بەردەوامی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کۆساڵان

لە کاتێکدا ئاگرکەوتنەوەکان چەند جارێک کۆنتڕۆڵ کراون، ئاگرەکەوتنەوە لە دارستانەکانی کۆساڵان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی چیای سەوز کە بە ئاڕاستەی پاراستنی ژینگە لە شاری مەریوان کاردەکات، بە بڵاوکردنەوەی وێنە درێژەی ئاگرکەوتنەوەی لە دارستانەکانی کۆساڵان ڕاگەیاند.

 

ئەم کۆمەڵەیە وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاگری ئەو دارستانانە، ڕایگەیاندووە، دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کۆساڵان و چەند جارێک کۆنتڕۆڵکردنی، ئەم ناوچەیە بۆ چەندین جار بووەتە قوربانی ئاگر.

 

ئەندامانی کۆمەڵەی چیای سەوز ئاماژەیان پێکردووە، هێزە جەماوەرییەکان خۆبەخشانە ئاگرەکەیان بە تەنیا و بەبێ ئامێر کۆنترۆڵ کردووە.

 

سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند، ئاگرەکە لە بەشێک لە کۆساڵان لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.

 

دارستانەکانی کۆساڵان بەدرێژایی زنجیرە چیای زاگرۆس بەشێکی زۆری دارستانەکانی مەریوان لەخۆدەگرێت کە ساڵانە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەسووتێن، زۆرجار ئاگر لەم دارستانانە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ مەبەستی سیاسی ئەنجام دەدرێت، هەندێک جاریش لەلایەن کەسانی قازانجخوازەوە کە ئامانجی کەسییان هەیە ڕوودەدات.

 

بەهۆی شاخاوی بوونی ناوچەکە، زۆر ئەستەم دەبێت بۆ هێزە خۆجێیەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەبێ ئەوەی ئاسانکارییان هەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە ڕژێمی ئێرانیش هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەو لەدەستدانی ئەم سەرچاوە سروشتییە و لەدەستدانی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ بێ بایەخ بووە.