بەغدا، ڕێگەچارەسەر بۆ بنبڕکردنی هاوسەرگیری پێشوەختە دەدۆزرێتەوە

هاوسەرگیری پێشوەختە یەکێکە لە هۆکارەکانی خۆکوشتن یان کوشتنی ژنان و زۆربوونی کێشە خیزانییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو بۆنەیەوە لە بەغدا کۆنگرەیەک ڕێکخرا.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- ڕۆژانی ١١ و ١٢ی حوزەیران لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق "کۆنگرەی نیشتمانی بۆ چارەسەری دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە لە عێراق" بە هاوکاری سندوقی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزی وڵاتان و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی، کەسایەتی ئاینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، و یەکەی جێندەری و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ئامانجی کۆنفرانسەکە دۆزینەوەی چارەسەرییەکە بۆ بنبڕکردنی دیاردەی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا.
 

تریفە فەرەیدون عەلی، بەرپرسی یەکەی یەکسانی جێندەری لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، بەشداری کۆنفرانسەکە بووە و لە بارەیەوە بۆ نوژنها دوا و وتی: کۆنگرەکە باسی لە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا دەکرد کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە هاوسەرگیرییان پێدەکرێت، ئەگەر باس لە ئامارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەین دەبینین کە ڕوو لە هەڵکشانە، لە عێراق ڕێژەی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا ٪٢٥.٥ە و لە هەرێمی کوردستان ڕێژەکە ٪٢٠ە، کە ئەمە لە پارێزگایەکەوە بۆ دانەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەو بەدواداچوونەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کراوە، بەداخەوە ڕێژەکە زیادیکردووە کە ئەمە جێی نیگەرانییە.

 

هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا دەبێتە هۆی توندوتیژی

تریفە فەرەیدون عەلی لەبارەی بەڕێوەچوونی دوو ڕۆژی کۆنگرەکە باسی لەوەکرد کە گفتوگۆی گرنگی تێدا بەڕێوەچوو، وتی: یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکە چوار پانێڵ پێشکەشکرا، کەسانی ئەکادیمی و شارەزا بابەتەکانیان پێشکەشکرد و باسیان لەو هۆکارانە کرد کە کاریگەری لەسەر زیادبوونی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا هەیە، لە کاتێكدا ئەو منداڵە لە ڕووی جەستەیی، بایۆلۆژی، تەندروستی و کۆمەڵایەتییەوە شیاو نییە بۆ هاوسەرگیری، ئەمە کوڕانی منداڵیش ڕاستە کە دەبنە قوربانی مەرامی کەسانی گەورەتر لە خۆیان و کەسوکاریان، یاخود ئەو کەسانەی بەخێوکەری ئەو منداڵانەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی بەشی یەکسانی جێندەری دیوانی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بە بەشێک لەو چارەسەرییانەدا کە لە کۆنگرەکەدا خراونەتەڕوو، "مەترسییەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بوونیان هەیە و دەبێت کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی گەنجان و خیزانەکان بدرێت کە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە تەندروست نییە و تەنها پرۆسەیەکی کاتییە، هەروەها لێکەوتەکانیان بۆ ڕوونبکرێتەوە کە لە داهاتوو چ ژیانێک چاوەڕێیان دەکات و کۆمەڵگە بەرەو کوێ دەڕوات".

 

"دەبێت هۆشیاری ئەوەیان پێبدرێت کە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا توندوتیژی، لێدان و کوشتنی لێدەکەوێتەوە، دووردەکەونەوە لە خوێندن و کایەکانی دیکەی ژیان، ئەمەش لە ڕێگەی پەروەردە و تواناسازییەوە دەبێت، هەروەها کەسایەتی ئاینی و توێژەرەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە و لە عێراقدا بەهۆی بوونی عەشیرەتەوە، لە ڕێی کەسایەتیە عەشایەرییەکان و سەرۆک خێڵەکانەوە دەکرێت ڕێگری لە هاوسەرگیری پێشوەختە بکرێت.