لە ژووری فریاکەوتنەوە بۆ هۆڵی دادگا نێودەوڵەتیەکان... سوەیدا داوای دادپەروەری دەکات

هاوڵاتیانی شاری سوەیدای سووریا ئەو ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەیانە ڕەتدەکەنەوە کە لەلایەن حکومەتی کاتییەوە ئەنجام دراوەو بە "گاڵتەجاڕی" پێناسە دەکەن، داوای دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو ڕووداوانە دەکەن کە لە نەخۆشخانەی نیشتمانی ڕوویدا.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا- لە سەردەمی شەڕ و ململانێی چەکداریدا، نەخۆشخانەکان لە پیرۆزترین و پارێزراوترین شوێنەکانن بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، چوار ڕێکەوتننامەی جنێڤ، بەتایبەتی ڕێکەوتننامەی چوارەمی کە تێیدا هاتووە: پێویستی ڕێزگرتن و پاراستنی دامەزراوە پزیشکیەکان و کارمەندەکانیان دیاریکردوە و هەر هێرشێک بۆ سەریان یان بەکارهێنانیان وەک ئامانجی سەربازی بە توندی قەدەغە دەکات، هەروەها پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان دامەزراندوە، دووپاتی دەکاتەوە: کە هێرشکردنە سەر دامەزراوە پزیشکیەکان یان کوشتنی کارمەندەکانیان تاوانی جەنگ پێکدەهێنێت.

 

"پێشێلکاری و سوکایەتی"

سەرەڕای ئەم پاراستنە یاسایە، شاری سوەیدا لە باشووری سووریا لە ١٦ی تەمووزدا شاهیدی پێشێلکاریەکی ئاشکرای ئەم ڕێسایانە بوو، لە ڕێگەی پراکتیزە دڕندەکانی جیهادییەکانی هەتەشە دژی هاوڵاتی مەدەنی و ژنان و کاروانە پزیشکیەکان، بەگوێرەی گەواهی سەما جەغامی، تەکنیکاری تیشک لە نەخۆشخانەی نیشتمانی، باسی ئەوەی کردوە کە بە چاوی خۆی شایەتحاڵی بووە و وتی: لە ڕۆژی ١٣ی تەمووز لە نەخۆشخانەی نیشتمانی لە ئەرکدا بووم، بەهۆی پەرەسەندنی ڕووداوە ئاسایشییەکان و هێرشەکانی ناو شارەکە نەمانتوانی بچینە دەرەوە، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی تەمووز، ئەندامانی ئاسایشی گشتی و هەتەشە چوونەتە نەخۆشخانەی نیشتمانی لە دەوروبەری کاتژمێر ٩:٠٠ بەیانی و پۆستەکانی لە بینای نەخۆشخانەکەدا وەرگرتوە.

 

وتیشی: ئێمە نەماندەزانی لە دەرەوە چی دەگوزەرێت، بەڵام دەنگی تۆپباران و پێکدادان بەردەوام بوو بەبێ وەستان و کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ هەڵیانکوتایە سەر بەشی فریاکەوتنی ناوەندی کە هاوکارەکانمان لە بەشی تیشک و چاودێری چڕ و فریاکەوتن و هەروەها ئەفسەرانی پۆلیسی نەخۆشخانە لەگەڵ ئێمەدا پەنایان برد، پاشان پشتڕاستمان کردەوە کە بەڕاستی چوونەتە ناو نەخۆشخانەکە و ساتەکانی تیرۆر دەستی پێکرد.

 

بە ئاماژەدان بە جیهادییەکانی هەتەشە، ڕوونیکردەوە، کە ئەوان گەیشتنە یەکەی سی تی سکان کە ئێمە لێی بووین، بە زۆر ئێمەیان دەرهێنا بۆ ناو هۆڵی پێشوازی و دواتر دەستیان بە سوکایەتیکردنمانیان کرد، کەمترین شت کە پێمان دەوترا "ئێوە کافرن، بەرازینە" و ناچاری کردین لەبەردەمیاندا ئەژنۆ داین.

 

وەک سەما جەغامی ڕوونیکردەوە، پێش گەیشتنیان، قوربانییەکە بەناوی محەمەد ئەبو حەساس لەگەڵ ئەندامێکی بەناو ئاسایشی گشتی توشی شەڕ بووە، کاتێک یەکێکیان داوای لێکردوە هاوکاری کەسێکی برینداریان بکات، محەممەد لە وەڵامدا وتی: بەهۆی توندی فیشەکەکانەوە ناتوانم بێم، داوای لێکردن بریندارەکە بێنن بۆ لای تا بتوانێت یارمەتی بدات، لەم نێوەندەدا لە هۆڵی پێشوازی لەگەڵ محەمەد بووم، پەیوەندیم بە خێزانەکەمەوە دەکرد، محەمەدیش پاڵی پێوەنام بۆ ئەوەی ئەندامە چەکدارەکە نەمبینێت، لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی من و دوای چەند خولەکێک، چوونەتە ناو بەشی ئیدارە، پاشان گەڕانەوە بۆ لای ئێمە، و ناچاریان کردین لە هۆڵی پێشوازیدا ئەژنۆ بدەین، محەمەد بە بتڵێک ئاوەوە هاتە دەرەوە و پێی وتن: قومێک ئاو بخۆن با توونێتیتان بشکێت، یەکێکیان بتڵە ئاوەکەی فڕێدایە سەر زەوی و وتی: ئەم بەرازە یارمەتی جیهادییە بریندارەکانمانی نەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، محەمەد هەوڵیدا بەرگری لەخۆی بکات، بەڵام لە دەموچاویان دا، نەیتوانی بێدەنگ بێت، بۆیە شەڕی لەگەڵدا کردن، ئەوانیش ڕاست لەبەردەم چاوماندا تەقەیان لێکرد، ساتێکی ترسناک بوو، نەمانتوانی خۆمان دەرببڕین یان نە هاوار بکەین، تەنانەت منداڵانی کچان کە لەگەڵمان بوون لە ترسدا شۆک بوون، تەرمی محەممەدیان لە پێیەکانیەوە ڕاکێشا و وتیان: ئەمە سزای ئێوەیە بەرازەکان، سزای هەرکەسێکە کە بەرەنگاریمان دەبێتەوە، ئەگەر لە کاتی دەمەقاڵەکەدا لەگەڵ محەمەد بوومایە، ئەوا منیشیان دەکوشت.

 

لەبارەی ئەوەی دوای کوشتنی محەمەد ئەبو حەساس ڕوویدا، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر ناچاریان کردین بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر لە هۆڵی پێشوازی دابنیشین، دواتر یەکێکیان کە 'شازادە' یان پێی دەوت، هات و کامێرای تەلەفۆنەکەی کردەوە و وێنەی ئێمەی گرت و وتی: ئێمە ئاسایشی گشتیین و هاتوین بۆ پاراستنی ئێوە، ئێوەش گەلی ئێمەن، بەڵام دوای ئەوەی وێنەگرتنەکە تەواو بوو، گەڕانەوە بۆ هەمان سوکایەتیکردن، ئێمەیان بە کچ و کوڕ جیاکردەوە و لە یەکەی سی تی سکان دایانناین، پاشان دوو گروپ بە بەکارهێنانی هەمان تاکتیک و تۆقاندن هاتنە ناو نەخۆشخانەکە، لە هەر ساتێکدا هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکرا، پرسیاریان لەبارەی برینەکانی نەخۆشخانە لێکردین، ئێمەش دڵنیامان کردنەوە کە لە ئەنجامی تۆپبارانە و ئەندامی کوتلە چەکدارەکانن، بەڵام بوونی تەرمەکانیان قۆستەوە و گرتەیەکی پڕوپاگەندەیان تۆمارکرد کە وەک قوربانی وێنایان دەکرد، ئەمەش درۆیە.

 

بەوەش نەوەستان، دوای ئەوەی لە دەوروبەری کاتژمێر ٢:٠٠ی بەیانی کشانەوە، و پشکنینیان لە بەشی نەخۆشخانەکان کردوە و مۆبایل و هەموو شتێکی دیکەیان دزیوە کە لە توانایاندایە، وەک سەما جەغامی، تەکنیکاری تیشکدانەوە، پشتڕاستی کردەوە، وە بەیانی نەخۆشخانەکە ئازادکرا، سەرەڕای برینە دەروونیە قوڵەکان گەڕاینەوە سەر کارەکەمان.

"ئەوەی لە سوەیدا ڕوودەدات تاوانی جەنگە"

تەغرید عەزەم، پارێزەر دووپاتی کردەوە، کە ئەوەی لە شاری سوەیدا ڕوویدا، پێشێلکاریەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و تاوانە کە بە هەموو واتایەکی وشە دەگاتە تاوانی جەنگ، وتی: ئەم کردەوە دڕندانە لەلایەن ئەندامانی ئاسایشی گشتی و وەزارەتی بەرگریەوە ئەنجام دراون، بە بەڵگەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە خۆیان وێنەیان گرتوە، بە ڕوونی بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی نەتەوەیەکی دیاریکراوە، کە دروزەکانن نیشان دەدات، بە پرسیارکردن لە هەموو مەدەنییەک دەربارەی ئایینەکەیان و کوشتنیان ڕاستەوخۆ دوای پشتڕاستکردنەوەی پەیوەندییەکەی پشتڕاست دەکاتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کەئامانجیان لە چوونە ناو سوەیدا دامەزراندنی ئاسایش نەبووە، بەڵکو ئەنجامدانی جینۆساید بووە لە دژی ئەم گروپە، ئەو کوشتن و سووتاندن و وێرانکارییەی کە ڕوویدا جێگای شەرمەزارییە، بەتایبەتی ئەوەی لەناو نەخۆشخانەی نیشتمانیدا بەڵگەی لەسەر کراوە، کوشتنی بە ئەنقەستی محەمەد ئەبو حەساس، فریاگوزار سەرەڕای لەبەرکردنی جلوبەرگی پزیشکی و سەرەڕای پیرۆزی نەخۆشخانەکان، کە بە ڕێکەوتننامەکانی جنێڤ و پەیماننامەی ڕۆما پارێزراوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کەتاوانەکان بریتی بوون لە کوشتنی بریندارەکان، ترساندنی کارمەندانی پزیشکی، و پچڕاندنی کارەبای ئینکوباتۆرەکان کە بوە هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵان، هەموو ئەو تاوانانە بەڵگەیان لەسەرە. بۆیە ئێمە داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین لەبەردەم دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا، چونکە ئەوانەی هاتنە ناو سوەیدا توخمە فەرمییەکانی سەر بە حکومەتی سووریان، ئەمەش وایکردوە سەرۆکی هەرەمەکە بەرپرسیار بێت لەو تاوانانە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە هاوڵاتیانی سوەیدا ڕاپۆرتی لاواز قبوڵ ناکەن، وەک ئەوەی لە کەناراوەکاندا ڕوویدا، هاوڵاتیانی سوەیدا و کۆمەڵگەی مەدەنی داوای دادپەروەری دادۆەروەرانە دەکەن، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بکرێن.