ئابچکان... ژنان لە ناو هەژاری و بێبەشی لە هەرێمێکی لەبیرکراودا هیوا دروست دەکەن

لە ئابچکانِ لوگر، ژنان لە نێوان هەژاری، نەبوونی قوتابخانە و خزمەتگوزاری تەندروستی، هێشتا بەردەوامن لە چەسپاندن بە ژیان و هیوای باشتر.

بەهاران لەهیب

لوگر-لە قووڵایی پارێزگای لوگری ئەفغانستان، کە شاخە ناڕێکەکان لەگەڵ ساڵانێک شەڕ و پشتگوێخستن کۆدەبنەوە، کۆمەڵگە زیندووەکان هێشتا لە سەرەتاییترین پێداویستییەکان بێبەشن، ژنان باجی ئەو سەختییە هەڵدەگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆڕاگرییان بەرگە دەگرێت.

دوای تێپەڕین بە ناوچەی جهارئاسیاب بۆ ناو پارێزگای لوگر، کە یەکێکە لە چڕترین ناوچەکانی وڵات، دەگەینە ناوچەیەک کە پێش کودەتای ٧ی ثور ”٢٧-٢٨ی نیسانی ١٩٧٨”، شوێنی ژمارەیەکی زۆر لە ژن و پیاوی خوێندەوار بووە.

بەڵام ساڵانی بەرخۆدان لە دژی سۆڤیەت، ناوچەکەی گۆڕی. گوڵبەدین حیکمەتیار کاریگەری خۆی لەوێدا درێژکردەوە، وەک چۆن لە جهارئاسیابدا کردبووی، هەوڵیدا لەڕێگەی کوشتن و تیرۆرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیەوە دانیشتووانی خوێندەوار لەناوببات و لە شوێنی ئەوان گەنجانی نەخوێندەوار کە بۆ ئامانجەکانی دەستکاریکردنیان ئاسانتر بوو.

خەڵکی لوگر بە پەشتۆ و داری قسە دەکەن و وەک زۆربەی ئەفغانستان پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستن بۆ بژێوی ژیانیان، پارێزگاکە یەکێکە لە ساردترین پارێزگاکانی وڵات و خاوەنی سامانێکی بەرچاوی کانزاییە، دیارترینیان کانەکانی مس ئاینەک و قادرمەشنگ و هەروەها گرافیت، توێژەران کانگای مس ئایناک بە دووەم گەورەترین کانگای مس لە جیهاندا دەزانن کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٠٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. بەڵام ئەم سەرچاوانەی لە ماوەی ٤٦ ساڵی ناسەقامگیری سیاسیدا لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانەوە تاڵان کراون.

لە درێژەی گەشتەکەماندا، بەرەو یەکێک لە دوورەدەستترین ناوچەکانی پارێزگاکە بەڕێکەوتین کە ناوی ئابچکانە و هاوسنوورە لەگەڵ پاکستان، لەگەڵ چوونە ناوەوەدا، بێدەنگی ناوچەکەی گرتەوە، تەنانەت دەنگی منداڵانیش نەدەهات، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە مەڕداری و کشتوکاڵدا کاردەکەن، بەڵام تەنانەت مەڕوماڵاتەکانیش لە هیچ شوێنێکدا نەدەبینران، کاتێک پرسیارمان لە هۆکارەکەی کرد، ڕوونیان کردەوە کە ئەو زەوییە شاخاوییە هەندێک جار دەبێتە هۆی دابەزینی گورگە برسیەکان لە شاخەکانەوە و هێرش دەکەنە سەر ئاژەڵەکان، تەنانەت منداڵانیش لە دەرەوەی ماڵەکانیان، ئەمەش وایکردووە خەڵک تا دەتوانن خۆیان لە چوونە دەرەوە بەدوور بگرن.

بەرەو ماڵی فاتمە ڕەحمەت و مەکی ڕەحمەت کە هاوژینی دوو بران پێکەوە لە ماڵێکی هاوبەشدا دەژین بەڕێکەوتین، ماڵی خەڵکی ئابچکان لە قوڕ و دار دروستکراون و کە چووینە ژوورەوە مەکی ڕەحمەت بە گەرمی سڵاوی لێکردین، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بە پەشتۆ قسە دەکەن و دوای ئەوەی دانیشتین، وەک ئاماژەیەک بۆ پێزانینێک، بۆ ئەوەی لە دوورەوە گەشتمان کردووە، نانی نیوەڕۆ و چای پێشکەش کردین.

مەکی ڕەحمەت دایکی ١٠ منداڵە، پێنج کوڕ و پێنج کچ، لە کاتێکدا فاتمە ڕەحمەت خاوەنی چوار کچ و یەک کوڕە، لەکاتێکدا نانمان دەخوارد، فاتمە هاتە ژوورەکەوە، ژنێکی باڵابەرز کە جل و بەرگی نەریتی لەبەردایە، دوای ئاڵوگۆڕی سڵاو، یەکەم پرسیاری ئەو ئەوە بوو کە ئایا ئێمە خوێندەوارین؟ کاتێک زانی کە خوێندەوارین، بە ڕازییەوە زەردەخەنەی کرد و وتی:

ێەوە زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە.

فاتمە ڕەحمەت باسی لە ڕاستی ناوچەکەیان کرد و وتی: لێرە هیچ دەرفەتێکی خوێندن بۆ منداڵانی کچ نییە، هیچ قوتابخانەیەک نییە، ناوەندێکی پەروەردەییش نییە، ئێمە تەنها یەک کلینیکمان هەیە بۆ ژنانی دووگیان، هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکانی دیکە لە ناوچەکەدا نییە، دەبێت بچینە پایتەخت لە پول علام بۆ ئەوەی سەرەتاییترین چاودێری تەندروستی بۆ خۆمان و منداڵەکانمان بەدەستبهێنین، کە ئەمەش بەندە بە ڕەزامەندی پیاوەکانی ناو خێزانەکانمان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەک قوتابخانە بۆ منداڵانی کچ لە ناوچەکەماندا نییە، تەنانەت کوڕەکانیش لە پۆلی هەشتەم تێناپەڕن، بە نزیکەی هەموومان بێ پەروەردەین، یەک پزیشکیش لە ناوچەکەدا نییە، هەر بۆیەش مەکی دوانزە منداڵی هەبووە، دوو منداڵیان لەدەستداوە پێش کۆتایی هاتنی دووگیانیەکەی، هەموو ئەم ئازارانە لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژیانی ئێمەی گرتۆتەوە.

کاتێک پرسیارمان کرد کە چۆن بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، مەکی ڕەحمەت وتی: زۆربەی گەنجەکانمان بە دوای کاردا کۆچ دەکەن بۆ سعودیە یان وڵاتانی ئەوروپا، سەرەڕای ئەو سەختییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ماندوو نەناسانە کاردەکەن بۆ ئەوەی بڕێک پارەمان بۆ بنێرنەوە و بتوانین پێداویستییە سەرەتاییەکانمان دابین بکەین، ناوچەکەمان سەختە، زستانەکانی ساردە و هاوینەکانی گەرمە.

سەبارەت بە ئاوی خواردنەوەش، فاتمە ڕەحمەت وتی: ناوچەکەمان بەتەواوی لێی بێبەش نییە، ئاو بە بەردەوامی لە شاخی نزیکەوە دەڕژێت، هەر بۆیە ناوچەکە پێی دەوترێت ئابچکان، بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە بۆری ئاو لە ماڵەکان دانرا، بەڵام ئاوەکە تەنها بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە ڕۆژێکدا دەگاتە دەستمان، دەبێت لەو ماوەیەدا هەڵیبگرین.

فاتمە ڕەحمەت لە هەموویان قسەخۆشتر بوو، ژنێکی دڵخۆش و وزەبەخش کە هەمیشە زەردەخەنەی دەکرد، ئاماژەی بەوەشکردووە، خێزانەکەم لە پاکستان دەژین، هەموومان لەوێ لەدایک بووین، بەڵام بارودۆخەکان لەیەکتریان جیاکردینەوە، شەش ساڵە خێزانەکەمم نەبینیوە، هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە، ئەستەمە هەموو ئەو شتانەی دروستیان کردووە بەجێبهێڵن و لە ئەفغانستان سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە.

وردەکارییەکانی ژیانی ناوچەی ئابچاکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چەند ساڵێک شەڕ و هەژاری و پشتگوێخستن دانیشتووانی ناوچەکەی لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کردووە، نەبوونی خوێندن و چاودێری تەندروستی و هەلی کار مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر داهاتووی نەوەکانی داهاتوو دروست دەکات، سەرەڕای ئەوەش، ڕۆحی بەرخۆدان و هیوا بەهێز دەمێنێتەوە، بە تایبەت لە نێو ژناندا، ئەو ژنانەی کە سەرەڕای سنووردارکردنەکان زەردەخەنە دەکەن و بەردەوامن لە پابەندبوون بە ژیانەوە هەرچەندە بارودۆخەکە خراپ بێت.