سەرهەڵدانی جەنگە جیهانییەکان؛ بەردەوامی دان بە ئیمپڕیالیزم

سەرهەڵدانی جەنگە جیهانییەکان لە لایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە گەشەسەندن و بەردەوامی سیستمی ئیمپریالیزمە، گەلی کورد نموونەی هەرە دیاری ئەم سیستمەیە.

 

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_  ئیمپڕیالیزم بەواتای هەبوونی سەروەری بەسەردا کردن دێت، لە ڕووی کرداری و وشەوە لە وشەی ئیمپڕاتۆریەتەوە نزیکە، واتای دەسەڵاتداری سیاسیی و ئابووری وڵاتێکی دیکە بە زۆرەملێ بسەنیت و بەسەریاندا زاڵبیت، بناغەی سەرھەڵدانی ئیمپریالیزم دەگەرێتەوە بۆ دۆزینەوەی وشکانیەکانی ئەمریکا لە لایەن کریستۆڤ کۆلۆمبۆس، لەو کاتەوە وڵاتانی زلھێز حەزیان بە تێپەراندنی دەسەڵات لە دەرەوی سنوری خۆیان کرد و بە بیانوی ئاوەدانکردنەوە داگیریان کردو سەروەری خۆیان بە سەر دا سەپاندوە.

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناڵێنێت بەدەستی داگیرکاری ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواوە، لەگەڵ داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٩١، ئەمریکا وەک تاکە زلهێزی جیهان مایەوە، ئیمپریالیستەکانی ئەمریکا پێیانوابوو کە بەو پێیەی خاوەنی هێزێکی ئابووری و سەربازی بێهاوتان، دەتوانن باڵادەستیی خۆیان بەسەر هەر گۆشەیەکی جیهاندا دووپات بکەنەوە، لەگەڵ دابەزینى ئاستى ڕووسیا بۆ بشێویی، چینی دەسەڵاتداری ئەمریکا دەستبەجێ دەستیان کرد بە دەستوەردان لە پانتاییە کاریگەرەکانی پەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا لە سەرانسەری جیهاندا، لە زۆربەی دۆخەکاندا، دەتوانرێت دەستوەردان لە ڕێگەی شێوازە ئاساییەکانی  بازرگانیی ئیمپریالیستەکان و دیپلۆماسیەوە ئەنجام بدرێت، لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆمارییەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوش دا، پێشکەوتن بە ئامێرە جەنگیەکانی ئەمریکا درا،  ئەوەى مایەوە بۆ جەنگ تەنیا بیانوویەک یان پێش زەمینەیەک بوو و هیچیتر، کە بێگومان لە خزمەتى ئەمریکا خۆیدان، بۆ ئیمپریالیستەکانی بەریتانیاش، جەنگ ئامرازێک بوو بۆ دەست تووندکردن بە کاریگەرییە خێراکانى دابەزینیان لەسەر شانۆی جیهانی، لەگەڵ ئەوەی سەرمایەداریی بەریتانیا لە دابەزینێکی درێژخایەندا بوو،  ئیمپراتۆریەتی پێشووی لەدەستدا، ڕۆڵی بەریتانیا کەمێک زیاتر بوو لە تەنیا خزمەتکارێکی وابەستە بە ئیمپریالیزمی ئەمریکییەوە.

 

سەرهەڵدانی جەنگە جیهانییەکان لە لایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە گەشەسەندنو بەردەوامی سیستمی ئیپریالیزمە، مێژووی پاش جەنگی دووەم، بریتییە لە مێژووی ئەمریکای جێگرەوە لەبری وڵاتانی ئیمپریالیست، کە یەک بەیەکیان لە ژێر فشاری سەرهەڵدانەیلی ئازادیخوازانەدا، ناچار بوون دەستبەرداری پێگەی ئیمپریالیسمییانەی خۆیان ببن وەک چوونی ئەمریکا بۆ هند و چین لە پاش چوونی فەڕەنسا، ئێستا ئەوە ئەمریکایە بە هەبوونی پێگەی سەربازیی لە زیاتر لە ٧٠ وڵاتی جیهاندا، بەڕەی ئیمپراتۆریی ڕانەگەینراوی خۆی لەسەرانسەری دونیادا ڕاخستووە بێ لە وڵاتانی سۆشیالیستیی، ئەمڕۆ وێڕای دابەشکردنی کاری نێودەوڵەتی لە جیهانی سەرمایەداریدا لەنێوان وڵاتانی بەرهەمهێنی کەرەستەی خاو و وڵاتانی پێشکەوتووی پیشازییدا، ڕیزبەندییەک لە ئۆردوگای وڵاتانی ئیمپریالیستدا وا لە گۆڕێ و ئەم وڵاتانە بەپێی هیزی ئابووری و سەربازی، لەم ڕیزبەندییەدا جێکەوت دەبن، ئەوانەی بەهێزترن، وڵاتانی تری ئیمپریالستیی بەکار دەهێنن، دواجار ئەم ڕکابەرییەی ناو ئۆردوگای وڵاتانی ئیمپریالیستی، بەهۆی ئەو مەترسییەی لە سەر سیستەمی ئیمپریالیستییە، خاو و سنووردار بووە. لە ئەمریکا تەکنەلۆژیای نوێی سەربازیی و گەشەی دەستەکانی بەرههێنان، بوون بەهۆی ئاوێتەبوونی بەرهەمهێنانی سەربازیی لەگەڵ کەرتە پیشەسازییە باڵادەستەکاندا، ئێستاکانێ لە ئەمریکا کۆمپانیا فرەنەتەوە سەربازییەکان بە سەر دەوڵەتدا زاڵدەست بوون و بەرژوەندییەکانی ئەم کۆمپانیایانە، لە سەری سەرەوەی بەرنامەی دەوڵەتدا جێکەوت کراون، کۆمپانیا فرەنەتەوەکان کە بە ئاڕاستەی کۆنتڕۆڵکردنی بەرفراوان و گەردوونیی پیشەسازییە نوێ و قازانجبەخشەکان پیشەسازیی وزەی ناوەکیی، کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکانی بۆشایی و مانگی دەستکرد هەم لە پەراوێز و هەم لە ولاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوودا هەنگاو دەنێن، بایەخێکی زۆریان پەیدا کردووە، ستراتیژ و پێکهاتەی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان، کە هۆکارن بۆ سەپاندنی هەژموونی پتر لەناو داگیرگەکانی پێشوودا، بەرنامە ئابوورییەکانی ئەم کۆنەداگیرگانە بەچڕیی دەخەنە ژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی خۆیانەوە.

 

هەوڵی ملکەچ کردنی گەلی کورد

شەپۆلی بە ئیمپڕیالیزم کردنی وڵاتان و جیهان لە لایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە زۆرێک لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیای گرتەوە، گەلی کورد لە سەروبەندی سەندنی مافەڕەواکانی گەلەکی و لە ململانێ و بەربەرکانێدا بوون لەگەڵ عەرەب، توورک و فارسدا، بە هاتنی وڵاتانی زلهێز داگیرکردنی خاک لە لایەن ئەوانەوە گەلی کورد گورزێکی کوشندەی بەرکەوت کە تا ئێستاش لەگەڵ دەوڵەتانی زلهێزدا لە شەردایە بۆ بەدەستکەوتنی مافەکانی گەلی کورد، ١٠٤ ساڵ لەمە پێش، بۆ ئەوەی شەڕ لە نێوان خۆیان دا دروست نەبێ بە مۆر کردنی پەیماننامەی سایکس-بیکۆ گەلی کوردیان بە سەر چوار وڵاتی ئیمپریالیزمی دا دابەشکرد و خەونی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی جارێکی دی لە مێشک و هزری گەلی کوردا سڕییەوە، لە ناویاندا سەرەڕای داگیرکردنی داهاتە نەوتی و سروشت و سامانی گەلی کورد لە پارچەکاننی کوردستاندا داگیرکەر هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەو کولتوور و دابونەریتی ناوچەکەش دەدات، ئامانجیانە بەتەواوی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە، ملکەچی خۆیان بکەن، کە ئەو داگیرکارییە لە کۆنەوە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە،  ئەو داگیرکارییە لە لایەن کۆماری ئیسلامی و تورکیای داگیرکەرەوە بە ڕوونی و ئاشکرای دەبیندرێت، بە تێپەربوونی ١٠٠ ساڵەی سایکس-بیکۆ و بە سەرچوونی ئەو پەیماننامەیە جاڕێکی تر پێویستە ئەو سنوورە دەستکردانە ھەڵبوەشێنەوە و لەو گۆرانکاریەدا کورد دەبێت زۆر بە وشیاری و بە یەکگرتویی خۆمان لە کۆلۆنیالیزم بوون رزگار بکات.

 

کێبڕکێی بازرگانی لایەنێکی دیاری ئیمپریالیستە

ئێستا وێڕای دابەشکردنی کاری نێودەوڵەتیی و خەسڵەتە هەڵقوڵاوەکانی ناو ڕەوتی دەرکەوتنی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان و ڕێبەرایەتیکردنی ئیمپریالیزم لەلایەن ئەمریکاوە، ڕیزبەندییەکی تر لە نێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا لە ئارادایە، کۆمپانیا بەهێزەکان، دامەزراوە پیشەسازیی و داراییە لاوازەکان بەکاردەهێنن، کەواتە یەکێک لە خەسڵەتەکانی سەردەمی ئێمە، ڕکابەری و ململانێیە لەنێوان ئەم کۆمپانیانەدا لەپێناو کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو و بازاڕ و دەرفەتەکانی وەبەرهێناندا، بە تایبەت چونکە تەکنەلۆژیای نوێ ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی هەیە و ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن تێیدا سەرکەوتن دەستبەر بکەن، کە خاوەنی توانای دارایی و تەکنەلۆژی و ئەزموونی کردەیی بن. کێبەڕکێ لەنێوان ئەوروپا، ژاپۆن و ئەمریکا لە سەر دەستبەسەرداگرتنی بازاڕەکانی یەکتر، یەکێک لە لایەنە دیارەکانی ئەم ململانێیەی ئیمپریالستییە.