"بە کاری دەستی خۆم دەمەوێت کولتووری کوردی بپارێزم"

سۆزان عەباس خەڵکی تربەسپی دەیەوێت بە تابلۆ و کاری دەستی خۆی کولتووری کوردی بپارێزێت.

زەینەب عیسا

 

تربەسپی-ژنانی کوردی ڕۆژئاوا بە هەموو شێوەیەک لە پێناو پاراستنی ناسنامەی کورد و میراتە دێرینەکەی خەبات دەکەن، سۆزان عەباس ژنێکی کوردی خەڵکی شاری تربەسپیە لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها سۆزان عەباس پێشانگایەکی بۆ پاراستنی میراتی فەرهەنگی گەلی کورد کردووەتەوە و لەوێ بەرهەمەکانی پێشکەش دەکات.

 

"من بووم بە مامۆستای هونەر"

سۆزان عەباس باسی سەرەتای بەهرەی خۆی لە بواری نیگارکێشی و کاری دەستی کرد و وتی: هەر لە منداڵییەوە بەهرەم هەبووە چونکە هەمیشە وێنەم دەکێشا و کاری دەستیم دروست دەکرد، بەڵام دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، چوومە وۆرک شۆپەکانی زمانی کوردی پاشان نیگارکێشیم خوێند و لەم بوارەدا بەهێزتر بووم، دواجار بووم بە مامۆستای نیگارکێشی.

 

وتیشی: تەنانەت پێش کاری وانە وتنەوەشم، هەمیشە تواناکانم لە کاری دەستیدا باشتر دەکرد هەمیشە حەزم دەکرد وەک دایکم کڵاو و ئیسکارف دروست بکەم، پاشان ویستم بەرهەمەکانم لە پێشانگادا پێشکەش بکەم، ئەم پێشانگایەم کردەوە و وێنە و کاری دەستی خۆمم پێشکەش کرد، پشتگیری خێزانەکەم هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە کارەکانم سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی ئەو شارەی کە تێیدا بووین.

 

"بە خۆڕاگری و ئیرادە بەردەوام بووم"

سۆزان عەباس باسی لە سەختییەکانی سەرەتا و ئامانجی پاراستنی کولتووری کوردی کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەختی کارەکەم ئەوە بوو کە هەموو کەسێک لە شارەکەدا دروستی دەکرد، هەمیشە پێیان دەوتم بەرهەمەکانتان سەرنجڕاکێش نابێت، بە خۆڕاگری و ئیرادەی خۆم بەردەوام بووم و ڕێگەم دا کارەکانم گەشە بکەن و هەمووان سەردانی پێشانگاکەم بکەن، ئەو ئامڕازانەی کە بەکاریان دەهێنم هەمووی شتی سروشتین وەک خاک و ئاو و گەڵای دار، زۆربەی ئەو وێنانەی کە دەیکێشم ڕەنگی ئاو و خەڵوزن، ئامانجم لە کردنەوەی پێشانگاکە پاراستنی کولتووری کوردییە هەموو ئەو شتانەی کە لە خانووە کۆنەکانماندان لێرە وەک ئیکسسوارات دادەنێم چونکە ئەوەی ژنانی کورد بە دەستی خۆیان دروستی دەکەن جوانە و منیش ویستم کولتووری خۆم بەو شێوازە بپارێزم.

 

"پێویستە کولتوورەکەمان بپارێزین"

سۆزان عەباس ئاماژەی بەوەکرد لە داهاتوودا ئامانجیەتی پێشانگاکەی فراوانتر بکات و داوای کرد هەموو ژنێکی کورد لە ماڵەکەی خۆیدا میراتی کولتووری کوردی بپارێزێت و لە کۆتاییدا وتی: پڕۆژەیەک هەیە کە دەمەوێت بەشداری تێدا بکەم، بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لەڕێگەی نیگارکێشانەوە متمانەمان بەخۆیان هەبێت، لێهاتووییەکانیان دەربخەن و قسە نەرێنییەکانی خەڵک پشتگوێ بخەین، پێویستە بەرهەمەکانی میراتی کورد لە ماڵەکانماندا بپارێزین بۆ ئەوەی کولتوورەکەمان لەدەست نەدەین.