گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر بەخێوکردنی هەنگ هەیە

گۆڕانی کەشوهەوا ئازاری هەنگەوانان زیاد دەکات، دەیانخاتە بەردەم چەندین ئاستەنگ کە کاریگەری زۆری لەسەر ئەم کەرتە هەبووە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس-بەخێوکردنی هەنگ پیشەیەکی نەریتییە کە بایەخێکی زۆری لەلای ژنانی ناوچە جیاجیاکانی تونس هەیە، ئەوان بە سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی ژیانیان دادەنێن، لە پارێزگای قەسرین کە بە بەخێوکردنی هەنگ بەناوبانگە، زۆرێک لە هەنگەوانان ڕووبەڕووی ئاستەنگی سەخت دەبنەوە، گۆڕانی کەشوهەوا وەک ئاگرکەوتنەوە، وشکەساڵی، کەشوهەوای زۆر سارد، جگە لە بارانبارینی زۆر لە وەرزی پشووی نەبێت.

 

دەرساف بەلیلی، پسپۆڕی لە بەخێوکردنی هەنگ وتی: نزیکەی سێ چوار ساڵ لەمەوبەر کەشوهەوا خۆش و گونجاو بوو، ڕێگاکانی سروشتی بەردەست بوون، کە یارمەتیدەر بوو بۆ بەخێوکردنی هەنگ، بەڵام ئێستا کەشوهەوا گۆڕاوە، لەو کاتەدا بەرهەمهێنان زۆر بوو، بۆیە پێویست بە کڕینی خۆراکی زیاتر بۆ هەنگەکان نەبوو جگە لە هەندێک ماوە، وەک مانگی حوزەیران، و تەنها بۆ تەواوکەری خۆراکی سادە سنووردار بوو.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕاوە  کەش و هەوا ناجێگیر بووە، لە وەرزی پشووی بارانبارینی بەخوڕ دەبارێت، هەندێک جار وشکەساڵی درێژخایەن و ئاگرکەوتنەوەی بەردەوامی هەیە، ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی لەناوچوونی ڕووبەرێکی زۆر لە لەوەڕگاکان کە کاریگەری نەرێنی لەسەر سەرچاوەی خۆراکی هەنگەکان هەبووە، بوونەتە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لێیان.

 

مرۆڤ هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکاری کەشوهەواییە لە ئەنجامی فەرامۆشکردنی ژینگە و پیسبوونی ژینگە، بەکارهێنانی سووتەمەنی و وزەی نا پاک و خاوێن، کەمی بەکارهێنانەوەی پاشماوە، پاشماوە ئەندامییەکان، زۆر بەکارهێنانی مێروکوژ لە کێڵگەکاندا کێشەکەی خراپتر کردووە، بۆتە هۆی نەمانی ئەو ڕووەک و گوڵانەی کە هەنگەکان بۆ خۆراکی خۆیان پشتی پێدەبەستن.

 

کاتێک دەستی بە پڕۆژەی بەخێوکردنی هەنگ کردووە خاوەنی ٢١ خانەی هەنگ بووە، بەرهەمی زۆر بووە، داهاتێکی باشی بۆ هێنا کە توانی ئەو قەرزەی بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە بەدەستیهێناوە بداتەوە، ڕوونیکردەوە کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو هەموو ئاستەنگانەدا تەنیا چوار خانووی هەنگی ماوە، چالاکییەکەی زۆر کاریگەری هەبوو و پڕۆژەکە وەک پێشوو قازانجی نەماوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕووی هەنگەوانان دەبنەوە، پێویستە هاوڵاتیان هۆشیار بکرێنەوە سەبارەت بە گرنگی پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی ئاگر ، پێشنیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مێروکوژ لە ناوچەکانی نزیک شوێنەکانی بەخێوکردنی هەنگەکان کرد، بۆ پاراستنی تەندروستی هەنگەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی بەرهەمهێنان.

 

دەرساف بەلیلی و کۆمەڵێک هەنگەوانەکان ناچار بوون خانەکانیان بگوازنەوە بۆ ناوچەکانی دوور لە پیسبوون و گۆڕانی کەشوهەوا، زەوی هاوبەشیان بەکرێ گرت بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان کە یارمەتیدەر بوون بۆ پاراستنی خانەکانی، بەرهەمهێنانی کەم بەڵام بەردەوام بەدەست بهێندرێت.

 

'جەبح'بۆ پاراستنی هەنگەکان

ڕەقیە قرمزی پسپۆڕی هەنگوین دەڵێت ٢٦ ساڵ ئەزموونی لەم بوارەدا هەیە، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە دەستی بە کاری بەخێوکردنی هەنگ کردووە،  لە ساڵانی ڕابردوودا هەنگەکان لە ژینگەیەکی گونجاودا دەژیان و بارودۆخی کەشوهەوا و لەوەڕگاکانی سروشتی خۆراکی باشیان بۆ دابین کردووە، بارودۆخەکە گۆڕاوە و ناچاری کردووە هەنگەکانی لە خانوویەکی تایبەت بەناوی "جەبح" بەخێو بکات کە تێکەڵەیەک لە گەچ و خۆڵەمێش تێکەڵ دەکرێت، پاشان تێکەڵەکە دەڕژێتە قاڵبێک بۆ گەیشتن بە شێوەی کۆتایی، ئەمە بۆ پاراستنی هەنگەکان لە بارانێکی زۆر و سەرمای زۆر لە زستاندا بەکاردێت و ژینگەیەکی گەرم و سەلامەتیان بۆ دابین دەکات.

 

ئاماژەی بە بەکارهێنانی دەرمانێکی وەزارەتی کشتوکاڵ کرد کە چارەسەری هەنگەکان دەکات و یارمەتییان دەدات، بۆ هەبوونی تەمەنێکی درێژتر، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شکاوی باڵی هەنگەکان کە لەناو ئەم پەناگەیەدا دادەنرێت، بۆنێک بڵاو دەکاتەوە کە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی هەنگەکانی زیان لێکەوتوو.

 

گۆڕانی کەش و هەوا بووەتە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر بەخێوکردنی هەنگەکان لە ویلایەتی قەسرین کە کەش و هەوا هەمیشەیی سارد بووە و لە زستاندا باران و بەفر دەبارێت و ئەم کەشوهەوا سەختە تەحەدایەکی گەورە بۆ هەنگەوانان دروست دەکات، بارانێکی زۆر دەبێتە هۆی شکاندنی باڵی هەنگەکان و سەرمای زۆر ڕێگرە لە فڕینیان، لە ئەنجامدا هەنگەکان حەز دەکەن لەم کاتە سەختانەدا لە "جەبح"ی گەرمدا بمێننەوە، گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر ڕووەکەکانی دارستانەکانی نزیک کردووە، ئاگر ڕووەکەکانی لەناوبردووە کە هەنگەکان بۆ خۆراکیان پشتی پێدەبەستن، وەک کۆرۆنا و جاتر، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی هەنگوین لە ناوچەکەدا هەیە.

 

هەنگەوانانی ناوچەکە پشت بە خۆراکی ئامادە نابەستن، بەڵکو ڕێگە دەدەن هەنگەکان بە شێوەیەکی سروشتی لە چیاکان بلەوەڕێن، بەڵام بەهۆی بەردەوامی ئاگر و وشکەساڵییەوە پێویست بووە خۆراکی هەنگ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بکڕن کە خۆراکێکی مۆڵەتپێدراو ،بەڵام گرانبەهایە و ئاماژەی بەوەدا ئەگەر هەر هەنگێک یەک کیلۆگرام خۆراکی پێویست بێت و ٤٠ هەنگ هەبێت ئەوا نرخی ئەو خۆراکە زۆرگران دەبێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر چالاکی هەنگەوانەکە دەبێت.

 

ئەو پێی وایە "جەبح" بۆ پاراستنی هەنگەکان لە گۆڕانی سەختی کەش و هەوا بەتایبەتی لە زستاندا پێویستە، هەرچەندە هەنگەکان لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەست بە لەوەڕاندن دەکەن، بەڵام نەبوونی لەوەڕگا وای لێکردوون لە ناوچە دوورەکان بەدوای خۆراکدا بگەڕێن کە پێویستی بە فڕینی بەردەوام هەیە، ئەمەش پێویستی هەنگەکان زیاد دەکات بۆ چاودێری کردنی ئەو دەرمانانەی کە چارەسەری باڵەکانیان دەکەن.

وەرزی هاوین بە بەراورد بە وەرزی زستان زیانی ئەوتۆی بۆ هەنگەکان نابێت، کەش و هەوا لە هاویندا بارودۆخێکی گونجاوی هەیە، بەڵام لەلایەکی تریشەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕووەکی سەوزایی هەیە بەهۆی وشکبوونی لەوەڕگاکانەوە، هەنگەکان لە هاویندا پشت بە هەندێک میوە دەبەستن وەک شوتی و هەرمێی دڕکاوی، سەرچاوەی خۆراکە، لە کاتێکدا لوتکەی بەرهەمهێنانی هەنگوین بەزۆری لە مانگی ئابدا دەبێت کە هەنگەکان سوودیان لە وەرزی گوڵ و لەوەڕگاکانی ماوە لە مانگەکانی ڕابردوودا وەرگرتووە.

 

دەرساف بەلیلی و ڕەقیە قڕمزی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "پاراستنی هەنگەکان لە گۆڕانی کەشوهەوا زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی بەرهەمهێنانی هەنگوین، بەمەش بەردەوامی هەنگوین لە ناوچەکەدا"، لەگەڵ بەردەوامی گۆڕانی کەشوهەوادا، پێویستە هۆشیاری ژینگەیی بەرزبکرێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاگر و بەکارهێنانی مێروکوژەکان، بەمەبەستی پاراستنی ژینگە و لەوەڕگاکان و دابینکردنی هەلومەرجی باشتر نەک تەنها بۆ پاراستنی هەنگوین بەڵکو بۆ مسۆگەرکردنی هاوسەنگی ژینگەیی بەگشتی.