دروستکردنی تەنوور یەکێکە لە سەرچاوەکانی بژێوی ژیانی گوندەکان

دروستکردنی تەنووری گڵین سەرچاوەی بژێوی ژیانی گوندەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، تەنووری گڵین بە دەستی ژنان دروست دەکرێت، وەردە عیساش یەکێکە لەو ژنانەی ساڵانێکە بە دروستکردنی تەنوور ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ڕەنگی ژیانی کۆمەڵگە لە هەموو شوێنێک جیاوازە، مرۆڤەکان لە هەموو شوێنێک بەپێی کولتووری خۆیان درێژە بە ژیان دەدەن، بارودۆخی ژیان کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان هەیە بەڵام هێشتا مرۆڤەکان لە هەموو بارودۆخێکدا بەپێی کولتوورەکەیان دەژین، هەموو گەلانی خاوەن کولتوور و نەریت پشت بە مێژووی کۆنیان دەبەستن، لە نێو ئەو ژنانەی لە گوندەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا دەژین، کولتووری دروستکردنی تەنووری گڵ مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، وەردە عیسا، یەکێکە لە ژنە عەرەبەکان، دایکی ٧ منداڵە و لە گوندی تل نەجمە لە تل تەمر دەژی و سەرقالی دروستکردنی تەنووری گڵینە.

 

"دروستکردنی تەنوور کولتوورێکی کۆنە، ژنان بە زیندووی دەیهێڵنەوە"

وەردە عیسا باس لە دروستکردنی تەنوور دەکات و دەڵێت: تەنورەکان لە گڵی سوور و خوێ و ئاو و پەڕۆ دروست دەکرێن، قوڕەکە بە دەستەکانمان تێکەڵ دەکەین و هەندێک پەڕۆی تێدەکەین بۆ ئەوەی یەک بگرن، دوو ڕۆژ دەمێنێتەوە، دواتر بنکەکەی لەسەر زەوییەکی ڕاست دادەنێم و بەپێی ئەو بناغەیە تەنوورەکە دروست دەکەم، تەنوور لە ٩ ڕیز پێکدێت، هەر بازنەیەک بە دەست دروست دەکرێت، دروستکردنی کارێکی ئاسان نییە، پێویستی بە کار و هێزێکی زۆر هەیە، مانگانە نزیکەی ٧ تەنوور دروست دەکەم و هەر تەنوورێک بە ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار دەفرۆشم و یارمەتی ئەو کەسانە دەدەم کە توانایان نییە بیکڕن.

 

دەربارەی شێوازی فێربوونەکەی، وەردە عیسا ئاماژەی بەوەکرد لە منداڵییەوە ژنە بەتەمەنەکانی ناو گوندەکان تەنووریان دروست دەکرد، ئەمیش تەماشای دەستی دەکردن و وردە وردە دووبارەی دەکردەوە، وتی: هەر تەنوورێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا تەواو دەکەم، یەکەم تەنوور کە دروستم کرد بۆ خۆم بوو وە نانم پێ برژاند.

 

"ژن ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بنیادنانەوە و بەڕێوەبردنی خێزان"

وەردە عیسا دووپاتیکردەوە کە دروستکردنی تەنوور کولتوورێکی مێژووییە و ژنان تا ئەمڕۆ بە زیندوویی دەیهێڵنەوە و بژێوی ژیانیانی پێ دابین دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ژنان کاری دروستکردنی تەنووریان دۆزیوەتەوە، ژنان هەموو ئەو شتانەیان دروست کردووە کە لە خاک دروست دەکرێن چونکە پەیوەندییان بە خاکەوە هەیە، وتیشی: کارێکی باشە و زۆرم خۆشدەوێت و چێژی لێ وەردەگرم، ژنان ڕۆڵێکی جەوهەرییان هەیە لە بنیادنانەوە و بەڕێوەبردنی خێزان و کۆمەڵگەدا، ئەوان پێشەنگن لە دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وەردە عیسا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە پڕۆژە بۆ پەرەپێدانی کار و چالاکییەکانی ژنان لە گوندەکاندا دابنرێت.