تریفە فەرەیدون: سیستمی سەرمایەداری ژینگەیی جیهان بەرەو لەناوبردن دەبات

تریفە فەرەیدون، چالاکوانی ژینگەیی دەڵێت: دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەژێر ناوی زیادکردنی سەوزایی زیاتر ژینگە بەرەو لە ناوبردن دەبات، هەروەها سیستمی سەرمایەداریش لە جیهاندا هۆکارە بۆ لەناوبردنی ژینگە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە چوارچێوەی زیادبوونی قەیرانە ژینگەییەکان کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، بونیادتنان و دروستکردنی پڕۆژە سەرمایەدارییەکان، ژینگەیی ناوچەکە بەرەو لە ناوبردنی زیاتر دەبەن، سەرمایەداران بەبێ ڕەچاوکردنی کاریگەرییە ژینگەییە درێژخایەنەکان جەخت لە سەر گەشەی ئابووری و فراوانبوونی پیشەسازی دەکەن، کە ئەم سیاسەت و ئاڕاستەکردنە یارمەتیدەربوون بۆ تێکچوونی ژینگە، وەک پیسبوونی ئاو و هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا، لەکاتێکدا نەوەکانی ئێستا بە گشتی هەوڵ دەدەن ئەم ڕەوتە بگۆڕن و فشار بخەنە سەر حکومەت و کۆمپانیاکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، هەروەها لە ئێستادا سیستمی سەرمایەداری و ڕێگەخۆشکردنی دەسەڵاتداران بۆ گەشەی ئابووری، هۆکارە بۆ تێکچوونی ژینگە، لە کاتێکدا وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتنی ئابوورییان بە زیادبوونی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانەوە بەستۆتەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەشێک لە هاوڵاتیان و گەنجان لە ناویاندا پێیانوایە گەشەسەندنی ئابووری نابێت لەسەر حسابی ژینگە بێت و وایدەبینن سەرکەوتنی ئابووریی بەردەوام، تەنها لەڕێگەی پاراستنی ژینگەوە بەدەستدێت.

 

" پڕۆژە بازرگانییەکان ژینگە تێکدەدەن و ژنانیش هەوڵی بونیادنانەوەی دەدەن"

تریفە فەرەیدون، چالاکوانی ژینگەیی ئاماژەی بەوەکرد، ژینگەیی تەواوی جیهان بەرەو لە ناوچوون و پیسبوون دەچێت، هەروەها کێشە ژینگەییەکان زۆرن، بەڵام زیادبوونی ئۆتۆمبییلەکان و دروستکردنی باڵەخانە بازرگانییەکان یەکێکن لە کێشە سەرەکییەکانی ژینگە لە جیهاندا، بەجۆرێک دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەژێر ناوی زیادکردنی سەوزایی زیاتر ژینگە بەرەو لە ناوبردن دەبات، هەروەها سیستمی سەرمایەداری لە جیهاندا ژینگەیی بەرەو لەناوبردن بردووە، بونیادتنانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ پڕکردنی گیرفانی بەشێک لە سەرمایەداران، سروشتی هەرێمی کوردستانیش بەرەولەناوبردن دەبات، لە شاری سلێمانی چیای گۆیژە سەرەڕای ئەو هەموو سەوزاییەی کەهەیبوو، کەچی ڕۆژبەڕۆژ سەوزاییەکەی بەرەو لە ناوچوون دەبرێت، بەوەی لە جێی چیای گۆیژە پڕۆژەی بازرگانی و سەرمایەداری زیاد دەکرێت، هەربۆیە ئێمەی شاخەوان کاتێک ڕوو لە شاخەکان و هەوای پاک دەکەین دەزانین چی سودێکی تەندروستی و دەروونیمان پێ دەگات، بەڵام ئێستا شاخەکان بەهۆی پڕۆژەکانەوە لەناودەچن، هەروەها پڕۆژە سەرمایەدارییەکان لە ناوشارەکانیش بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، چەندین ناوچەی فۆلکلۆری و کارگە و شوێنی مێژووی بۆ بونیادنانی پڕۆژە لە لایەن سەرمایەدارارەکانەوە لەناوبراون.

 

وتیشی: لە کۆندا هاوڵاتیان لە خانووی گڵدا ژیانیان دەکرد، بەجۆرێک لە ناو زۆربەی خانووەکاندا باخ هەبوو، بەڵام لە ئێستادا دار و درەخت لە ناو ماڵەکاندا بەدی ناکرێت، هەروەها ڕێڕەوی ژیان بە هاتنی تەکنەلۆژیا بەرەوپێش چوو، بەڵام ژینگەمان بەردەوام بەرەودواوە دەچێت، بۆیە پێویستە لە ماڵەکانمانەوە دەست بە سەوزکردنی ژینگە بکەین، پاشان گرنگی بە شاخەوانی بدەین تا بتوانین تێکەڵ بە سروشتببینەوە، هەروەها ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە دووبارە بونیاتنانەوەی سروشتدا هەیە، چونکە کاتێک دایک ڕۆڵی لە پەروەردەکردنی منداڵدا دەبێت، نەوەی داهاتوو ژینگەیی ناوچەکەیان سەرپێ دەخەنەوە، چونکە لە سەرەتایی تەمەنییەوە پەروەردە دەکات لەسەر پاکوخاوێنی، هەروەها ژنان لە ژیانی  ڕۆژانەیاندا کەمترین پاشەڕۆیان بۆ ژینگە و سەر زەوی هەیە و بەردەوام هەوڵ بۆ پاکڕاگرتنی دەورووبەریان دەدەن.

 

"کارگەکان زەنگی مەترسیدارن بۆ لەناوبردنی ژینگە و مرۆڤ"

تریفە فەرەیدون، چالاکوانی ژینگەیی، جەختی لەوەشکردەوە، کارگەکان لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانەوە دروستدەکرێن، بەجۆرێک ڕەچاوی ژیان و تەندروستی مرۆڤەکان ناکرێت، پاشانیش پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ڕوو لە ناوچەکانی نزیک کارگەکان دەکەن، هەروەها شار بەرەو گەورەی دەچێت، بەڵام پڕۆژەکان و شوێنی نیشتەجێبوون بەرەوکارگەکان هەنگاودەنێت، بە پێچەوانەوە کارگەکانیش لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوون بونیاتدەنرێت، بۆ نموونە، تانجەرۆ شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانە، بەڵام کارگە کوشندەکان سەرەڕای پۆیسبوونی ناوچەکە بەردەوامی بە کاریان لە ناوچەکەدا دەدەن یاخود نزیک لە گوندەکان کارگە بونیاتدەنرێت، کە سروشتی ژیانکردنی ئەو گوندە بەرەو لە ناوچوون دەبات، هەروەها هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان و نەبوونی سانسۆرێک بۆی ژینگە بەرەو لە ناوبردن دەبات، لە شارەکاندا زۆربەی ئەندامەکانی خێزانەکان ئۆتۆمۆبێلیان هەیە، کە زیانی گەورە بە خۆیان و هاوڵاتیان و ژینگە دەگەیەنن، هەروەها بونیادنانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و دروستکردنی کارگەکان، پێویستی بە ڕێککاری و ڕێنمایی هەیە، بەجۆرێک لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە سەرپێچیکاران سزابدرێن، بەڵام بەداخەوە بەرپرس و لایەنی پەیوەندیدار ڕێگە خۆشکەرن بۆ پیسبوونی ژینگە تا گیرفانیان پڕبکەن.

 

''پەروەردە ڕێگەی سەرەکییە بۆ پاکڕاگرتن و دووبارە بونیادنانەوەی ژینگەیی هەرێمی کوردستان''

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: پەروەردە ڕێگەی سەرەکییە بۆ پاکڕاگرتن و دووبارە بونیادنانەوەی ژینگەیی هەرێمی کوردستان، ئەویش لە ڕێگەی نەوەی نوێوە، کە هەوڵی پەروەردەکردنیان بدەین تاوەکو ژینگە پاک بکەنەوە و دووبارە هەوڵ بۆ سەوزکردنی ناوچەکان بدەن، هەروەها هۆشیاری تاک گرنگییەکی سەرەکی هەیە، پێویستە تاک لە بارەی ژینگەوە خۆی هۆشیار بکاتەوە، پاشان ڕێنماییەکانی دروستکردنی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان و کارگەکان، نەچێتە لایەنی خزم خزمێنەوە تا بۆ ئاسانی کارکردن و تێکدانی ژینگە لە باج و سزاکانیان خۆشببن، بەوجۆرە ژینگە وێران بکەن، پاشان هەبوونی بەنزینخانەکان زیانێکی گەورەی بە ژینگە و مرۆڤ گەیاندووە، دوورخستنەوەیان لە ناوەندی شارەکاندا ژینگە نوێ دەکاتەوە، پاشان هەوڵ بۆ سەوزکردنی تەواوی شارەکان بدەن، تا بتوانین بە تەندروستی ژیان بکەین.