ژنانی ئەفغانستان پێشەنگایەتی دەستپێشخەرییەک بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگایەکی گرنگ دەکەن
دوای چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی بێهودە بۆ ڕێگایەک بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکانیان بەیەکەوە ببەستێتەوە، ژنان لە گوندێکی پارێزگای دایکوندی لە ئەفغانستان بڕیاریاندا دەستپێشخەری بکەن و بە بەکارهێنانی کەرەستە و سەرچاوەی سادە، خۆیان بەشێک لە ڕێگاکە نۆژەن بکەنەوە.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-ئەفغانستان چەندین ڕێگای ناڕێک و سەختی هەیە، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی وەرزی زستان و بارینی بەفرێکی زۆر، هێشتا زۆرێک لە گوندەکان کێشەیان هەیە بۆ گەیشتن بە شارەکان یان ناوەندەکانی ناوچەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان.
خراپی بارودۆخی ڕێگاوبانەکان لێکەوتەی جیدی بۆ دانیشتووان هەیە، لە پچڕانی پەیوەندی نێوان گوندەکان و شارەکانەوە تا زیادبوونی ڕێژەی مردنی دایکان لە کاتی منداڵبووندا، هەروەها ڕووداوی ئۆتۆمبێل زۆر ڕوودەدات، ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەونە ناو کانییە قووڵەکانی تەنیشت ڕێگاکانەوە، هەندێکجار ئەوەندە قووڵن کە تەرمی زیانبەرکەوتووان ناتوانرێت دەربهێنرێتەوە.
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا شەڕ و دەستێوەردانەکانی دەرەکی و ناسەقامگیری سیاسی بووەتە هۆی ئاستەنگ بۆ گەشەسەندن لە ئەفغانستان و خەڵکەکەی لە تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانیش بێبەش کردووە، هەندێک لە پارێزگاکانی ئەفغانستان هێشتا ڕێگای قیرتاوکراو و بە باشی پارێزراویان نییە کە بە کابولی پایتەختەوە ببەستنەوە، ئەمەش دانیشتووانەکەی ناچار دەکات مەترسی گەشتکردن لەسەر ڕێگا ناڕێک و مەترسیدارەکان بکەن بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییە پێویستەکان.
بەپێی خەمڵاندنەکان زەوییە تەختەکان تەنها نزیکەی لە ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ی ڕووبەری ئەفغانستان پێکدەهێنێت، بۆیە زۆربەی ڕێگاکانی نێوان پارێزگا و ناوچەکان زنجیرە شاخەکانی بەرز دەبڕن و ژیانی ڕۆژانە بۆ دانیشتووان لە ڕادەبەدەر قورس دەکات.
سەرەڕای ئەم مەرجانە، خەڵکی ئەفغانستان زۆرجار پەنایان بردۆتە بەر شێوازی ئاماژەی بۆ دەربڕینی داواکارییەکانیان، بۆ نموونە لە بامیان نەبوونی ڕێگاوبانی قیرتاوکراو بۆ چەندین ساڵ بووە هۆی ناڕەزایەتی کۆمەڵگە زۆرجار، دوای پشتگوێخستنی داواکارییە فەرمییەکان، ژن و پیاوی شارەکە بە شێوەیەکی ئاماژەی یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانیان بە بەکارهێنانی قوڕ قیرتاو کرد، دواتر کەوانەیەکی ناڕەزایەتییان لە یەکێک لە مەیدانەکانی شارەکە دانا، ئەم کارانە سەرنجی میدیای بەرفراوانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتداران وەڵامی داواکارییەکانی دانیشتووان بدەنەوە و ڕێگاوبانەکانی شارەکە قیرتاو بکەن.
ڕێگایەک کە مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووان دروست دەکات
چەند مانگێک لەمەوبەر کۆمەڵێک لە دانیشتووانی یەکێک لە ناوچەکانی پارێزگای دایکندی کە ژنانی تێدابوو، بە ئارەزووی خۆیان و وەک جۆرێک لە ناڕەزایەتی، بەشێک لە ڕێگایەکیان نۆژەنکردەوە، هەرچەندە هێشتا ڕێگاکە قیرتاو نەکراوە، بەڵام نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر یەکەم بارهەڵگری خۆی بینی کە پێداویستییە سەرەکییەکانی بۆ دانیشتووانەکەی هەڵگرتبوو.
دایکندی یەکێکە لە دابڕاوترین پارێزگاکانی ئەفغانستان، دانیشتووان هەندێک جار پێویستیان بە دوو ڕۆژە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی زبر و قیرتاو نەکراوەکانەوە بگەنە کابول و زۆرێک لە ناوچە و گوندەکان ناوەندی تەندروستییان نییە، سەرەڕای ئەمەش، دانیشتووانەکەی گرنگییەکی زۆر بە پەروەردە دەدەن، لە ئەنجامدا ڕێژەی خوێندەواری تاڕادەیەک بەرزە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
زۆربەی دانیشتووانی دایکندی پشت بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و باخداری دەبەستن، بە وتەی شایەتحاڵانی ناوچەکە، پاراستنی ئەم ڕێگایە، مەودای نێوان دایکندی و کابول کورت دەکاتەوە، هەروەها پارێزگاکە لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆر تێیدا دەبارێت.
دوای هەوڵێکی زۆر، ئاژانسەکەمان توانی چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو ژن بکات کە چالاکانە بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا کردووە، ئەوانیش ڕەزامەند بوون کە ئەزموونەکانیان باس بکەن.
کاتێک دانیشتووان بڕیاریاندا ڕێگاکە نۆژەن بکەنەوە، سادەترین ئامراز و سەرچاوەی بەردەستیان بەکارهێنا، وەک زۆرێک لە دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان لە پێشەنگی هەوڵەکاندا بوون، شەکیلا ئەحمەدی، خەڵکی گوندی جه چان، ڕوونی کردەوە، پاڵنەری بەشداریکردنم لە دروستکردنی ڕێگاکەدا ئەوە بوو کە گەشتم کردبوو بۆ کابول و غەزنی و درکم بە گرنگی ئەم ڕێگایە کرد، چونکە لە ڕێگەی مەودایەکی کورتترەوە دایکندی بە غەزنییەوە دەبەستێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ژنانی گوندەکەمان بەشدارییان لە دروستکردنی ڕێگاکەدا کردووە، هەرچەندە سەرقاڵی کارەکانی ماڵەوە بووین وەک چاودێریکردنی منداڵ، چێشت لێنان و هتد، بەڵام چالاکانە بەشداریمان لە کارەکەدا دەکرد، شەوانە کاری ماڵەوەمان تەواو دەکرد و دواتر کاتژمێر هەشتی بەیانی دەچووینە دەرەوە بۆ چاککردنەوەی ڕێگاکە، چوار منداڵم هەیە، ژمارەی ئەو ژنانەی بەشداربوون زۆر بوو، بەنزیکەی ٤٠ ژن لەگەڵمان کاریان دەکرد.
شەکیلا ئەحمەدی پەیامێکی ئاراستەی ژنانی ناوچە دوورەدەستەکانی ئەفغانستان کرد و وتی: کارکردن تەنها لە پیاوان و ژناندا سنووردار نییە، پێویستە هەموو کەسێک هەوڵبدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و ئاسانکردنی ژیان.
فاتمە محەمەدی، ژنێکی دیکەی بەشداربووی پڕۆژەکە وتی: هۆکاری بەشداریکردنم ئەوەیە کە ئەم ڕێگایە نزیکە لە پارێزگاکانی وەک بامیان، غەزنی، کابول، کاتێک یەکێکمان نەخۆش بوو، ناچار بووین بۆ چەند کاتژمێرێک گەشت بکەین، بەڵام ئێستا مەوداکە کورتترە، بۆیە من بەشداریم لەو کارەدا کرد، بەنزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ ژن بەشدارییان لە دروستکردنی ڕێگاکەدا کردووە، هاوشانی بەرپرسیارێتی ماڵەوەمان، چونکە ئێمە ویستمان ژیانمان ئاسانتر بکەین.
هەروەها پەیامێکی ئاراستەی ژنانی ئەفغانستان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە ژنان لە هەموو ناوچەیەکدا وەک ئێمە ئیرادەدار بن و کاربکەن بۆ ئاسانکردنی ژیانیان.