پڕۆژەی ڤێرمیکۆمپۆست سەبارەت بە پاراستن و پەرەپێدانی ژینگەیەکی سروشتییە

دەستەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی فورات پڕۆژەی پەینی ئۆرگانیکی ڤێرمیکۆمپۆستی پەرەپێداوە، ئەندازیاری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پڕۆژەیە جێگرەوەیە بۆ پەینی کیمیایی کە بنەمای ژینگەیەکی پاک و تەندروست پێکدەهێنێت.

بەرچەم جودی 

 

کۆبانێ-دەستەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پڕۆژەی ڤێرمیکۆمپۆست ئامادە دەکات بۆ پەرەپێدانی شێوازە سروشتییەکانی پاراستنی ژینگەی ناوچەکە، ئەم پڕۆژە سروشتییە کرمی سووری کالیفۆرنیا (Red Wigglers) بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی پاشماوەی خۆراک و پاشماوەی ئاژەڵان بۆ پەینی ئۆرگانیک، ئەو پڕۆژەیەی کە ئێستا لە نەمامگەی شەهید ڕۆژگ ئامادە دەکرێت، لە چوار مانگی داهاتوودا بەروبووم بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش سوودی بۆ جووتیارانی کانتۆنەکە دەبێت.

 

بۆ ناساندنی پڕۆژەکە ئەندازیار نەسرین کارهۆ زانیاری و ئامانجی پڕۆژەکەی بۆ ئاژانسەکەمان باسکرد.

 

پڕۆژەیەکی تەواو سروشتی
نەسرین کارهۆ زانیاری لەسەر پڕۆژەکە بەم شێوەیە دا: لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤، ٨هەزار کرمی سووری کالیفۆرنیامان لە کانتۆنی جزیرەوە هینا بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی کۆمپۆستی سروشتیمان، دوای ئەوەی کرمەکانمان هێنا، خستمانە ناو قەفەزی ئاژەڵانەوە، ئێمە خۆراکیان پێدەدەین، توێکڵی هەنجیر و سەوزە، هەروەها توێکڵی هێلکە و ، هەموو شتێکیان پێدەدەین جگە لە میوەی ترش و سیر و پیاز هەروەها ئاویان پێدەدەین، کە بەپێی ڕێژەی شێیەکەی دیاری دەکرێت، کە دەبێت هەمیشە ٧٠٪ سەوز بێت، ئێمە ئەو ئاوەی کە لە کۆمپۆستەکەدا دەمێنێتەوە لە کشتوکاڵدا بەکاردەهێنین، ئەمەش سوودێکی زۆری هەیە.

 

نەسرین کارهۆ ڕوونیشیکردەوە، پێویستە لە هەر کاتێکدا ١٠٠ تۆن کۆمپۆست ئامادەبێت و وتی: هێشتا لە پڕۆسەی زۆرکردنی کرمەکانداین، ئەو ٨ هەزار کرمەی هێنامان ئێستا گەیشتووەتە ملیۆنان، بەڵام هێشتا ژمارەیان زیاد دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەر سێ مانگ جارێک ١٠٠ تۆن کۆمپۆستی سروشتی بەرهەمبهێنین، ئەمەش بەندە بەو خزمەتگوزاری و خواردنە باشانەی کە دەیدەین بە کرمەکان، چەندە بە خێرایی ئەو کرمانە زیاد دەکەین.

 

"لەگەڵ ڤێرمیکۆمپۆست بەرەو ژینگەیەکی پاکتر"
نەسرین کارهۆ باسی لە ئامانجی پڕۆژەکە کرد و وتی: دوو ئامانجمان هەیە بۆ ئەم پڕۆژەیە، یەکەمیان ئەوەیە بتوانین پاشماوەی ژینگەیی و ئاژەڵ بگۆڕین بۆ مادەی سروشتی بەسوود، لەلایەکی ترەوە ئامانجمان ئەوەیە ئەم پەینە وەک جێگرەوەیەکی ئۆرگانیک بەکاربهێنین لەبری پەینیی کیمیایی،  کیمیایی زیانێکی زۆر بە خاک و هەوا و مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە بەگشتی دەگەیەنێت، بەکارهێنانی مادەی کیمیایی بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی ئەوەی خاک توخمە خۆراکیەکانی لەدەست بدات، بەڵام ئەو پەینەی بەرهەمی دەهێنین، بە پێچەوانەوە ڕێگە بە خاکەکە دەدات بە توخمە سروشتییەکان دەوڵەمەند بێت.

 

ئەندازیار نەسرین کارهۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەمە یەکەم پڕۆژەیە کە لەسەر ئاستی کانتۆنی فورات جێبەجێ دەکرێت، ئەم پەینە لە هەموو جۆرە بەروبوومێکدا بەکاردێت و بە تەواوی سروشتییە، بۆیە هیوادارم لە داهاتوودا هەموو جووتیاران و ژینگەپارێزان پێوانەی ڤێرمی کۆمپۆست بەکاربهێنن و واز لە ماددە کیمیاییەکان بهێنن لە پێناو دروستکردنی ژینگەیەکی پاک و تەندروست.