شەڕڤانانی ئەرمەنی: ئەو زوڵمە لە بیرناکەین کە لە داپیرانمان کرا

شەڕڤانانی ئەرمەنی لە تابوری شەهید نۆبار ئۆزانیان باسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکەن کە لە سەدەی بیستەمدا کرا و دەشڵێت: ئەرمەنەکان لەناونەچوون و هەر دەمێنن.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- گەلی ئەرمەنی وەک هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، دەوڵەتی عوسمانی لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥دا بە مەبەستی لەناوبردنیان زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی کۆمەڵکوژ کرد، پاش شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەرمەنییەکان خۆیان بەڕێکخستن کرد و ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری و هێزی سەربازی خۆیان ئاواکرد.

 

ژنانی شەرڤانی ئەرمەنی تابوری شەهید نۆبار ئۆزانیان کە لە ساڵی ٢٠١٩دا دامەزرا، دەربارەی ١٠٧ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان ئاماژەیان بەوەدا بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان ویسترا گەلی ئەرمەنی لەناوبچێت، بەڵام ئەوان لەناونەچوون و هەر دەمێنن.

 

"عوسمانییەکان وایانکرد دایکان گۆشتی منداڵە مردووەکان بدەن بە منداڵەکانی تریان"

زابێل حوسەیان، شەڕڤانێکی ئەرمەنییە و لەسەر قۆناغەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان وتی: سەرەتا عوسمانییەکان کەسانی خوێندەوار، ڕۆشنبیر و زاناکانیان دەکوشت، پاشان کۆمەڵکوژییەکانیان بەرفراوانکرد و یەک ملیۆن و نیو کەسیان کوشت ئەمەش چەندین ساڵی خایاند، ئامانجی کۆمەڵکوژییەکە لەناوبردنی هێزی ئەرمەنەکان بوو، لەگەڵ عوسمانیەکانیشدا زۆر دەوڵەتی دیکە هەبوون کە هاوکاری کۆمەڵکوژکردنی ئێمە بوون، دواتر ئەرمەنەکان ئاوارەدەبن و بەشێکیان ڕوو لە سوریا دەکەن، لە ڕێگەیەشدا زۆر کەس بەهۆی برسێتی و تونێتییەوە دەمرن، پاشان خێزانەکانی سوریا ئەو منداڵانەی بێ دایک و باوک بوون هەڵدەگرنەوە و بەخێویان دەکەن، بەشێكی ئەرمەنەکان لەو کاتەدا دەبنە موسڵمان و کلتوری کورد و عەرەبەکان وەردەگرن".

 

ئەو شەڕڤانە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەرمەنەکان زۆر ئازاریان چەشتووە، چونکە لە کاتی کۆمەڵکوژی عوسمانییەکاندا ئاوارەبوون، لەو ئاوارەبوونەشدا زۆر منداڵ مردن، دایکەکانیان گۆشتی منداڵە مردووەکانیان دەدا بە منداڵانی دیکە، عوسمانییەکان پێی ئەسپەکانیان دەبەستەوە بە منداڵەکانەوە و منداڵە کچە تازە لەدایکبووەکانیان دەبرد و کوڕەکانیان سەردەبڕی، کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان کە لە تورکیاوە دەستیپێکرد هەتا دێرەزۆر بەردەوام بوو.

 

هێرشەکان هۆکارن تا ئێمە خۆمان بەڕێکخستن بکەین و تەشەنە بسەنین"

یەریڤان ئۆزانیان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەشداری تابوری شەهید نۆبار بووە، لەوبارەیەوە وتی: باوکم ئەرمەنە باسی هەموو ئەو ڕووداوانەی بۆ کردووین کە بەسەریاندا هاتووە، دواتر من بیستم تابورێک هەیە هەموو ئەرمەنەکان تێیدا کۆدەبنەوە بۆیە بڕیاری بەشداربوونمدا، پێشتر ئێمە لەناو ماڵدا بە زمانی ئەرمەنی قسەمان نەدەکرد، تەنها داپیرەم زمانەکەی دەزانی، بەڵام دوای ئەوەی هاتینە ناو تابورەکە پەروەردەی زمانی دایکمان بینی، لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی عوسمانیەکان کردیان دەبێت ئێمە هەنگاوی زۆر گەورەتر بنێین، ئەرمەنەکان، ئاشور، سوریانی، کورد، عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتی تورکیا دەبنەوە، بۆ ئەوەش یەکێتی نەتەوەیی وەڵامێکی توندی هەموو هێرش و داگیرکارییەکانە.

 

"خوشک نیە، ئەو هاوڕێی منە"

گوهار کایبەکایا ئاماژەی بەوەدا دوای ئەوەی لەگەڵ خوشکێکیدا دەزانن بنەچەیان ئەرمەنە، دەچن و بەشداری تابوری شەهید نۆبار دەبن، دەشڵێت: دوای ئەوەی لە هاوڕێکانمەوە زانیم کە بنەچەم ئەرمەنە، بەشداری تابورەکەم کرد دوای ٦ ڕۆژیش خوشکەکەمم بەشدارکرد، ئێمە وەک هاوڕێی یەکتر مامەڵە دەکەین، ئەوەشی زۆر دڵخۆشمان دەکات ئەوەیە کە ژنێکی نوێی ئەرمەنی بەشداری تابورەکە دەبێت، چونکە ئەو خۆی دەناسێت و بەدوای ڕاستیەکاندا دەگەڕێت.

 

لە کۆتایدا گوهار کایبەکایا وتی:  ئەمڕۆ چارەنووسی هەموومان پەیوەستە بەو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەموو گەلانی ناوچەکە، ئێمە ڕێگە نادەین کە گەلەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە و ئامانجی داگیرکەران بەدیبێت.