مێژووی بوون و شارستانییەت لە میزۆپۆتامیادا شاراوەیە.... ١
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەنگاوی یەکەمی مرۆڤبوون و هزر نرا، هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەسەر ئەم خاکە شۆرشی ژن بەرپا بوو. ژیانی بە واتا لە کەناری رووبارەکانی دیجلە، فورات و خاپور بە پێشەنگی ژنان دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ
سروە نیرگز، ژن تیڤی- مێژووی نیۆلۆتیک بنچینەی سەرەکی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، مێژووی شاراوەی گۆبەکلی تەپە، واشۆکانی، ئۆرکێش، رووباری خەلان، بەرزایی کۆرتیک، ئەشکەوتی شانەدەر رەنگدانەوەی ئەو مێژووە دورودرێژەیە کە ئەمڕۆ خاکی کوردان پێکدەهێنێت و بوون درەوشاوەتر دەکات، ئەوەش ڕاستیەکە کە بە گشتی مێژووناسان، لێکۆلەران لەسەری هاوبیرن. ئەوە راستی و ئەزمونەکانی ژیانی کوردە.
زاراوەی "میزۆپۆتامیا" کە ئاماژەیە بۆ ناوچەی نێوان دوو ڕووبار، ڕەگ و ڕیشەی لە وشەی یۆنانی کۆنەوە وەرگیراوە. لە دوو وشەی "مێسۆس"، بە واتای "ناوەڕاست"، و "پۆتامۆس"، بە واتای "ڕووبار" دێت. بە پێێ لێکۆلێنەوەکان ناوەکە لە زاراوەیەکی پێشووتری ئارامییەوە وەرگیراوە و لە ژێر کاریگەری زاراوەی ئەکەدی "بیریت ناریم"دایە میزۆپۆتامیا بە هیلالی بەپیت و لانکەی شارستانیەت ناسراوە، هاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، باکووری ڕۆژهەڵاتی چیای زاگرۆس و باشووری ڕۆژهەڵاتی فەلاتی عەرەبی، هاوتایە لەگەڵ هەندێک ناوچەی ناو سنووری ئەمڕۆی عێراق، ئێران، سوریا، کوێت و تورکیا.
میزۆپۆتامیا ناوی جوگرافیایەکە کە میوانداری چەندین شارستانییەتی جیاوازی کردووە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ، پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بەشدارییەکی بەرچاویان لە کولتوور و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی جیهانیدا هەیە، ئەو چالاکییانەی کە تا ئێستاش لە ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەدا بە شێوەیەکی سروشتی ئەنجام دەدرێن، وەک داهێنانی نووسین و چەرخ، کەشتیوانی، چەمکی ڕۆژێکی ٢٤ کاتژمێری، ڕێکخستنی مافە مەدەنییەکان و ئاودێری بەروبووم، سەرەتا لەم خاکانەدا پەرەیان پێدرا کە دەکەونە نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات و بە وڵاتی نێوان دوو ڕووبار ناسراون، کە میوانداری شارستانییەتە گەورەکانی میزۆپۆتامیایان دەکرد.
لە دەوروبەری ٤ هەزار ساڵ پێش زایینەوە قۆناغی سەرەتایی کەلتوری سۆمەری وەک کۆنترین شارستانیەت لە ناوچەی میزۆپۆتامیا سەریهەڵدا، کە دەکاتە عێراقی ئێستا، سۆمەرییەکان بە ناوی شاری کۆنی سۆمەرەوە ناونراون، چەند میلێک لە باشووری شاری کوتی مۆدێرن بووە لە ڕۆژهەڵاتی عێراق. شوێنەوارناسان قۆناغی سەرەتایی سۆمەری بە سەردەمی ئوروک ناودەبەن، کە ناو و مێژووی ئێستای عێراقیشی لێوە پێناسە دەکرێت.
ئوروک بە یەکەم شاری دامەزراو دادەنرێت لە جیهاندا، سەرچاوەی نووسین، یەکەم نموونەی کاری تەلارسازی لە بەرد و دروستکردنی پێکهاتەی بەردی گەورە، سەرچاوەی زیگورات بووە و یەکەم شاریشە کە پەرەی بە مۆر داوە و لە میزۆپۆتامیای کۆندا بەکارهێنراوە، بە تایبەت بۆ دیاریکردنی موڵکی کەسی یان وەک واژۆ لەسەر بەڵگەنامەکان. هەر ئەمەش بەشێکە لە مێژووی چینایەتی و موڵکایەتی، کە تا ئەمڕۆ وەک دەردێکی کوشندە ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دێرینەکانی ناوچەکە بووەتەوە، شارەکە بەسەر دوو بەشدا دابەشکرابوو، قەزای ئیانا و ناوچەی ئەنوی کۆنتر، کە بە ناوی خوداوەندی ئینانا ناونراوە، چونکە خوداوەندی دامەزرێنەری شاری ئورکە. لەبەر ئەمە خوداوەندبوونی ژن دەبێتە نیشانەی ئەم پێشکەوتن و ئەم ئایینە و بە "ئاینیی خوداوەندەکان" بەناو دەکرێت، خواوەند ئینانا لە سەردەمی گلگامێشدا بە ئەنکیدۆ دەڵێت: "تۆ سەدان 'ما'ـی منت دزی، من هونەرم ئافراند و بە سەدان ڕێکخستنم دامەزراند، کەچی ئێستا تۆ خۆت کردووە بە خاوەنیان. درۆ دەکەیت و دەڵێیت؛ من ئەمانەم ئافراندووە."
ئوروک شارێکە کە مێژووی ئەمڕۆ تیادا پێناسە دەکرێت، دەستکردن بە بازرگانی یەکێک لە بنەچەکانی داڕشتنی ڕێبازەکانی سیستمی سەرمایەداری بوو کە بووەتە بەشێک لە کێشە چینایەتییەکانی دەردی هەموو کۆمەڵگەیەکە.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان سەرنج بۆ شاری ئوروکی سۆمەری ڕادەکیشێت و دەڵێت: "لە ڕاستیدا کێشە لە چینایەتییەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو لە دەوری کۆمەڵگابوونی ژنەوە پێشدەکەوێت، ئەوەندەی تێگەیشتووین ئەم کێشەیە لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵگای شارستانییەت دەهێنێت، شار دروست دەبن و لێرەشدا شوێنپەنجەی ژن هەیە، دەبینین شاری ئوروک هەیە، ئەم شارە دەوڵەت و چینی یەکەمە. ئوروک بۆ یەکەمجار سەرمەشقی پێشکەوتنێکی بەو جۆرەیە، داستانی گلگامێش ئەم ڕاستییە دەخاتە پێش چاو، لێرەدا شەڕێکی گەورە ڕوویداوە و ئەم شەڕەش لە گلگامێشدا باسکراوە، یەکەم داستانی مرۆڤایەتیش ئەمەیە. بێگومان لەناو ئەم دەستپێکەدا سەدان دەستپێکیتر هەیە، چین و دەوڵەت ئافرێنراوە، ئەمانە پێشکەوتن و دەستپێکی زۆر گەورە و مێژوویین. لێرەدا خوداوەندی دامەزرێنەری شاری ئوروک ئینانایە، هەروەها وشەی "نینا"ـش لێرەوە هاتووە، لەبەر ئەمە خوداوەندبوونی ژن دەبێتە نیشانەی ئەم پێشکەوتن و ئەم ئایینە".
گرنگی خوداوەندەکانی میزۆپۆتامیا بۆ زیندوو هێشتنەوەی پێگەی ژن
خەڵکی میزۆپۆتامیا لە بیر و باوەڕی ئاینی، چەندین خودا و خوداوەندیان دەپەرست و دەسەڵاتیان بەسەر چالاکییەکانی مرۆڤ و هێزەکانی سروشتدا بۆ دەگەڕاندەوە. ناوی خوداوەندە بەراوردکراوەکان بە تێپەڕبوونی کات و شوێن جیاواز بوون، بۆ نموونە، مەنا، خوداوەندی سۆمەری بۆ بەخێوکردن و خۆشەویستی و جەنگ بوو، هاوتای عشتاری بابلیەکان و ئیسیسی میسرییەکان و ئەفرۆدیتی یۆنانیەکان و ڤینۆسی ڕۆمەکان بوو.
هەر شارێکی میزۆپۆتامیا خوداوەندێکی پارێزەری خۆی هەبووە و ئەو مێژووەش بە شوێنەواری لەوحەی گڵی تا ئێستا ماوەتەوە، کە باس لە بیروباوەڕ و پراکتیزە ئاینییەکانی میزۆپۆتامیا دەکات.
ئەو ناوچەیەی کە کولتووری سەردەمی بەردینە نوێیەکان تێیدا زاڵ بووە، کوردستانی ئەمڕۆ، سوریا، میسر، لوبنان و فەلەستینە و هەمیشە لە ژێر کاریگەری سیستەمی بیروباوەڕدا بووە. ئەم کاریگەرییە هەمیشەیی بووە، هەروەها ناوی خوداوەندەکانیان بەپێی زمانە جیاوازەکان لە قاڵب دراوە و ناویان لێنراوە.
ئەگەر لێرەدا خواوەند نینهورساگ، خوداوەندی چیای زاگرۆس و ئیشتار، خوداوەندی بەخێوکردن لە خوارووی میزۆپۆتامیا، وەک خوداوەندی دایکی ئەستارتە بەنموونە بهنینەوە، ئەو خواوەندانە گەیشتنە شارستانیەتەکانی دەریای ناوەڕاست لە دامێنی چیای زاگرۆس، تا ئەمرۆش نوێنەرایەتی کولتووری بەربڵاوی ژنان دەکات لەم جوگرافیایەدا. ئایا دەمانزانی کە لە نێوان سەدەی چوارەم و بیستەمدا، خوداوەند "ئەستارت" یان "ستار"، لە کولتوری بەردینە نوێکاندا لە میزۆپۆتامیاى خواروو بۆ میسر و لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ ئیتاڵیا گۆڕاوە بۆ سیمبولێک؟
واتا مێژوونووسان ئەستارتیان بە "خواوەندی سەرەکی گەلان" بەناو کردووە. خوداوەندی ئەستارت کە بنەچەی هورە، لە کوردیدا "ستار" یان "ستێڕا"ی پێدەوترێت. خوداوەند ئاستارت بە زمان و کولتوری جیاواز دەپەرسترێت و نزای ئەوەی لادەکرێت، بەخێوکردن و نیعمەت و خۆشەویستی و سەرکەوتن لە شەڕدا بەدەستبهێنێرێت، ئەو خوداوەندی ئەستێرەکانە و دیارترین تایبەتمەندی لە پەیکەرسازی و وێناکردندا هەندێکجار وەک دوو قۆچ لەسەر سەری وێنا دەکرێت، هەندێکجاریش ئەستێرەیەکی لەسەرە. هەروەها وێنا دەکرێت کە شمشێرێکی بەدەستەوەیە و لە لایەک شێرێک و لە لایەکی تر ئەسپێک و لە شانەکانی کۆترێک هەیە.
خوداوەندە ئەستارتە دوای دامەزراندنی سیستەمی پیاوسالاری، کولتوری خوداوەندی دایکی گەیاندە زۆرێک لە شارستانیەتەکان، بەو پێیەی زۆرێک لە خوداوەندەکان نوێنەرایەتی کولتووری دایکی مێینە دەکەن لە ئەفسانەکاندا.
کشتوکاڵ بە دەستی دایک-ژن سەریهەڵدا
کشتوکاڵکردن کە شۆڕشێک بوو بەدەستی ژن هەڵگیرسا، لە ئەمڕۆدا گرنگییەکی باشتر دەکەوێتە بەرچاو، چونکە هەر وڵاتێک ژینگەکەی لەناوبچێت و ژن لە خاکەکەی جیابکرێتەوە، بۆ هەمیشە بە هەژاری ماوەتەوە، سەرەتاییترین کۆمەڵگای کشتوکاڵی نیشتەجێبوو نزیکەی ٩٠٠٠ پێش زایین بە دەستی دایک-ژن سەریهەڵدا، سەرەتا لە گردەکانی سەرووی ڕووبارەکان و دواتر لە دۆڵی ڕووبارەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەوە، گوندەکانی کشتوکاڵی وردە وردە گەشەیان کرد و بوون بە شار، پاشان دانیشتوانی زۆر لە ناوچە گوندنشینەکانی دەرەوە جیاکرانەوە.
بازرگانی لە نێوان کۆمەڵگە دوورەکاندا زیادیکرد و کشتوکاڵکردن لە کەوانی بەپیتەوە بڵاوبووەوە و بە نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا گەیشتە کەنارەکانی ئەتڵەسی ئەوروپا، لە نێوان ساڵانی ٤٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠ پێش زایین، گۆڕانکارییەکی گەورەی کلتووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویدا، شوێنەوارناسان پێیانوایە ئەم گۆڕانکارییە سەرەتا لە باشووری میزۆپۆتامیا ڕوویداوە، دواتر بەرەو باکوور بڵاوبووەتەوە، دۆزینەوەی هەڵکۆڵینەکان کە لە ساڵی ١٩٩٩ دەستیپێکردووە، ئەوە نیشان دەدەن کە پەرەسەندنی گوند و شارە کشتوکاڵییەکان لە یەک کاتدا و سەربەخۆ لە ناوچەکانی باکوور و باشووری میزۆپۆتامیا کە عێراقی ئێستا دەگرێتەوە، دەستیپێکردووە.
شارە ئاوەدانەکان و خاکی دەوروبەریان گەشەیان کرد بۆ ناو شار و پارێزگا، کە هەریەکەیان حکومەتی خۆی هەبێت، شانشینی گەورەتر ئەم شار و پارێزگایانەی بەڕێوەدەبرد، ژیانی شارەکان و چڕی دانیشتووانەکەی بووە هۆی گەشەسەندن لە کارامەیی تایبەتمەند. جگە لە کاری کشتوکاڵی، لە هەمان کاتدا پلەبەندی کۆمەڵایەتی پەرەی سەند. هاوشانی ئەوە داهێنانی وەک وەرشەی هاڕینی ئارد، دروستکردنی خشت، گۆزە و قوڕکاری، قوماش و کەلوپەلی کانزایی سەریان هەڵدا و دروستکردنی پەرستگا و کۆشکەکان، بیناکاران و هونەرمەندەکانی سەرقاڵ دەکرد. کە لە دواتردا ئەم کۆشکانە بونە بەشێک لە شارستانییەت و خواوەندی دەمامکدار و شاراوە باڵادەستی خۆیان تیادا بەڕێوەبرد و تا ئەمڕۆش لە چەشنی دەوڵەت-نەتەوە و وڵاتانی باڵادەستدا خۆیان دەنوێنن و سەروەری خۆیان بەسەر جیهاندا دەسەپێنن.
لە کۆشکەکاندا خواوەندە دەمامکدارەکان فەرمانڕەوایەتییان دەکرد، لە خاکێکدا کە ژن لە پێگەی یەکەمدا کۆمەلگەبوونی لە دەوری خۆی دامەزراندبوو، بەرە بەرە بە شەڕی دەسەڵاتداری کۆمەڵگەی سروشتیان بەرەو لەناوبردن برد، بە چڕکردنەوەی خەڵکیش لە شارەکاندا دەوڵەتدارییان گەیاندە ئاستی پێگەیاندن، ڕێبەری گەلان ئەم قۆناغەی شکاندنی پێگەی ژن بە نزیکەی ٣٠ هەزار ساڵ پێناسە دەکات
شارە سەرەتاییەکانی سەردەمی بەردینی نوێ کامانەن؟
یەکێکە لە سەرەتایترین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێریکۆ'یە کە دەکەوێتە خاكی كەناری ڕۆژئاوا لە فەلەستین، نزیكەی ٢٠٠٠ كەسی تێدا ژیاوە لە دەوروبەری ٧٠٠٠ ساڵ پێش زایین، خانووەکانی لە خشتی قوڕ دروستکرابوون شێوەی گڵیان پێدرابوو و لەبەر خۆردا وشککرابوونەوە، کە ڕووبەرەکەی بە نزیکەیی ٦ دۆنمیان داپۆشیبوو.
عەین غەزەل یەکێکی تر بوو لە شارەکان، لە دەرەوەی عەمانی پایتەختی ئێستای ئەردەن، ئەو شارۆچکەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٧٢٠٠ بۆ ٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین، ڕووبەرەکەی بە نزیکەیی ٣٠ دۆنم زەوی لە ئاستی نزم بۆ بەرزی داگیرکردبوو و بە دیواری بەردین جێگیرکرابوون، خانووەکانی لە شێوەی ئەدۆبی پویبلۆس دەچوون، کە گەلانی ڕەسەن لە باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا دوای زیاتر لە ٧ هەزار ساڵ دەستیان بە دروستکردنی کرد.
چڕبوونەوەی خەڵک و سەرچاوەکان لە شارەکانی وەک جێریکۆ و عەین غەزەل هەنگاوێکی سەرەتایی بوو بەرەو پێکهێنانی شار و پارێزگای گەورەتر کە لە میزۆپۆتامیا سەریان هەڵدا و دواتر لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دێرین بیندرا.
لەسەر هەندێک دیوار وێناکردنی ئەو ژنانە هەیە کە لەدایکبوونیان بە گاکان بەخشیووە، لە ژوورێکدا، ژنێکی سەر پلنگ- هەیە لە ناوچەیەکی دیواری کەوانەیی بەرزدا لە سەرووی سێ سەری گەورە و پڕۆژەکراوەوە وێنا کراوە کە لەدایکبوونی بە بەرخێک بەخشییووە. ئەم دەرکەوتنانەی ژن بە پەیکەر و لە شێوازی وێناکردنی کاری خوداوەندە ژنەکانیشدا، دەریدەخات کە دایک-ژن خوڵقێنەر، بەدیهێنەر و بەرهەمهێن بووە لە سەرەتای شارستانییەوە، ژنان شۆڕشی کشتوکاڵیان بەرپاکردووە و پەرەیان پێداوە، ئەوان بەدیهێنەر بوون و پەروەردە و ڕێکخستنی کۆمەڵگایان کردووە و بەڕێوەبەری یەکەمی کڵان و کۆمین و تا خێزانی لە شێوەی خێزانی ئەمڕۆ بوون.
لە دیدگاکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالاندا، پەیوەست بە ڕەگەزی ژن و پیاو و کێشەی دەوڵەت و کۆمەڵگە باس لەوە دەکات؛
"کێشەی کۆمەڵگا لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانییەتی دەوڵەت دەستیپێکرد، بەڵام ئێستا وادیارە نەک لەگەڵ دەوڵەت بەڵکوو زۆر کۆنترە، ٣٠ هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دروستبووە. دەرئەنجام ڕێکخراوبوونێکی پیاو کە هەرگیز لە ژن ناچێت و جۆرێک لە کەسایەتیی ژن؛ کە پێیوایە لەنێوان خۆی و پیاودا بە ئەندازەی چیایەک جیاوازی هەیە؛ پێشکەوت، سەرنج بدەن لە نێوان کرۆمۆسۆمی ژن و پیاودا جیاوازییەکی زۆر بچووک هەیە. دەرئەنجام ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین زیهن (فیکر)؛ تایبەتمەندی مرۆڤە و (ژن) و (پیاو)ـی بۆ نییە، تایبەتمەندییەکە کە هەموو ئەم دوانەی جیاوازییانە تێدەپەڕێنێت"
میزۆپۆتامیا ئامێزی پڕ لە ڕەنگی جیاواز بوو، یەکێکیش لە ڕەنگەکانی ئاین بوو، سەرهەڵدانی ئاینە جیاوازەکان، کە لە بنەڕەتدا فرەیی چەشنە جیاوازەکان بوو، باڵی کێشا بۆ ناکۆکی باوەڕیی و بە دوای خۆیدا گۆڕانکاریی بەرچاوی لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیادا خوڵقاند، هەر باوەڕییەک بەرفراوانتر بوایە، هێندە هێزی زیاتر بوو، بۆیەش تەماعی باڵادەستی لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی باوەڕییەوە دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش باوەڕی و ئاین یەکێکە لە پایە گرنگەکانی هەژموونی دەوڵەت نەتەوەکان.
ئاین ڕێڕەوێنی هەزاران ساڵەی مێژووە، کە بە پێناسەکردنی؛ دەتوانرێت ئەمڕۆی بە سانایی پێ شیبکرێتەوە، لە دوای قۆناغی خواوەند-ژنەکان کە بە سەردەمی میتۆلۆژیا بەناو دەکرێت، پڕۆسەی شکاندنی ژن و شێوەگرتنی خوای دەمامکدار دەستی پێکرد، ئەمەش بە قۆناغی ئاینداری بەناودەکرێت و باڵ دەکێشێت بۆ داڕشتنی پلەبەندی زیگورات و چەسپاندنی باڵادەستی شارستانیەتەکان، کە بە دەسەڵاتداری و دەسەڵاتخوازی تا ئەمڕۆ هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکانە، بە تایبەت هێڵی بەریەک کەوتنی باوەڕی بێزەنتی و کریستیانەکان، بەرامبەر وەستانەوەی کریستیان و ئیسلام و ئەمڕۆش هێڵی ڕکابەری ئیسلام-جووەکان سەلمێنەری ڕاستی ڕەوتی مێژووین. بۆیەش میزۆپۆتامیا جگە لەوەی لانکەی گەلە و نەتەوە دێرینە جیاوازەکانە و بە سەدان گەل تیایدا هاتوون و ژیاون و لەناوچوون، باوەشیشی پڕ لە باوەڕییە جیاوازەکانە کە بەشێکیان ڕکابەری مێژوویان کرد و تا ئەمڕۆ وەک بەشێک لە گەلی کورد ماونەتەوە، ئەوانیش ئاینەکانی یارسانی (کاکەیی)، عەلەوی، ئێزدی، شەبەک و دروزی، زەردەشتی، یەهوودی، مەسیحی، غەنوسی، ئیسلام و چەندانی دیکەن، کە کۆنترینیان شوێنکەوتوانی ئاینی زەردەشتن و لە ماوەی نێوان ساڵانی ٥٥٠ پێش زاین، تا ساڵی ١٩٢٥ بە پێنج کۆمەڵكوژی جیاوازدا تێپەڕیون، تا گەیەندرانە دۆخێک کە تەڵاش و بەرەو لەناوچوون دەچن و سەرەڕای دێرینی و بناغەیی ئاینەکە بۆ ئاینەکانی دوای خۆی، بەڵام لە ھەموو جیھان بە تۆمار ٢٥٠،٠٠٠ کەس شوێنکەوتەی ئاینەکەن.
ئێزدییەکانیش یەکێکن لە کۆنترین ئاینەکانی ناوچەکە و نمونەی سروشتیی و کۆمەڵگەیی بوونن. ٧٤ جار ڕوبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەتەوە و لەلایەن میرنشین و باوەڕی جیاوازە هێرشیان کراوەتە سەر و لە بەرامبەر شەڕی باڵادەستی ئاینی، ئەمڕۆ بە شێوەگرتنی داخراوی ئاینەکە بەرخۆدان بۆ مانەوەیان لە کوردستاندا دەدەن.
ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە پەرتووکی پرسی کورد و ڕێگەچارەی نەتەوەی دیموکراتیکدا باس لەوەدەکات؛
"مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لەجیاتی ئایین و خوداپەرستی باو، راستەوخۆ خوداوەندێتی دەوڵەت-نەتەوەی دامەزراندووە. ئەگەر بێتو ئایدیۆلۆژیای نەژادپەرستی وەک ئایینی، دەوڵەت-نەتەوە هەڵبسەنگێنین، ئەوا خودی دەوڵەت-نەتەوە هەروەک خودای ئەو ئایینەش خۆی بەجێدەکات، چونکە خودی دەوڵەت لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا وەها دامەزراوە کە سەرجەم دەستەواژەکانی هەموو خوداوەندانی چاخی یەکەم و تەنانەت چاخی ناوەڕاستیش لەخۆبگرێت، ئەو دیاردەیەش پێی دەگوترێت "دەوڵەتی عەلمانی"، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان دەوڵەت و خوداوەندێتیدا هەیە. لەگەڵ دەزگاکانی دەوڵەت-نەتەوەشدا، هەژموونی ئایدیۆلۆژیای مۆدێرنێتەی سەرمایەداری هەیە کە زیاترین قازانجی بۆ بەرجەستە دەکات، کە پەرەپێدراوترین رێکخراوەی زەبر و زەنگی کۆمەڵگایە بە درێژایی مێژوو، گەمارۆدانی سەراپای کۆمەڵگایە لەلایەن زەبر و زەنگی دەسەڵاتەوە، هەر ئەمەش ئامرازی بە زۆر کۆکردنەوەی بەرهەمی ژینگە و ئەو کۆمەڵگایەیە کە سەرمایەداری بە زیاترین قازانج و ئەندستریالیزم دووچاری شیبوونەوەی کردووە. بێ ئەندازە لێوانڕێژبوونی لە زەبروزەنگ، لە مەیلی زیاترین قازانج و کەڵەکەکردنی بەردەوامی سیستەمە. دەوڵەت-نەتەوە تەنیا سەرچاوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان نییە، لە هەمانکاتدا بناغەییترین کۆسپی بەردەم چارەسەرییەکانیشە، چونکە بناغەی سەپاندنی یەک زمان و یەک خاک و یەک باوەڕییە، کە فرەیی لەناودەبات و لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتیدا یەکانگیر نابێت.
سبەی بەشی دووەم، شۆڕشی پیشەسازی، باڵایی و نەتەوەو ڕەگەزیی، سەرمایەداری، تێکدانی ژینگە، شکاندنی پێگەی ژن، کایەو کارە سەرەکییەکانی مانەوەی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە، لەڕاستیدا دەوڵەت،نەتەوە کەی خۆی بونیاد نا، چؤن جێگیر بوو، ئەمڕۆ چۆن بەڕێوەدەچێت؟