تێنەگەشتن لە ئازادی، مەودای ئازادی تاکی بەرتەسک کردووەتەوە

لە خێزانەکاندا سنورێک دانراوە بۆ دەربڕینی بیرو بۆچوون و چوونە دەرەوەی منداڵ لە ماڵدا، کاتێک منداڵ لەم سنورە لادەدات و بەرهەڵستی خێزانەکەی دەکات، یاخود لە چوارچێوەی دابونەریت خۆی دەرباز دەکات، کۆمەڵگا و خێزان پێی دەڵێن بێڕێزی کردووە لەکاتێکدا دەربڕینی بیروڕا یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی تاک.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لەناو خێزاندا ئەگەر منداڵی ماڵەکە یاخود ژن وەڵامی تاکی خێزانەکان بداتەوە، یاخود بیروڕای خۆی دەرببڕێت و لە چوارچێوەی دابونەریتی چەقبەستوو دەربازی ببێت، لەلایەن بەڕێوەبەرانی خێزانەوە بە "بێڕێزی" بەناو دەکرێت، هەندێک لە خێزانەکان بەهۆی داخراوی خۆیان و دانانی کۆمەڵێک سنوری لە ڕادەبەدەر، هەبوونی بچوکترین ماف و ئازادی ڕادەربڕین و کردار بە بێڕێزی دەزانن.

 

شیلان حەمە، ڕاهێنەری کەسی و ڕاوێژکاری خێزانی، گرنگی ڕێزگرت لە خێزان و خودی وشەی بێڕێزی ڕووندەکاتەوە و دەڵێت "ڕێزگرتن بریتییە لە گرنگیپێدانی تاکێک وەک خۆی، هەروەها دانانی سەنگ و قوراسییە سەرەتا بۆ خودی خۆت دواتر بۆ کەسانی دەوروبەر، خێزان و هاوڕێ".

 

"گەورەترین بێڕێزی لە ڕێگای زمانەوە ئەنجام دەدرێت"

بێڕێزی زۆر بنەما دەگرێتەوە، وەک شیلان حەمە ئاماژەی پێدا گەورەترین بێڕێزی لە ڕێگای زمانەوە ئەنجامدەدرێت، بۆ نمونە کاتێک کەسێک لە ناخی تەواو تەڕەیە و ڕقی لە دڵ گرتووە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە فشاری لەسەر دروستببێت و دواجار لە ڕێگای زمانەوە بێڕێزی بکات، یاخود هەندێک کات دەبێتە هۆی دروستبوونی کردار و لێدانی تێدەکەوێت.

 

"تێگەیشتن لە یەکتر لەناو خێزاندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بێڕێزی"

شیلان حەمە دەڵێت: کاتێک دایک و باوک لەناو خێزاندا تێگەیشتنی بۆ منداڵ و دۆخی ئێستای کۆمەڵگا هەبێت، کەمتر بێڕێزی دروستدەبێت، بە پێچەوانەوە بێڕێزی تا دێت زیاددەکات بە تایبەت ئەوکاتانەی دایک و باوک بە فکرێکی چەقبەستوو بە ڕابردووی خۆیانەوە لەگەڵ منداڵەکانیاندا مامەڵە دەکەن و هەمان دابونەریتی کۆن دووپات دەکەنەوە منداڵ قبوڵی ئەمانەی پێناکرێت و کاردانەوەی دەبێت.

 

"پێویستە دایکان و باوکان بە هۆشیارانە هەوڵبدەن لە دەربڕینەکانی منداڵەکانیان تێبگەن و گوێیان بۆ بگرن، بۆ ئەوەی هیچ شتێک لە ناخیاندا کۆنەبێتەوە و دواجار نەبێتە هۆی دروستبوونی کاردانەوەیەکی خراپ، چونکە منداڵ هەمیشە هەوڵدەدات بە ئاگایانە مامەڵە بکات بەڵام هەندێک کاریگەری توند وادەکات بێئاگایانە مامەڵە بکات".

 

"پێویستە شێوازی داواکردنی ماف و دەربڕینی بیروڕا گونجاو بێت"

ئەو ڕاوێژکارە باسی لەوەکرد، کۆمەڵگای ئێمە هۆشیارن بەڵام تا ئێستا نازانن چۆن ئەو هۆشیارییەیان بەکاربهێنن لە شوێنی گونجاودا و جگە لە بەکارهێنانی مامەڵەیەکی توندوتیژ نازانن بە شێوەیەکی باش داوای مافی خۆیان بکەن.

 

"هەندێک کات منداڵ یاخود هەر کەسێکی دیکە داوای مافی خۆی دەکات بە شێوەیەکی ناشرین و زمانێکی ڕەق داوا دەکات ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرامبەر بە بێڕێزی تێبگات، بۆیە پێویستە ئەوکەسانەی داوای مافیان دەکەن هەوڵ بدەن خۆیان فێری ئەتەکێتی قسەکردن بکەن و بزانن چۆن داوای مافی خۆیان دەکەن و بە چ شێوازێکی دەربڕین داوای دەکەن، وە پێویستە بزانن مەرج نییە هەمیشە تەواوی مافەکان بە داواکردن وەربگیرێت"، دەشڵێت هەرچەند بە شێوازێکی نەرم داوای ماف بکەیت و بیروڕای خۆت دەرببڕی کۆمەڵگا و چواردەورت بە باشتر لێت تێدەگەن وەک لە وەی شێوازێکی ڕەق بەکاربهێنیت.

 

ئەنجامدانی بێڕێزی لەلایەن هەردوو ڕەگەزەوە دەکرێت، بەڵام تا چەند کاردانەوەی خێزانەکان بۆ ڕەگەزە جیاوازەکان دەگۆڕدرێت؟

لە وەڵامدا شیلان حەمە وتی: "لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەندەی بێڕێزی ژن زەق کراوەتەوە بەو شێوەیە هی پیاوان زەق نەکراوەتەوە، چونکە پێیان وایە ژن بێتوانا و بێدەسەڵاتە، کە بە پێچەوانەوە ژنان توانیویانە هەموو ئەو ئەرکانە ئەنجام بدەن کە پیاوان دەیکەن"، وەک باسی لێوەکرد کاریگەری ئەم بیرکردنەوەیە وای کردووە ژنان زیاتر بێڕێزیان لەسەر هەژمار بکرێت لە کاتێکدا پیاوان بێبەش نین لە ئەنجامدانی بێڕێزی، بە پێویستیشی دەزانێت ژنان خۆیان زیاتر بەهێز بکەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو بیرکردنەوە و کۆمەڵگایە ببنەوە کە ژنان بە بێڕیز و بێدەسەڵات دەزانن.

 

"زۆرترین ئەو کێشانەی ئێستا لە خێزانەکاندا بوونیان هەیە و وەک بێڕێزییەک سەیر دەکرێت هەبوونی کێشەیە لە نێوان هاوژینەکاندا، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ پشتگوێخستنی لایەنی هەست و دەروونی یەکتری نێوان ژن و مێرد، دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی بێڕێزی و کاڵبوونەوەی پەیوەندییەکان و لە کۆتایدا کار دەکاتە سەر منداڵ و هەمان کرداری دایک و باوکەکە دووپات دەکاتەوە".

 

لای دایکان و باوکان بێڕێزی لەناو خێزاندا چییە و چی دەگرێتەوە؟

بەیان کەمال، وەک دایکێک بە پێویستی دەزانێت ڕێز لە نێوان گەورە و بچوکدا هەبێت، وە پێی وایە دانانی سنورێک لە نێوان خێزاندا پێویستە، بۆ نمونە، کاتێک دایک و باوک بەردەوام سەردەخەنە سەر منداڵەکانیان و و توڕە دەبن لێیان کاتێک هەڵەیەکی بچوک دەکەن لە دواجاردا منداڵەکە هەڵدەگەڕێتەوە بە ڕووی دایک و باوکەکەدا.

 

وە پێی وایە دەربڕینی بیروڕا نابێتە هۆی بێڕێزی دەڵێت: "کاتێک منداڵەکان هەڵەیەک دەکەن دەبێت بە شێوەیەکی جوان پێیان بڵێیت نەک ڕاستەوخۆ بە توڕەبوون".

 

ئاواز قادر، پێی وایە دروستبوونی بێڕێزی لە منداڵدا هۆکارەکەی هاوڕێی خراپە، دەشڵێت "دەبێت منداڵ و دایک و باوک هاوڕێی یەکتر بن بۆ ئەوەی لەیەک تێبگەن و بتوانن ئازادانە بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ بکەن"، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا دەربڕینی بیروبۆچوون ئازاد لەلایەن منداڵەوە دەبێت لە چوارچێوەی ڕێزدا بێت و گوێڕایەڵ بێت.

 

ئاراس ئاسۆ، هاوڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت ئەنجامدانی بێڕێزی لەلایەن منداڵەوە تەمەن بۆ تەمەن دەگۆڕدرێت، هەڵگەڕانەوەی منداڵ بە ڕووی دایک و باوکدا دەچێتە چوارچێوەی بێڕێزییەوە، هەروەها منداڵ لە تەمەنێکی کەمدا نابێت کۆمەڵێک بڕیاری ژیانی بەدەست خۆی بێت، یاخود بیروبۆچوون لەسەر هەموو بابەتێک کە تایبەتە بە خێزان و لە خۆی گەورەتر دەرببڕێت، بەڵام کاتێک گەورە دەبێت ئاساییە بیروبۆچوونی خۆی بڵێت و بەشداری هەموو بڕیارێکی خێزان بکات".

 

گەنجان چی دەڵێن دەربارەی ئەو ئازادییەکی کە خێزان بە بێڕێزی دادەنێت؟

تەلار بورهان، وەک گەنجێک پێی وایە هەموو کەسێک مافی ئازادی دەربڕینی هەیە جا لە خێزان بێت یاخود دەرەوەی خێزان، وە پێویستە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک دەربڕینەکە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە گفتوگۆ بکەیت لەگەڵیاندا و خێزانەکە بە بێڕێزی لێت تێنەگەن. 

 

ئاماژەی بەوەشدا هەندێک خێزان هەرچەندە منداڵەکە بە شێوازی باش قسە دەکات بەڵام بەهۆی هەبوونی سنوریێکی زۆر ڕێگە نادەن ئازادانە بیروڕا دەرببڕێت، لەو خێزانانەدا بە تایبەت جیاوازی دەکرێت لە نێوان کچ و کوڕ لە ئازادی بیروڕا دەربڕین و چونەدەرەو کۆمەڵێک شتی دیکە.

 

لاڤین تاڵیب، خوێندکاری پەیمانگا، وەک گەنجێک بەرهەڵستیکردن بە ڕووی خێزاندا و تێکەڵبوونی کۆمەڵێک بابەت کە پەیوەندی بەو کەسەوە نییە بە بێڕێزی دەزانێت، وتی "کۆمەڵگای ئێمە وای کردووە گەنج و منداڵ لە هەندێک خێزاندا ئازادی ڕادەربڕین و چونەدەرەوە نەبێت بەتیابەت لە کچەکاندا".

 

کەنار دلێر، خوێندکاری پەیمانگا لەبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا، ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ دایک و باوک یاخود بەکارهێنانی وشەی نەشیاو لەگەڵیاندا بێڕێزییە.

 

وە ئەگەر منداڵێکیش بەو شێوەیە بێت هۆکارەکەی بە ڕێژەی لە ٪٥٥ دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی دایک و باوکەکە.

 

ت.پ