لە ماوەی ٣٠ ساڵدا ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی پلاستیک ٣٨٠ جار زیادی کردووە

بەهۆی ئاسان بەکارهێنان و دەستکەوتنی، ماددەی پلاستیکی ڕووی لە زیادبوون کردووە و لە ئەنجامی ئەمەشدا مرۆڤ تووشی چەندین نەخۆشی کوشندە بووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- پاک ڕاگرتنی ژینگە ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکە، بەڵام بێ ئاگان لەوەی ڕۆژانە بە دەستی خۆیان ژینگە پیس دەکەن و دەبنە هۆی لەناوچونی ژیانی چەندین زیندەوەری تر، هەروەها تووشبوونی مرۆڤ بە چەندین نەخۆشی کوشندە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی پلاسیکەوە ڕوودەدات، کە لە ئێستادا بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستمی سەرمایەداری لە جیهاندا وا لە مرۆڤ کراوە دەست بداتە بەکارهێنانی، چونکە ئاسان دەست دەکەوێت و بەکاردەهێنرێت.

 

"دۆخی ژینگەیی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە"

ڕۆژان فەرەیدون، مامۆستا و شارەزا لە بواری ژینگە، ئاماژەی بەوەکرد، بە پێی ئەو توێژینەوە زانستیانەی لای ئێمە هەیە بارودۆخی ژینگەیی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ژینگەیی مەترسیدار دایە، لەبەر ئەوەی نەمان توانیووە بە پێی پێویست ژینگە بە پاکی ڕابگرین، یان پاکردنەوە بۆ ئەو شوێنانە بکەین کە پیسبوون، بەکارهێنانی ماددەی پلاستیکی لە ئاستی هەموو جیهان ڕووی لە زیادبوون کردووە، چونکە ماددەیەکە بە ئاسانی دەستدەکەوێت و لە زۆر ئیشی ڕۆژانەدا بەکاریدەهێنین و ماددەیەکی سوکە، زۆر جار سنورە نێودەوڵەتییەکان باجێکی ئەوتۆ دانانێن لەسەر ماددەی پلاستیک، بۆیە بە ئاسانی دەکەوێتە بەردەستی هاوڵاتیان.

 

"لە ٪٨٠ی ماددە پلاستیکییەکان فڕێ دەدرێنە ناو ئاوەوە"

ڕۆژان فەرەیدون دەربارەی زیادەڕەویی لە بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکاندا وتی: بە پێی ئەو داتایانەی لە ساڵی ١٩٨٦-١٩٨٨ لە عێراق کۆکراوەتەوە، تا ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی پلاستیک ٪٤.٣، واتە ٣٨٠ جار زیادی کردووە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە، ڕۆژانە ١٨٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک فڕێ دەدرێت، کە لە ٪١٦ی ماددەی پلاستیکین، مادەی پلاستیک کار دەکاتە سەر هەموو کایەکانی ژینگە بە تایبەتی سەرچاوە ئاوییەکان، چونکە لە جیهاندا زۆربەی ماددە پلاسیکییەکان فڕێ دەدرێنە ناو ئاوەوە و ساڵانە زیاتر لە ١١٤ جۆر لە زیندەوەری ئاوی بەهۆی پلاستیکەوە لەناودەچن.

 

ڕۆژان فەرەیدون باسی لە فڕێدانی ماددەکان کرد و وتی: لە سەرەتای دروستبوونی ماددەی پلاستیکەوە تا ئێستا ٪٨٠ی ماددە پلاستییەکیەکان فڕێ دەدرێنە ناو ئاوەوە و ٪٢٠یشی هێشتا لە بەکار‌هێناندایە یان دووبارە بەکار‌هێنانی بۆ کراوە، کێشە گەورەکە لەوەدایە کە ئەم ماددانە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژینگەدا، کە هەندێکیان بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵ دەمێننەوە، ئێمە بە دوو شێوە پلاستیک زیانمان پێ دەگەیەنێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ کە زیندەوەرە ئاوییەکان ماددە پلاستیکیەکان دەخۆن و ئێمەش ئەو زیندەوارانە دەخۆین، وە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کە خۆمان ڕۆژانە بەکاریدەهێنین.

 

"تاکەکان هۆشیاریان نییە لە بەکارهێنانی پلاستیکدا"

ڕۆژان فەرەیدون ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا بەکارهێنانی پلاستیک ئاسانە بۆ مرۆڤ، بەڵام لە چەند ساڵی داهاتوودا کاریگەرییە خراپەکەی لەسەر تەندروستی دەردەکەوێت و مرۆڤ تووشی چەندین نەخۆشی دەکات وەک غودە، شێرپەنجە و تێکچونی هۆرمۆنەکان، ئەو ماددە پلاستیکیانەی لە دەبەی ئاودا بەکاردێت توانای مانەوەیان زیاترە، مامەڵەکردنی ئێمە هەڵەیە ئەگینا پێشتر سەبەتەمان بەکاردەهێنا کە لە قامیش و دار دروست دەکرا، یان تورەکەی خام هیچ زیانێکی نەبوو وە دەتوانرا چەندین جاریش بەکاربهێنرێت.

 

دەشڵێت: تاکەکانی ئێمە لە ڕووی هۆشیاری ژینگەییەوە هۆشیار نین بۆ ئەوەی زیانەکانی پلاستیک بزانن و خۆیان لە بەکارهێنانی دوور بخەنەوە، چەندین ڕێوشوێن هەن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددەی پلاستیک کە هەندێکیان تایبەتە بە حکومەت وەکو، دەرکردنی یاسایەک کە بە چی ڕێگەیەک بەکارهێنانی پلاستیک کەم بکەینەوە، مارکێتەکان کیسەی پلاستیکی کەم بکەنەوە، باجی زۆر بخرێتە سەر هێنانە ناوەوەی ئەو مادانە.

 

ڕۆژان فەرەیدون لە کۆتایدا وتی: پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن مەترسیەکان و تویژینەوەکان کە لەسەر پلاستیک کراوە بیخەنەڕوو، هەروەها لە قوتابخانەکاندا قوتابیان هۆشیار بکەنەوە، چونکە ئەم ماددانە دیمەنێکی ناشرین بە ژینگە دەبەخشن و هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.