ژنانی ئەفغانستان لە مێژووی هونەر و تێکۆشاندا دەستێکی باڵایان هەیە...٤

وتەیەکی بەناوبانگە هەیە دەڵێت: "هەموو کردارێک کاردانەوەی هەیە"، بەهەمان شێوە، هەرچەندە حکومەتە پاوانخوازەکان حوکمڕانی دەکەن، جموجۆڵی ژن و پیاوانی شەڕڤانیش زیاد دەکات.

بەهاران لاهیب

 

کابول- مێژووی ئەفغانستان پڕە لە ئازار و توندوتیژی و تا زیاتر لە سروشتی ڕاستەقینەی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان تێبگەین، زیاتر هەست بە خۆسەپێن و بیری دژە گەل و دژە ژنیان دەکەین.

 

لە ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٢٩، گروپێک بە ناوی حەبیبوڵڵا کەلکانی ناسراو بە "بەچە سەقو" (سەقە یان ئابەرسان، کە بە زاراوەی ناوخۆیی ئەفغانستان پێی دەوترێت سەقو) بە پشتیوانی ئینگلیزەکان و مەلا کۆنەپەرستەکان دەستی بەسەر حکومەتی ئامانیدا گرت، بەڵام ئامانجی بەریتانیا حوکمڕانی "بەچە سەقو" نەبوو، بەڵکو دوای چەند مانگێک کەسێکی دیکەی بە ناوی محەمەد نادر شا، کە یەکەم ئەرکی کوشتنی بەچە سەقو بوو، دانا، پاشان زۆرینەی ڕۆشنبیرانی زیندانی کرد و کوشتنی و دەربەدەری کردن، ئەمەش بووە هۆی توڕەیی خەڵک بەتایبەتی ڕۆشنبیر، بۆیە دوای بەسەربردنی چوار ساڵ حوکمڕانی خنکێنەر، لە یەکێک لە ڕۆژەکاندا محەمەد نادر شا لەلایەن گەنجێکی ئازا بە ناوی عەبدولخالقی ١٧ ساڵ، کوژرا.

 

دوای کوشتنی محەمەد نادر شا، کوڕەکەی زاهیر شا لە ساڵی ١٣١٢دا بۆ ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتی گرتە ئەستۆ، کە هێشتا تەمەنی ١٩ ساڵ بوو، لەو ماوەیەدا کوشتنی ئاشکرا و نهێنی و ئەشکەنجەدانی ڕۆشنبیران و شەڕڤانان بەردەوام بوو، لەو دەستوورەدا کە حکومەتەکەی زاهیر شا داینابوو، هەموو ئازادییەکانی ژنان لێسەندرایەوە: لەبەرکردنی حیجاب کرایە ناچاری؛ قەدەغە بوو ژنان بەبێ مەحرەمی شەریعەت لە ماڵەوە دەربچن و تەنانەت ئەو ژنانەش کە دەچوونە کێڵگەکانیان بۆ چاندن لە گوندەکاندا پێیان دەگوترا بورقا لەبەربکەن. مەبەست لە هەموو ئەو دڕندەییانەی مەلا و پیاوانی ئایینی وڵات بە دڵخۆشی و دڵخۆش هێشتنەوە بوو بۆ ئەوەی بتوانن پڕوپاگەندە بکەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی زاهیر شا و هەر بۆیەش توانی بۆ ماوەی چل ساڵ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

 

سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و فشارە، سیستمی ڕژێمی شاهی نەیتوانی پێشکەوتنی هزری کۆمەڵگە ڕابگرێت، ژنان بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو بەردەوام بوون لە شەڕکردن لەگەڵ هەموو یاساکانی سەدەی ناوەڕاست. زاهیر شا لە ناوەڕاستی حوکمڕانیدا تێگەیشت کە ناتوانێت بەو هەموو ستەمکارییەوە درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات، بۆیە کچ و هاوسەر و خوشک و ژنانی متمانەپێکراوی دیکەی لە بوارە جیاجیاکاندا چالاک کرد. شاژن حومیرە، هاوژینی زاهیر شا کە هیچ تایبەتمەندییەکی نەبوو، وەک ژنێکی پێشەنگ لەلایەن ڕژێمی شاهانە پێشکەشکرا.

 

میوزیک کە بە شێوەیەکی گشتی لە ئەفغانستان بە کارێکی زەلیل دادەنرا، بۆ ژنان بە تەواوی قەدەغە بوو، بەڵام میرمان پەروین یەکێکی دیکە لە پاڵەوانە ژنەکانی ئەفغانستان بوو کە لە ساڵی ١٣٢٩ لە ڕادیۆی ئەفغانستان گۆرانی گوت و دواتر لە تەلەفزیۆنەکاندا دەرکەوت. میرمان پەروین یەکەم ژنە گۆرانیبێژ بوو کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ژنانی وەک میرمان جیلا، ڕەخشانە، مەهوش، پەرەستو و لەتیفا کەبیر سیراج، کوڕەزای شا ئامانوڵا، لەگەڵ خوشکەکەی زەینەب، هەنگاویان بەرەو بواری شانۆ و نواندنی دەنگی نا.

 

ژنان لە هونەردا بەردەوام بوون

دل ئارام، ناسراو بە ئەبی میرزا یان دایکی میرزا، یەکێکی دیکە لە گۆرانیبێژە ژنەکانی ناو مالستانی غەزنی بوو، کە جگە لە گۆرانی وتن، دوو ئامێری مۆسیقای (غیچک و دەمبورە)شی دەزانی. سەرەڕای ئەوەی بیری پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا حوکمڕانی دەکرد، بەڵام ئەوان پێگەیەکیان لەناو خەڵکدا بەدەستهێنا.

 

دل ئارام لە مالستانەوە ڕووی لە غەزنی جاگوری کرد و لەوێ کچێکی بە ناوی گلنسا ناسی، گلنسا یارمەتی دا بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانی، گۆرانی وتنی ئەبی میرزا بووە هۆی ئەوەی مەلاکان تۆمەتی ناڕاستی بخەنە پاڵ و ڕەوانەی زیندانی بکەن، بەڵام ئەبی میرزا دەستبەرداری هونەر نەبوو و لە زیندان بەردەوام بوو.

 

کۆبرا نورزی یەکەم ژن بوو کە گەیشتە پۆستی وەزیر، دوای تەواوکردنی خوێندنی لە ئامادەیی مەلالی (یەکێک لە ئامادەیی بەناوبانگەکانی کابول کە زمانی فەرەنسی تێدا دەخوێندرا)، بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە فەرەنسا، دوای گەڕانەوەی وەک یەکەم وەزیری ژن، لە سەردەمی زاهیر شادا لە وەزارەتی تەندروستیدا کاری کردووە.

 

لەو سەردەمەدا ئەم ژنانە لە ئاستی کارەکانیاندا دژی دەسەڵاتی پاوانخوازی و بیری پیاوسالاری خەباتیان کرد و بەهرەی خۆیان نمایشکرد، وایان لە هەموو لایەک کرد، تێبگەن کە ژن توانای هەموو شتێکیان هەیە.