پەروەردە یەکێکە لە چارەسەرە بنەڕەتییەکان بۆ ئەو قەیرانانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە

کۆمەڵە مەدەنییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگەکاندا بەهۆی کاریگەرییەکانیان لەسەر گۆڕانکاری و متمانەی خەڵک بەوان.

 

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە-ڕەنجی ژنان هەموو شارەکان دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو شارانەی کە دوورن لە ناوەند و خزمەتگوزاری و ڕاستەوخۆ هاوکاریان پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانن زانست و ماف بەدەست بهێنن و پێشێلکارییەکان کەمبکەنەوە.

 

کۆمەڵەکان کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی ژنان لە لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا، جا چ ئابووری بێت یان کۆمەڵایەتی، هەروەها ڕۆڵیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو کارانەی کە مافەکانیان پێشێل دەکات، لەوانە خەتەنەکردنی مێینە، هاوسەرگیری لە تەمەنی زووداو توندوتیژی لە فۆرمە جیاوازەکانیدا.

 

فەریدە عومەر، بەڕێوەبەری بەشی پەروەردە و فێربوون لە کۆمەڵەی ژنان و کۆمەڵگە، ئاماژەی بەوەکرد، گرنگترین بەرنامەکانی کاری کۆمەڵەکە، پاڵپشتی ژنانە، هەروەها ڕۆڵی هۆشیاری و زانستی پەیوەست بە ڕاپۆرتکردن و میکانیزمەکانی دادگاییکردن، هەروەها دەستپێشخەرییە ئامانجدارەکانیان بۆ دڵنیابوون لە بەدەستهێنانی مافی ژنان.

 

دیارترین بەرنامەکانی کاری کۆمەڵەی ژنان و کۆمەڵگە چین؟

نزیکەی ٣٠ ساڵە کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕێگەی بەرنامەی جۆراوجۆرەوە بۆ بەرەوپێشبردن و هۆشیارکردنەوەی ئاستی تەندروستی، مافە کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی ئابووری، بەشدارییەکی زۆرمان لە کارگە بچووکەکاندا کردووە، هەروەها بەرنامەی تایبەتمان هەیە بۆ پەروەردەی بنەڕەتی بەو پێیەی یەکێکە لە ئامڕازە گرنگەکان کە یارمەتی ژنان دەدات داهاتوویان بەرەو پێشەوە ببەن و پشت بە خۆیان ببەستن.

 

هەروەها لەگەڵ هەژارترین گروپ لە ڕێگەی پڕۆژەی بەهێزکردنی ئابووری کاردەکەین و پشتگیریان دەکەین لە دامەزراندنی پڕۆژەکانیاندا، بەرنامەی بەهێزکردن و بەردەوامیمان هەیە، لەوانەش بەرنامە ئابوورییەکان بۆ ژنان لەگەڵ منداڵەکانیان لە قۆناغەکانی پەروەردەی سەرەتاییدا، هەروەها منداڵان لە چالاکییەکاندا بەشدار دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەین لە هەژاری دەربچن لەو قەیرانانەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنن.

 

کۆمەڵەکە چی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی، بەو پێیەی زۆرێک لە دامەزراوەکان کار لەسەر پرسی بەهێزکردن دەکەن بەڵام کورتخایەنن؟

دەستپێشخەرییەکمان هەیە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کاری لەسەر دەکەین بە ناوی "بەهێزکردن و بەردەوامیی" چونکە ئێمە حەزمان لە بەردەوامبوونی ئەو پڕۆژانەی بەهێزکردنە کە بۆ ژنان ئەنجامی دەدەین، بە پێی میتۆدۆلۆژیا و سیاسەتێکی ڕوون کار دەکەین، کۆمەڵێک هاوبەشی دیکەمان هەیە کە لەگەڵیان کاردەکەین بۆ بەدواداچوون بۆ ژنان و دڵنیابوون لە توانایان بۆ بەردەوامبوون و تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

لە قۆناغی سەرەتایی بیرکردنەوەدا لە کاتی هەڵبژاردنی پڕۆژەکاندا، بەزۆری بەدوای ئەو پڕۆژانەدا دەگەڕێین کە بە تێپەڕبوونی کات بتوانن پەرەی پێبدەن و بتوانن تێیدا گەشە بکەن، هەروەها یارمەتیان دەدەین لە وردەکاری جۆراوجۆر.

 

ڕۆڵی بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی چییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو توندوتیژی و پێشێلکاریانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە؟

بە دڵنیاییەوە هۆشیاری و بەهێزکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕۆڵێکی جەوهەری هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو جۆرە پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، کاتێک ژن درک بە ماف و ئەرک و ڕێگاکانی دەستڕاگەیشتن بەو مافانە دەکات، هۆشیاری یارمەتی دەدا بۆ دەربازبوون لێی.

 

بەو پێیەی بۆیان دەرکەوتووە کە بەهێزکردنی لایەنی زانستی و ئابووری ئامڕازێکی کاریگەرن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام بەشدارییان لەو بابەتەدا دەکەن، ئەمەش ئەنجامێکی ڕاستەوخۆ و کاریگەری دەبێت.

 

ئەو هۆکارانە چین کە وا لە ژنان دەکەن واز لە خوێندن بهێنن؟

کۆمەڵەی ژنان و کۆمەڵگە یەکێکە لە یەکەم کۆمەڵەکان کە پۆلەکانی دامەزراندووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ژنانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە فشارە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندن زۆرن، لەوانە نەبوونی خوێندنگە لە تەواوی گوندەکاندا، ئەمەش ژنانی گەنج ناچار دەکات چەند کیلۆمەترێک ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە نزیکترین خوێندنگە بۆ ئەمەش خێزانەکان ڕێگری دەکەن لە ترسی مەترسییەکانی ڕێگاوبانەکان لە کاتی ڕۆیشتن بۆ خوێندنگە.

 

هەروەها لایەنی ئابووریش هەیە، بەشێک لە خێزانەکان توانای خەرجییەکانیان نییە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بەردەوام بن لە فێربوون، ئەمە جگە لە مەیلی هەندێکیان بۆ دامەزراندنی منداڵە کچەکانیان لە کشتوکاڵ یان هەریەکێک لەو پیشەیانەی کە تێیدا خێزانەکە کار دەکات.

 

کۆمەڵەکە چۆن کار لەسەر پرسەکانی هاوسەرگیری  و خەتەنەکردنی مێینە و توندوتیژی بەگشتی دەکات؟

کارکردن بۆ گۆڕینی ئەو فەرهەنگ و هۆشیارییەی کە لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە و بۆماوەییە، بابەتێکی هەستیارە و بەڕاستی کات و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، بەڵام ئەوان ماندوو نین لە کارکردن لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ ژنان، سەبارەت بە پرسی توندوتیژی، ئێمە نەخشەی ئەو شوێنانەمان داڕشتووە کە ژنان زۆرترین بەرکەوتەی توندوتیژییان تیایدا هەیە، دەستوەردانەکانمان بە هاوکاری لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ژنان و بنکەکانی پۆلیس ئەنجامدا، شۆفێرانمان پەروەردە کرد سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە مەبەستی ئەوەی ئەو ناوچەیە بکەینە شونێکی سەلامەت.

 

لە شێوازی کارکردنیاندا پشت بە چەندین هاوبەشی دەبەستن، لەوانە کارکردن لەگەڵ حکومەت و کەرتە تایبەتەکان، ڕاگەیاندن و پسپۆڕان، بە میتۆدۆلۆژیای فێمینیست کار ناکەین، بەڵکو بیری مافی مرۆڤ بەشێکی جەوهەرییە لە کارەکانمان لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان، چونکە گرنگی بە گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەدەین بەتایبەت ژنان، لە ماوەی داهاتوودا کۆمەڵێک بەرنامە و چالاکیمان هەیە و بەردەوام دەبین لە کارکردن لە بەرنامەی جۆراوجۆردا، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئابووری بێت یان کۆمەڵایەتی.