بەروبومی باخەکانی هەورامان بەرەو فەوتان چوون

بەشێکی زۆری باخەکانی هەورامان بەهۆی بێ بارانی و وشکەساڵییەوە لەناوچوون، دایە مەلیکەش باس لەوە دەکات تا ئێستا وشکەساڵی و بێ بارانی لەم جۆرەی نەدیوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لە سەرە ڕێگەمان بەرەو گویز کڕین لە باخەکانی هەورامان ژنیک بە دڵتەنگیەوە دەیڕوانیە ئەو باخەی کە ٨٦ ساڵی تەمەنی لە خزمەتیدا بەڕێکردووە بەڵام ئیستا بە بەردەم چاوەکانیەوە وشک بوون.

 

مەلیکە عەلی ئەو ژنەیە  کە ئیستا لەسەر عەرەبانەی دەستیە و بە نائومێدیەوە لە چاوەروانی وشکبوونی باخەکەیەتی و بەم جۆرە بۆ ئاژانسی نوژنها قسەیکرد و وتی: " ئەم باخانە چەندین جار لە ماڵمان بار کراین و هەموو جارێک دەڵێم نۆجار نۆماڵیم دروست کردووە بەڵام باخەکانمان هەر ئاوەدان بووە هەموو ساڵێک ٧٥ هەزار گوێزمان هەبووە بەڵام ئێستا هەمووی وشکبووە و هیچمان نەماوە."

 

دایە مەلیکە بە حەسرەتەوە باس لە بەروبومی باخەکەی دەکات و دەڵێت چەندین جۆر بەروبوومیان هەبووە، " هەنارمان بە تەن هەبوو و هەموو بەروبوومەکانمان لەخزمەت هاوڵاتیان بووە و بێ بەرامبەر بە خەڵکیمانداوە و کارێزێکمان هەبوو بۆ مزگەوتەکەمان دانابوو بەڵام ئەوە دوو ساڵە وشکبووە بەهۆی بێ بارانی و وشکە ساڵییەوە."

 

دایە مەلیکە باس لەوەش ئەکات کە تەمەنیکی  دریژی هەیە بەلام هەرگیز ئەم بی ئاوی و وشکە ساڵیەی نەدیوە تەنانەت دێیەک لە سەروو دیکەی خۆیانە ئاوی زۆر بووە بەلام ئیستا ئەویش وشک بووە."

 

گۆڕانی کەشوهەوا بە گشتی جیهانی گرتوەتەوە و هەرێمی کوردستانیش بۆ ماوەی ٢ ساڵە وشکە ساڵی و بێ بارانی ڕووی تێکردووە  ئەمەش نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروست کردوەو بەروبومەکانیان بەرەو لەناوچوون چووە و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.