کریستینا شبلی؛ سۆزێک کە بەسەر سەختییەکاندا زاڵ دەبێت و هیوا لە بەرامبەر ئازارەکاندا ڕەنگ دەکات
هونەر ناتوانرێت تەنها لە وتنی "هونەر لە پێناو هونەردا" کورت بکرێتەوە، هەزاران ساڵە تۆمارێکی مێژوویی دەوڵەمەندی پێکهێناوە کە لە سۆمەرەوە تا شارستانییەتە جیاوازەکان درێژدەبێتەوە.
ڕۆتشێل جونیور
سوەیدا- دوای هێرشەکەی مانگی تەمووز، هێشتا برینەکانی هاولاتیانی سوەیدا کە شارێکە لە باشووری سووریا ساڕێژ نەبووەتەوە، هەموو شتێک بووەتە مەیدانی بەرخۆدان و یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئەو کەسانەی بەرگرییان لە شارەکە کرد و ئەوانەی بوون بە شەهیدی ئایدۆلۆژیای توندڕەو.
بەم شێوەیە بۆ کریستینا شبلی، وێنەکێشان لە سۆزێکەوە گۆڕا بۆ ئاماژەیەکی بەرخۆدان، ئەو هونەرمەندە گەشتەکەی لەگەڵ هونەر وەک خولیایەک دەگێڕێتەوە نەک پسپۆڕییەکی ئەکادیمی، سەرەڕای ئەوەی لە پەیمانگاکە خوێندویەتی، بەڵام وتی: کاری هونەری ڕاستەوخۆ دوای تەواوکردنی خوێندن دەست پێنەکردووە، چونکە کاری لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی نەکرد، بەڵام خولیای بەهێزتر بوو، بڕیاریدا دەرفەتێکی ڕاستەقینە بە خۆی بدات و بەدوای ئەو ڕێگایەدا بگەڕێت کە خۆشی دەویست، ئەویش وێنەکێشانە، بە تایبەتی پۆرترێت، کە بە خاوەنی وردەکاری ئاڵۆز و دەست لێدانێکی قووڵی دەزانێت و هەستەکانی بە قووڵی دەجووڵێنێت.
سەرەتاکان ئاسان نەبوون، ئاڵەنگاری دارایی بەربەستێکی بەرچاوی دروستکرد، وەک چۆن کاریگەری هەیە بۆ زۆرێک لە هونەرمەندانی بینراو، سەرەڕای ئەوەش، هەڵیبژارد لە نزیکترین کەسەکانەوە دەست پێبکات، وێنەی خێزانەکەی و دەوروبەری خۆی کێشا، بە تێپەڕبوونی کات ڕێگاکەی فراوانتر بوو، لە خوێندنگەیەکدا وەک مامۆستای هونەر کاری کردووە، کە ئەمەش ئەزموون و متمانەی زیاتری پێبەخشیوە، دواتر بوو بە ڕاهێنەر، لە چەندین پەیمانگادا خولی پێشکەش کرد، بە گرنگیدانێکی ڕوون بە بەهێزکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ڕێگەی هونەرەوە.
کریستینا شبلی ئاماژە بەوە دەکات، کە هەفتەیەک پێش هێرشەکە پێشانگایەکی ڕێکخستووە، تێیدا منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم و منداڵە نەخۆشەکانیانی دیکە نمایشکراون، ڕوونی کردەوە، کە هەر شەش مانگ جارێک کۆمەڵێک منداڵی نوێ ڕادەهێنێت کە تەمەنیان لە ٦ بۆ ١٠ ساڵدایە و بە پێشانگایەک کۆتای دێت کە هەریەکەیان دە تابلۆ دروستدەکەن، ئەم پێشانگایە پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا.
گۆڕینی ئازار بۆ مرۆڤایەتی
دوای هێرشەکەی سەر سوەیدا، تووشی قەیرانێکی دەروونی توند بوو کە نەیتوانی بەردەوام بێت لە کارەکانی، بەڵام ئەو پشتگیرییەی لەلایەن خێزانەکەیەوە وەریگرت، هێزی گەڕاندەوە، بڕیاریدا بە یارمەتیدانی کەسانی دیکە بەسەر تاقیکردنەوەکەدا زاڵ بێت، بەم شێوەیە ئاشنای کۆمەڵەی "چاکە لەناو ئێمەدا" بووە، کە ئەمڕۆ لەوێ کاردەکات، لەم کۆمەڵەیە کاریگەرترین دەستپێشخەرییەکەی، هەڵمەتی"دڵسۆزی" لەدایک بوو.
هەڵمەتەکە بە وێنەکێشانی یەکەم شەهید کە ناوی عیسام عەزەم دەستی پێکرد، وێنەکێشانی دواتر بەدوایدا هات، لە کۆتاییدا گەیشتە کۆی گشتی ١٢ شەهید، کریستینا شبلی ئەم هەڵمەتە بە بەڵگەیەک بۆ هێز و ئیرادە و دڵسۆزی پێناسە دەکات، کە ئازارەکانی هەموو سوەیدا بەرجەستە دەکات، دوای ئەوەی دانیشتوانی شارەکە تووشی تیرۆرێکی بێئەندازە بوون، و ماڵەکەی بۆردەومان کرا، ناچاری کرد بەدوای پارێزراویدا بجوڵێت، ئەو لە کێشاندا دەرچەیەکی دۆزیەوە بۆ ئەوەی ئازارەکانی بگۆڕێت بۆ کردەوەیەکی مرۆیی.
وتیشی: کێشانی ڕووخساری شەهیدان لە ڕووی دەروونییەوە بە ئازارە، چونکە سیماکانی هەریەکەیان لەبیر ناکات، سەرەڕای ماندوێتی جەستەیی و سۆزداری، بەردەوامە، چونکە هەست دەکات شتێکی بەنرخ پێشکەش بە خێزانەکانیان دەکات، هەروەها پارچە کاغەزێک کە سیماکانیان و خوێنیان و هێزیان نیشان دەدات... شتێکی سادەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوا و شانازی بە بنەماڵەی شەهیدان دەبەخشێت کە خوێنی کوڕەکانیان بە خۆڕای نەڕژاوە.
دووپاتی دەکاتەوە، کە هەڵمەتی "دۆزداری" بەردەوامە و نەوەستاوە، هەرچەندە ئاڵەنگاریەکان سەخت بن، پەیامێکی تایبەت ئاراستەی ژنان دەکات و بۆ هەر کەسێک کە هەوڵی دامەزراندنی پڕۆژەیەک یان گەیشتن بە خەونێک دەدات، وتی: مەهێڵن هیچ بەربەستێک ڕێگریتان لێبکات، پەرە بە خۆتان بدەن، سەختییەکان بە بەراورد بە خواست کاڵ دەبنەوە، پارە هەموو شتێک نییە، تەنها بە دەفتەرێک و پێنوسێک، پێشانگایەکی گەورەمان کردەوە، ئیرادەمان زۆر باشە بۆ ئەوەی پێشانگای زیاتر ساز بکەم و تابلۆکانم لە زۆر وڵاتدا نمایش بکەم.