ئەزمونی ژنانی کورد لە بواری سیاسەت و بەڕێوبردندا

دەستکەوتەکانی ژنانی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە قوربانیی بێ ئەندازە بەدەستهاتووە، ژنانی ئازادیخواز لە شوێنە جیاوازەکاندا ئەم دەستکەوتانەیان لە کار و خەباتی خۆیاندا بە نموونە وەرگرتووە.

بێریڤان شاهۆ

 

سلێمانی- مێژووی  کۆن و نوێی كۆمەڵگەی كوردەواری شایه‌تی ئەو راستییە دەدات كە لەهەموو سەردەمە جیاجیاكاندا ژنانی کورد رۆڵی دیار و بەرچاویان لە هەموو  گۆڕەپانەکانی تێکۆشان بۆ ئازادی هەبووە، مێژووی نوێی ئەم تێکۆشانەی ژنی کورد نزیک دەبێتەوە لە نیو سەدە، بەری ڕەنجی ئەو تێکۆشانە ئازادیخوازییە، ئەمڕۆ لە پارچەکانی کوردستان بە ڕەنگی جیاواز دەبینین.

 

بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەی ئاپۆیی وەرچەرخانێکی مێژووی لە تێکۆشانی ژنی کورد-دا دروستکرد، لە سەرەتای دروستبوونی ئەم بزووتنەوەیەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ، ژنان پێشەنگی هەموو بوارەکانی ژیانن و ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان پێشکەش بە ژنانی کورد و هەموو ژنانی جیهان کرد.

 

لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، یەکەم چەخماخەی شۆڕشی ئازادیخوازیی ژنان لە باکووری کوردستانەوە سەریهەڵدا و مۆرکی خۆی لە بواری سیاسیی و بەڕێوەبەریی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان داوە، کە لە ئەنجامدا ژنانی گەیاندە پێگەی بڕیاردان و خۆ بەڕێوەبردن.

 

دوای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە دەرئەنجامی تێکۆشانی نەتەوەیی کورد-دا باکووری کوردستان بۆ یەکەم جار دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا توانیی بە دەنگ و ئیرادەی خۆیەوە لە پەرلەمانی تورکیادا نوێنەرایەتی هەبێت.

 

یەکەم ژنە پەرلەمانتاری کورد لە باکوور

لەیلا زانا، یەکەم ژنی کورد بوو لە باکووری کوردستان کە توانی بە ئیرادەیەکی ژنانە و ناسنامەی کوردییەوە بچێتە پەرلەمانی تورکیا، لەوکاتەوە تا ئێستا لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا گەلی کورد بە دەنگی ئازادیخوازان توانیویەتی بەربەستی ١٠٪ی پەرلەمان تێبپەڕێنێت و بە هۆی پەیڕەوکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە باکووری کوردستاندا، ژنانیش بە شێوەیەکی هاوبەش بەشداری لە کاری پەرلەمانییدا دەکەن، کە لەدواین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣دا، لە کۆی ٦٢ پارلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی ٣١یان پەرلەمانتاری ژن بوون.

 

هەروەها لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە لە ٣١ی ئاداری ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، لەبەر ئەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی دەم پارتی بە شێوەی هاوسەرۆکایەتییە و ژنان نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن، لە کۆی ٩٩٢ کاندید ٤٩٦یان ژنان بوون واتە بە شێوەیەکی یەکسان بەشداریان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا کرد.

 

ئەم ئەزموونەی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان بوو بە ئیلهام بۆ ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و وەدەرنانی ڕژێمی سووریا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان و لەسەر بنەمای هزر و ڕامانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان چەخماخەی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی  ساڵی ٢٠١٢ی  لێدا و ژنانیش بوونە بەشێکی هێزەکانی پاراستن و ڕەمزی تێکۆشان و ئازادیی ژنان.

 

بەشداری ژنان لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکدا

لەدوای ساڵی ٢٠١٣ەوە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزرا و سیستمی یەکسانیی ڕەگەزیی بووە پێوەری سەرەکیی خۆبەڕێوەبەرییەکە، بە شێوەیەک ئێستا خۆبەڕێوەبەرییەکە فراوان بووە و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش لەخۆ دەگرێت، کە لە سەرجەمیاندا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی پەیڕەو دەکرێت.

 

جگەلەوەش ئەنجومەنی کانتۆنەکان، بەڕێوەبەریی کانتۆنەکان و شارەوانییەکان و کۆمینی گوندەکان هەیە، کە سەرجەمیان سیستمی هاوسەرۆکایەتیی و یەکسانیی ڕەگەزیی پەیڕەو دەکەن و بە پێی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیش دەبێت بەشداری ژنان دەبێت ٪٥٠ کەمتر نەبێت.

 

بۆ زیاتر جێگیر بوونی ئەم سیستەمە، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی داڕێژرا و لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا هاوپەیمانییەکە لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە پەسەند کرا و کۆی بڕگەکانی، هەموو دامەزراوەکان ناچار بە بەشداری ژنان بە ڕێژەی ٪٥٠ دەکات.

 

یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی ژنان بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی لەسەر ژنان، دانانی یاساکانی ژنان بوو، ئەم یاسایە بە تێکۆشانی بزووتنەوەی ژنان واتە کۆنگرەی ستار تواندرا مسۆگەر بکرێت، کە لە ٢٦ خاڵ پێکهاتووە، لە ساڵی ٢٠٢١یشدا ناوی گۆڕدرا بۆ یاسای خێزانی.

 

یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی ئەو یاسایە، جێبەجێکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتییە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتدا ، کە ئەمە بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی تێکۆشانی ژنان.

 

ئەوەی لێرەدا ئاماژەمان پێدا بەشێکە لە دەستکەوتەکانی ژنانی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کە بە قوربانیی بێ ئەندازە بەدەستهاتووە و ژنانی ئازادیخواز لە شوێنە جیاوازەکان ئەم دەستکەوتانەیان لە کار و خەباتی خۆیاندا بە نموونە وەرگرتووە و وەکوو تاکە جێگرەوەیەکیان دەبینن بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی ژنان لە ناو ئەم گێژاوەی کە دەسەڵاتداری خۆڵقاندوویەتی.