زیلان عوسمان: چارەسەری ڕیشەیی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی پەروەردەیە

هەرچەندە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دەدەن، بەڵام تا دێت کەیسەکانی توندوتیژی زیاد دەکات و چەرەسەری ڕیشەیی بۆ نادۆزرێتەوە، پارێزەرێکیش دەڵێت: چارەسەری ڕیشەیی پەروەردەیە.

سلێمانی

 

توندوتیژی و دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی یاخود کوشتن و  ناچارکردنی ژنان بە خۆکوژی بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە، چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە مافەکانی ژنان و داکۆکیکردن لە ژنان بوونیان هەیە، جگە لەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و ڕێگریکردن لە توندوتیژی دامەزراون، بەڵام ئامارەکان زیاتر بەرز دەبنەوە، لە لایەکی دیکەوە ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتن وەک پێویست کۆناکرێنەوە و بە نەبوونی ئاماریش کێشەکەی قورستر کردووە، بەوەی کە هەڵسەنگاندنەکان لە چوارچێوەی قسەدا دەمێنێتەوە و هیچ بەڵگەیەک ناخرێتەڕوو.

 

لەگەڵ هەبوونی هەندێک ئامار لەبەردەستی ڕێکخراوەکاندا، هەرچەندە بەشێکیان هەوڵی ڕێگە چارەسەری و ڕێگریکردن لە توندوتیژییەکان دەکەن، لە بەرامبەردا بەشێکی دیکەیان تەنها ئامار دەخەنە ڕوو، کاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکان ناکەن. بە پێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ١٣ هەزار و ٤٨٩ سکاڵای خێزانی، ٩٠ حاڵەتی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراوە، هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا سەرەڕای هەوڵدان بۆ ونکردنی هەواڵی کوشتنی ژن و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بە پێی ئەو ئامارانەی نوژنها کۆیکردونتەوە ٧٧ ژن کوژراون و توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.

 

لە سەنتەری راوێژكاری خێزانییش هەزار و ٩٣٥ کەیس هەبووە، ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، بەهاوکاری سندوقی نیشتمانى بۆ دیموکراسی NEDی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بە ڕاپرسی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، ٧٠٪ـی بەشداربووان ئاماژەیان بەوەکردووە توندوتیژییەکان دەروونین، ٪١٠ جەستەیی و ٪٢٠ داراین.

 

"کێشەی ئابووری توندوتیژییەکانی زیاد کردووە"

زیلان عوسمان، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد هۆکار زۆرن بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان، یەکێک لەوانە خراپی دۆخی ئابووری هاوڵاتیانە، چونکە لە ئێستادا هاوڵاتیان مووچەیان پێنادرێت، گەنجان کاریان نییە و بێ کار و مووچە ماونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری دروستبوونی کێشە لەناو خێزانەکاندا، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاڵاکان ڕێکلامیان بۆ دەکرێت و بە بازاڕ دەکرێن، ئەمەش  وایکردووە کاریگەری لەسەر خێزانەکان هەبێت، چونکە بەشی زۆریان توانای دابینکردنی ئەو کاڵایانەیان نییە و دواجار کێشەی لێدەکەوێتەوە، جگە لە مووچەخۆران کاسبکارانیش کەوتوونەتە ژێر ئەو کاریگەرییەوە چونکە خراپی دۆخی مووچەخۆران کاریگەری لەسەر لایەنی ئابووری ئەوانیش دروست کردووە.

 

"تۆڕی کۆمەڵایەتی بووەتە ئاگر لە ماڵەکاندا"

زیلان عوسمان، باسی لەوەکرد مۆبایل و تۆڕی کۆمەڵایەتی بووەتە ئاگر لەناو ماڵەکاندا، وتی: هەر تاکێک دەتوانێت چی بووێت لە ڕێگەی مۆبایلەکەی دەستییەوە ئەنجامی بدات، چونکە هیچ سانسۆرێک بوونی نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەکان و هەڕەشە و توندوتیژییەکان زیاد ببن، لە بنەڕەتدا نەدەبوو لە بازاڕەکاندا مۆبایل بە نەوجەوانان بفرۆشرێت، یاخود دایکان و باوکان پێویست بوو هۆشیارییان هەبێت لەوەی، لە تەمەنێکی کەمدا مۆبایل نەدەنە دەست منداڵەکانیان، چونکە نازانن بە چ شێوازێک بە کاری بهێنن، نەک تەنها منداڵان و نەوجەوانان، بەڵکو کەسانی تەمەن گەورەش لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە کەوتوونەتە هەڵەوە.

 

"بەشێک لە مەلاکان پێشێلکاریی لە شەریعەتی ئیسلام و یاسادا دەکەن"

زیلان عوسمان، پارێزەر دەربارەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق و دروستکردنی کێشە لە خێزانەکاندا ئاماژەی بەوەکرد، یاساکە ڕێگە بەوە دەدات منداڵی ٩ ساڵ مارە بکرێت، لە کاتێکدا تا تەمەنی ١٨ ساڵ کەسیکی پێگەیشتوو نین و ناتوانن باشە و خراپە لە یەکتر جیابکەنەوە، لەو تەمەنەدا منداڵ پێویستی بە یاریکردنە نەک چوونە ماڵێکەوە ببێتە دۆزەخ بۆی، وتی : لە بەغدا و هەندێک ناوچە هەیە بێ هەمووارکردنەوەی یاساکە منداڵ بە بێ ئاگاداری دایک و باوکی لە ڕێگەی مسیارەوە مارەکراوە، ئەمەش گەورەترین کێشەیە بۆیە ئەم بڕیارە سەرتاپای هەڵەیە.

 

پارێزەر زیلان باسی لەوەکرد، ئەگەر ئەم یاسایە هەرێمی نەگرێتەوە ئەوا بەشێک لە پیاوان بە هەل دەیقۆزنەوە و دەچنە ئەو ناوچانەی ڕێگەیان پێدەدرێت و تیایدا منداڵەکە بە بێ ئاگایی خێزانەکەی مارە دەکات، لە کاتێکدا ئەمە شەرعی نییە، چونکە بە پێی شەریعەتی ئیسلام و ئیمامی شافعی ئەگەر ژنێک لە تەمەنی کەمدا بدرێت بە شوو، خاوەن بڕیاری منداڵەکە-وەلی ئەمری لەگەڵدا نەبوو مارەیی نایەت، وتی: لە هەرێمی کوردستان و دادگا شەرعییەکان بە ڕۆژانە مەلا بانگ دەکرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت چونک بە غەڵەت منداڵی مارە کردووە.

 

"ڕێکخراوەکان کاریان کردووە بەڵام نەبووەتە چارەسەر"

پارێزەر زیلان عوسمان باسی لەوەکرد، لە پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادگای شەرعی سلێمانی پێنج هۆڵ بوون، کە ڕۆژانە ٨ بۆ ١٤ داوای شەرعی دەبینی، بەڵام لە ئێستادا بووە بە ٨ هۆڵ و هەر هۆڵێک ٤٠ داوا دەبینێت، واتە ڕێژەیەکی زۆری جیابوونەوە هەیە و زیاترینیان ئەوانەن کە بە منداڵی هاوسەرگیریان کردووە و دواتر توانای قبوڵکردنی ئەو ژیانەیان نەبووە بۆیە داوای جیابوونەوە دەکەن.

 

دەربارەی کاری ڕێکخراوەکان و هەوڵی ئەوان بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی وتی: بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی هۆشیاری و ئەنجامدانی سیمینار کاریان کردووە، تەنانە هەندێک پارێزەریان گرتووە کە بە خۆبەخشی کار بکەن بۆ کەیسەکانی ژنان، بەڵام ئەوەی لێرە بوونی هەیە نا هۆشیاری تاکە بەرامبەر بە دۆخی ژنان، ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ئێستادا ڕاگەیەندنە، بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە هەموو ماڵ و بەردەست هەموو تاکێک تا هۆشیار ببنەوە، چونکە چیتر تاک و هاوڵاتیان حەز بە بەشداریکردنی سیمینارەکان ناکەن.

 

"پەروەردەی تاک گرنگترین ڕێگە چارەسەییە"

لە کۆتایدا زیلان عوسمان، ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی ئەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاری بە تەواوی شوێنی خۆیان ناگرن و نەبوونەتە جێگەی نەهێشتنی توندوتیژییەکان، ئەوا مانای وایە کێشە لە پەروەردەی خێزانەکاندا هەیە، بە پێویستی دەزانێت لایەنی پەروەردەیی دەربارەی ئەو کەیسانە پەرەی پێبدرێت و هۆشیار بکرێنەوە بۆ ئەوەی نەوەیەکی هۆشیار پێبگەیەنن و دووربن لە ئەقڵیەتی توندوتیژی دژ بە ژنان.