نەسرین لە ڕێگەی گۆرانی وتنەوە هونەری کوردی دەپارێزێت

 نەسرین داود، گۆرانیبێژە و خەڵکی شاری قامیشلۆیە، هەر لە منداڵییەوە حەزی لە گۆرانی وتن بووە و دەڵێت: لە ڕێگەی گۆرانی وتنەوە هونەری کوردی دەپارێزێت.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- هونەری کوردی، دەوڵەمەند بە دەنگ و گۆرانی، سەدان ساڵە پارێزراوە و لە یادەوەری کۆمەڵگەدا ماوەتەوە، زۆربەی مرۆڤەکان بە کولتوور و هونەرەکەیان ناسراون، ئەو کەسانەی هونەریان نییە هیچ ناسنامەیەکیان نییە، هەروەها گەلی کورد بە هونەرەکەی ناسراوە، هەموو گۆرانیبێژێک بە گۆرانی هونەری کوردی دەپارێزێت و بە زیندووی دەیهێڵێتەوە، هەروەها نەسرین داود ژنێکی کوردە و گۆرانی دەڵێت، باسی ژیانی هونەری خۆی کرد.

 

"دەبێت هونەری کوردی بپارێزرێت و بە زیندووی بهێڵدرێتەوە"

نەسرین داود باسی خۆشەویستی خۆی بۆ هونەر و سەرەتای گۆرانی وتن کرد و وتی: لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە تەمبور دەژەنم و لە ساڵی ٢٠١٩ دەستم بە گۆرانی وتن کرد، ئامانجی گۆرانی وتن بەهرەی خۆم بوو، ویستم ئەم بەهرەیە لە خۆم دەربهێنم و ببمە هونەرمەندێکی بەناوبانگی کورد و هونەرەکەمان بڵاوبکەمەوە، چەندین هونەرمەندی کورد هەن کە لە ڕێگەی گۆرانی وتنەوە هونەرەکەیان پاراستووە، هەروەها ویستم هونەری کوردی بپارێزم و لە ڕێگەی گۆرانی وتنەوە بە زیندووی بیهێڵمەوە.

 

"خۆشەویستی هونەر لە دڵمدا گەشە دەکات"

نەسرین داود باسی ئەو هونەرمەندانەی کرد کە کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە وتی: کاتێک دەستم بەکاری هونەری کرد، لە ژێر کاریگەری هونەرمەندانی کۆچکردوو محەمەد شێخۆ و ئارام تیگران بووم، باسی ئەو سەختییانەیان بۆ کردبووم کە هونەرمەند محەمەد شێخۆ تووشی بوو، چۆن هونەری کوردیی خۆشدەویست, من شێوازێکی تایبەتی گۆرانی وتنم نییە، بەڵام زۆرتر بە شێوازی هونەرمەند ئارام تیگران گۆرانی دەڵێم، ئەو ئامێرە مۆسیقییەی کە بەکاری دەهێنم تەمبورە، بەڵام هەندێک جار ئامێری مۆسیقای دیکە بەکاردەهێنم.

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتی زۆری بۆ ڕەخساندین"

نەسرین داود ئاماژەی بەوەکرد، دەیەوێت لە داهاتوودا گۆرانی تایبەت بە تێکست و ئاوازی خۆی تۆمار بکات و لە دوکانی ئامێرە میوزیکییەکانی خۆی ژنانی گەنج فێری ئامێرە مۆسیقییەکان و گۆرانی وتن بکات، لە کۆتاییدا وتی: دەمەوێت لە داهاتوودا گۆرانییەک بە تێکست و ئاوازەکانم تۆمار بکەم، لە ئێستادا گۆرانییەکم کە لەسەر شاری سەرێ کانییە تۆمار کردووە بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، هەوڵدەدەم زیاتر کاربکەم، ئێستا فرۆشگای ئامێرەکانم کردووەتەوە، دەمەوێت ئەو ژنە گەنجانەی کە بەهرەیان لە بواری هونەردا هەیە فێری تەمبورو گۆرانی وتن بکەم، ئاواتی من بۆ هەموو ژنێک ئەوەیە کە بەهرەکانیان نیشان بدەن و لە قسە نەترسن، چونکە ئەمڕۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتێکی وای بۆ ئێمەی ژنان ڕەخساندووە کە بتوانین شتەکانی ناو دڵمان بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و خۆمان بسەلمێنین.