا لە سەرانسەری جیهان چالاکی جۆراوجۆر وەک پێشانگای شێوەکاری و کۆنسێرتی مۆسیقا و وۆرک شۆپی فێربوون و کۆڕی ڕەخنەیی ئەنجام دەدرێن هەروەها جەخت لەسەر پاراستنی مافی هونەرمەندان و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ داهێنان دەکرێتەوە تا بتوانن بەردەوام بن لە جوانکردنی ژیان و گواستنەوەی پەیامە مرۆییەکان لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە هونەرمەندان و ناوەندە کولتوورییەکان بە چالاکی جیاواز ئەم یادە دەکەنەوە و داوای پشتگیری زیاتر بۆ بزووتنەوەی هونەری دەکەن.
دروشمی سەرەکی ئەمساڵ بریتییە لە باخچەی دەربڕین گەشەپێدانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی هونەرەوە کە تێیدا جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە و داهێنان دەکرێتەوە چالاکییەکان چەندین وۆرک شۆپی فێربوونی شێوەکاری و پێشبڕکێی شیعر و چیرۆک و نمایشی مۆسیقا و سەمای جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن هەروەها مۆزەخانە و گەلەرییە جیهانییەکان دەرگاکانیان بە ڕووی سەردانیکەراندا دەکەنەوە و گەشتی مەیدانی بۆ ناوەندە کولتوورییەکان ڕێکدەخرێت، لە زۆرێک لە خوێندنگەکاندا پێشانگای تایبەت بۆ بەرهەمی خوێندکاران دەکرێتەوە تا نەوەی نوێ زیاتر لەگەڵ چەمکی هونەر ئاشنا بن .
ڕۆژی جیهانی هونەر لە باشووری کوردستان وەک هەموو جیهان لە ١٥ی نیسان دەکرێتەوە و بە شێوەی فیستیڤاڵ و پیشانگای شێوەکاری و کۆڕی هونەری بەڕێوە دەچێت کە تێیدا هونەرمەندان کارە نوێیەکانیان نیشان دەدەن و ڕێز لە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوویان دەگیرێت،گرنگی ئەمڕۆژەش لەوەدایە کە هونەر وەک ئامرازێکی مرۆیی بۆ ئاشتی و لێکتێگەیشتن و دەربڕینی ناسنامەی نەتەوەیی بەکاردێت و دەبێتە هەوێنێک بۆ هاندانی گەنجان و پەرەپێدانی بەهرەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا
"هونەری پەیکەر فەرامۆش کرابوو"
ئاسۆس جاف پەیکەرساز قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی، ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەری پەیکەر سازیدا بە ئەکادیمی کار دەکەم، سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبای رۆژی جیهانی هونەر، لە هەموو هونەرمەندان بکەم، لە هەرچوار بەشی کوردستان و بەتایبەتی، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە کە هونەرمەند گرنگ نییە لە چ بوارێکی هونەردا کار دەکات، بەڵکو ئەدای کاردنی گرنگە، چۆن دەیەوێت لە رێگەی کارکردنییەوە پەیامەکانی مرۆڤ دۆستی ژن دۆستی ژینگە دۆستی لە پێشینەی کارەکانی بێت، ئەو کاتەی من دەستم کرد بە هونەری پەیکەرسازی، ئەم هونەرە یەکێک بوو لەو هونەرانەی کە تا رادەیەک فەرامۆش کرابوو بەتایبەت لە لایەن ژنانەوە، بە رێژەیەکی زۆر کەم ژنان کاریان تێدا دەکرد و ئەوانیش لە رێگەی گروپەوە بوو کارەکانیان، بۆیە من پێم خۆش بوو ئەو رێچکەیە بشکێنم و وەک و یەکەم ژنە پەیکەرساز،کارێکی تایبەت بە خۆمم هەبێت و لە شوێنە گشتییەکاندا دابندرێت.
"لەڕێگەی کارەکانمەوە پەیامی ژن بوون دەنێرم"
وتیشی: بە دڵنیاییەوە لە هەموو کایەکانی هونەریدا دەتوانین پەیامەکان بنێرین، بێگومان لە رێگەی کارەکانمانەوە پەیامی مرۆڤ بوون و ژن بوون و ئابوون بگەیەنم و خزمەت بە کۆمەڵگە بگەم، بەتایبەت کاتێک پەیکەری کەسێک دروست دەکەم هەوڵ دەدەم کە ئەو کەسە خزمەتی کۆمەڵگەی کردبێت، لە سەرەتای کارەکانم بەتایبەت لە لایەن هەندێک توێژی کۆمەڵگەوە زۆر رێگری بۆ کارەکانمان دروست دەکرا و تا ئێستاش چەندین جار پەیکەرم دووبارە کردۆتەوە لەبەر ئەوەی کە لە شوێنە گشتییەکاندا دامناوە شکێندراوە، ئەمانە بۆ خۆیان بەربەستن و بە ناراستەوخۆ پێمان دەگەیەنن، بەڵام ئێمە ناوەستین و بەردەوام دەبین، دایکی نەوەی ئەنفال یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە شانازی پێوە دەکەم و چیرۆکی ژەنینی ئەو کچەی پێڵاوی بۆیاخ دەکرد کە هەڵگری چەندین پەیام بوو، هەروەها لەگەڵ هاوکارم زیرەک میرە پەیکەری بەرخۆدانمان دروستکرد ، یەکێکە لەو کارانەی کە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردمان.
لە کۆتایی قسەکانیدا دووبارە پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی کورد کردو وتی: ژنان هەر شوێنێک و لە هەر کایەیەکدا بن دەبێت نەوەست و کولتوور و رەسانەیەتی خۆمان بیر نەچێت گرنگ ئەوەیە نەوەستین و کۆڵ نەدەین.