دەرهێنەر ئەمینە ئویساڵ: ژنان خەریکە ئامادەیی بەهێزتر لە سینەمادا دروست دەکەن

ئەمینە ئویسال بەرگەر، دەرهێنەر ستایشی ڕێکخستن و ژینگەی پاڵپشتی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئامەدی کردو سەرەڕای ئاستەنگەکان و بیرکردنەوەی باوکسالاری زاڵ، جەختی لە گرنگی ڕۆڵی ژنان لە پیشەسازی فیلمدا کردەوە.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل

 

ئامەد-بە سەرپەرشتی شارەوانی گەورەی ئامەد و سەرپەرشتی ئەکادیمیای سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەزگای سینەبیر، سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئامەد بەناونیشانی "جیهان لەڕێگەی چیرۆکەوە پێکەوە دێت" لە ٧ تا ١٤ی کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو.

 

فێستیڤاڵەکە لە ناوەندی کۆنگرەی کولتووری ئامەد بە بەشداریی بەرفراوانی هونەرمەندان و کەسانی دیکە بەڕێوەچوو، فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ تایبەت بوو بە یادکردنەوەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە لە ٢٧ی شوباتدا دەرچووە.

 

یەکەمین فێستیڤاڵ لە ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێکرد، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦دا دووەم فێستیڤاڵ کرا، بەڵام دانانی ئەمیندارەکان بۆ شارەوانییەکان و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان و ناڕەزایەتییەکان بووە هۆی ڕاگرتنی بۆ ماوەی هەشت ساڵ، دوای ئەم پچڕانە درێژخایەنە، فێستیڤاڵەکە گەڕایەوە ئامەد و هەڵبژاردەیەک لە فیلم و دۆکیۆمێنتاری پێشکەش بە بینەرانی کرد کە سینەمای سەربەخۆ بەرەوپێش دەبەن و دیدێکی ژینگەیی لە باوەش دەگرن و بنەماکانی یەکسانی ڕەگەزی دەپارێزن.

 

فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ ٨٤ فیلم و فیلمی دیکۆمێنتاری لەگەڵ چەندین وۆرکشۆپ نمایشکرد و دوێنێ ١٤ی کانوونی یەکەم بە ئاهەنگی خەڵاتکردن کۆتایی هات.

 

هەروەها دەرهێنەران ئەمینە ئویسال بەرگەر و ئۆزگور جەیلان بە فیلمەکەیان "Gukla" کە فیلمێکی هەیەجان/ترسناکی دەروونییە، بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد، فیلمەکە باس لە سێ ژنی نەوەی جیاواز لە ئیزمیر دەکات کە بە ڕێکەوت لە کۆشکێکی جێهێڵراودا یەکتر دەبینن، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ شارەکە و هەستی سەربەخۆیی، لێکۆڵینەوە لە تەوەری پەناگە و سەربەخۆیی و ڕووبەڕووبوونەوە، هەروەها فیلمەکە لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی جوڵاوەوە چیرۆکی سێ ژن دەگێڕێتەوە کە ڕێگاکانیان لەناو پەیکەری مێژوویی شارەکەدا یەکتر دەبڕێت.

 

"ژنان لە سینەمادا"

ئەمینە ئویسال بەرگەر، دەرهێنەر ڕوونی کردەوە، کە لە ساڵانی خوێندکاریدا دەستی بە کورتە فیلم کرد و بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، لە ئیزمیرەوە گەشتی کردووە، وتی: خۆشحاڵ بووین کە فیلمەکەمان لەم گەشتەدا گەیشتە ئامەد، لەگەڵ ئەو سەرنجانەی لە بینەران وەرمانگرت، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ڕۆح و چیرۆکی فیلمەکە بوو.

 

سەبارەت بە سروشتی بەرهەمەکەش ئاماژەی بەوەشکرد، کە "Gukla" چیرۆکی ژن دەگێڕێتەوە، کارەکتەری سەرەکی ژنە، چیرۆکەکەش لە دەوری کۆمەڵێک ژن دەسوڕێتەوە کە کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە گەشتێکی خەبات بۆ مانەوە".

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە بوونی دەرهێنەر و سیناریۆنووسی ژن لە جیهانی سینەمادا بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە بۆ تیشک خستنە سەر چیرۆکی ژنان و زیاتر بەرچاو خستنیان، وتی: ڕووناککردنەوەی کارەکانیان بوونی ئەوان لە گۆڕەپانی سینەمادا زیاد دەکات و هاوکات پاڵپشتی سەرهەڵدانی ئەو فیلمانە دەکات کە ژنان وەک سەرنجێکی سەرەکییان هەیە، بۆ چەندین ساڵە پیاوان بوون چیرۆکی ژنانیان لە سینەمای تورکیادا دەگێڕایەوە، بەڵام کاتێک ژنێک چیرۆکی ژنێکی دیکە دەگێڕێتەوە، کارەکتەری بەهێزتر سەرهەڵدەدەن و چیرۆکەکان بە قووڵایی و ڕاستگۆیی و پێویستیەکی زیاترەوە پێشکەش دەکرێن.

 

ئەمینە ئویسال بەرگەر ئاماژەی بەوەدا، کە فیلمسازی چەندین ئاستەنگی دەخاتە ڕوو، ئەمە جگە لەو سەختییانەی کە پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی باوکسالاری باو لە پیشەسازییەکەدا هەیە، هەروەها ئەزموونێکی ساڵانی زانکۆی بەبیرهێنایەوە و وتی: لە زانکۆ بووم و بڕیار بوو بچم فیلمێکی دیکۆمێنتاری بۆ پڕۆژەیەک وێنە بگرم، ویستم بەشداری بکەم، بەڵام پێیان وتم کە تیمەکە هەموویان پیاو دەبن، ئەوە بۆ من بە ئازار بوو، فیلمسازی خۆی ئەرکێکی زۆر زەحمەتە، بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە بارودۆخانەش ئاسان نییە.

 

"فیلمەکە ڕەخنە لە وتاری پیاوسالاری لە سینەمای هاوچەرخدا دەگرێت"

ئاماژەی بەوەشکرد، وتاری پیاوان هێشتا لە جیهانی سینەمادا ئامادەیە، بەڵام لە سینەمای سەربەخۆدا ژنان زیاتر ئامادەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆحی ئیرادە و خۆڕاگرییەی کە ژن خاوەنییەتی.

 

ئەمینە ئویسال بیرغەر هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئامەد پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە فێستیڤاڵەکە هەموو سەختییەکانی تێپەڕاندووە، ڕێکخستنی فێستیڤاڵی فیلم کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە پلانی ورد هەیە، جگە لە هەماهەنگیکردنی کاری چەند گروپێک لە یەک کاتدا، هەروەها پێویستی بە نەرمییەکی زۆر هەیە بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان هەر کە سەرهەڵدەدەن و بە خێرایی چارەسەریان بکەن، منیش بە ڕوونی شاهیدی ئەم شێوازە بووم لەم فێستیڤاڵەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک گروپێک کە لە شارێکی دیکەوە هاتبوون، هەر لەو ساتەوەختەی گەیشتین هەستیان بەوە کرد کە فێستیڤاڵەکە لە باوەشی گرتوون و وای لێنەکردن هەست بە نامۆیی بکەن، پەیوەندییەکەی بە شارەکەوە زۆر تایبەت بوو، فێستیڤاڵەکە دەرفەتی ئەوەی پێدان سینەماکارانی دیکە بناسن، کە ئەمەش شتێکی بێ نرخە، چ بۆ هاوبەشکردنی فیلمەکەمان و چ بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان. ئەزموونێکی دڵخۆشکەر و دەوڵەمەندکەر بوو بەپێی هەموو پێوەرەکان.