منداڵانی کامپی ئیدلب بەهۆی پیسبوونی دەوروبەرەوە تووشی نەخۆشی سنگ دەبن

بەهۆی پیسبوونی دەوروبەری ناوچەکە و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، منداڵانی کامپی ئیدلب تووشی نەخۆشی سنگ دەبن.

سوهێر ئەل-ئیدلبی

ئیدلب- منداڵان لە کامپەکانی باکوری سوریا بە ڕێژەیەکی زۆر بەدرێژایی ساڵ بەردەوام تووشی سەرما یان هەوکردنی سنگ دەبن بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، ئەم نەخۆشییە دەوری ژیانی منداڵان دەدات، یەکەمیان بەهۆی دەرچوونی دووکەڵی کەرەستەی گەرمکردنەوە بەهۆی سوتانی پاشەڕۆی نایلۆن، ئەوی تریان لە هاویندا ئەو خۆڵانەی کە لە کانەکان و ڕێگاکانی پیسی دەردەهێنرێن دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشییە، هەموو ئەمانە بەهۆی کەمی سەرنج و چاودێری تەندروستییەوە دروست دەبێت.

 

سەباح ئەلحەمید، تەمەن ٣٢ ساڵ، ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت هەموو مانگێک جارێک کوڕە سێ ساڵانەکەی "عەلا ئەلدەمی" بباتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت، ئەوەشی خستەڕوو، دوای کۆچکردن لە شوێنی خۆی ئەلحەبیت لە باکوری شاری حەما لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و جێگیربوونی لە کامپی کەفەر لوسین، ئەو نەخۆشییە وازیان لێناهێنێت.

 

"بەهۆی دووکەڵی ئامێرەکانی سووتانەوە نەخۆشی لە هەناسەدان ڕوو دەدات"

سەباح ئەلحەمید ئاماژەی بەوەکرد کە دووکەڵ لەدەرهێنانی کەرەستەی گەرمکردنەوە یەکێکە لەگرنگترین هۆکارەکان بۆ توشبوونی کوڕەکەی، بەتایبەتی کە زۆربەی دانیشتوانی کامپەکە نایلۆن و خەڵوز و جلوبەرگ بۆ گەرمکردنەوە دەسوتێنن، بۆنێکی پیس بە درێژایی کامپەکە بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی تەنگی هەناسەو کاریگەری دوو ئەوەندەی لەسەر منداڵان هەیە.

 

تراژیدیای ئەو منداڵانەی کە بە نەخۆشی هەناسە دەناڵێنن بە تەواوبوونی وەرزی زستان کۆتایی نایەت و لە هاویندا بەردەوام دەبێت بەهۆی ئەو خۆڵانەی کە لەگەڵ بای هاوین و پیسبوونی دەوروبەری کامپەکە بەرزدەبێتەوە، لە هاویندا نەخۆشییەکە بەردەوامە.

 

"بەهۆی دووریی نەخۆشخانەوە منداڵەکان تا بەیانیان دەناڵێنن"

لە لایەکی ترەوە ئەوەی ڕیما ئەلڕێدوانی تەمەن ٢٨ ساڵ بێزار دەکات خراپتربوونی دۆخی لەیلای کچە یەک ساڵ و نیوەکەیەتی، کاتێک سنگی ئازاری دەدات و لە نیوەشەودا هەناسەی تەنگ دەبێت، ئەو نازانێت چی بکات، کامپەکەیان لە خەربەنوش لە باکوری ئیدلب بێ بنکەی پزیشکی و فریاکەوتنە ئەمەش پەنابەران دەخاتە کێشەیەکی زۆرەوە، بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەکەن ڕۆژ ببێتەوە و منداڵەکانیان ببەنە نەخۆشخانە، تا بەیانی ناچار دەبن منداڵەکانیان لە دۆخێکی خراپدا ببینن، هەندێ جاریش ناچارن تەکسییەک بگرن و لە درەنگانی شەو منداڵەکانیان ببەنە نەخۆشخانە، بەڵام   بەڵام ئەمە بە دەگمەن دەکرێت، بەهۆی نەبوونی ئاسایش و زۆربوونی تاڵانی.

 

"بەراورد بە ڕابردوو نەخۆشیەکانی هەوکردنی سنگ زیادی کردووە"

سەبارەت بەزیادبوونی ڕێژەی نەخۆشییەکانی سنگ لەنێوان منداڵاندا لەکەمپەکانی باکوری سوریا پزیشک بەسام ئەلنەواف ئاماژە بەوەدەکات نەخۆشی هەناسە بەبەراورد بەکاتی پێشوو دوو هێندە زیادیکردووە، هەروەها هەوکردنی سنگ، شێرپەنجەی سنگ، ساردی و سییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و ئەو گروپانەی کە زیاتر تووشی ئەم نەخۆشیانە دەبن منداڵانن.

 

ئەو پزیشکە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی ئەو نەخۆشیانە دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی دۆخی کۆچبەران لەو کەمپانەی کە لە پێداویستییەکانی ژیان بێبەشن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ڕووخانی ژێرخانی ئابووری و زیادبوونی تۆز و گازە ژەهراوییەکان و نەبوونی کەرەستەی پاککردنەوە و نزیکی زبڵ و کانە بەردینەکان لە کامپەکانی نیشتەجێبووندا دەبێتە هۆی نەخۆشی.

ئەو پزیشکە داوای کرد کە لەکەمپەکانی پەنابەران بنکە تەندروستییەکان و دەرمانی بێبەرامبەر و بنکەی فریاکەوتن زیاتر بکرێتەوە وتیشی: "دەبێت کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری بکرێت و کەلوپەلی خاوێنکردنەوە ڕەوانەی کەمپەکان بکرێت".