گوڵستان محەمەد: پەیامی ئاشتیمان دەوێت دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت

گوڵستان محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە داوای وەستانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەکات و دەڵیت: پەیامی ئاشتیمان دەوێت دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-جەنگی دەسەڵاتداران و وڵاتانی هەژموونخواز هەمیشە ژنانی کردووەتە ئامانج، ژنان بەهۆی جەنگەوە ئاوارەو ماڵوێران دەبن، بۆیە کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێت ژنان هەمیشە داوای ئاشتی دەکەن و نایانەوێت ئەم بارودۆخە ناهەموارە درێژە بکێشێت،

 

گوڵستان محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجەسەبارەت بە پەیامی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە جەنگ قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە پارێزگای هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان هەروەها ڕۆژهەلاتی ناوەراست هەمیشە ئەو ناوچە  گەرمانە بووە کە جەنگ بەناوچەکە گوزەری کردووەو تیپەریوە وتی: ئێمە وەک جیلیک لە پارێزگای هەڵەبجە بە کۆمەڵێک شەڕو نەهامەتی تێپەریووین، شەڕ مال وێرانکەرە، شەر دڕندەو دێوەزمەیەیە تا گەلێک لەناو نەبات وازی لێناهینێت، بۆیە ئێمە پەیامی ئاشتیمان هەیە، دەمانەوێت ئاشتی لە جیهاندا بەر قەرار بێت.

 

"کوشتنی هیچ کەسێک بۆ ئێمە جێگەی شانازی  نییە"

وتیشی: هیچ کەسێک لە جەنگدا براوە نییە هەمیشە هەموومان بدۆراوین لە جەنگدا، بۆیە پەیامی ئاشتی بۆ دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەتەکان هەیە بابا ئیتر ژن و منداڵ و کەس نەبێتە قوربانی، با ئیتر کەس لەدەست نەدەین، من چیرۆکی کەسێک لە حیفا  زۆر کاریگەری لێکردم. ئەویش وتی من گەورەترین باجم داوە، کە ژنەکەم و دوو مندالم لەدەست یاوە، تکایە با لەمنەوە بوەستێت.

 

"با خەڵکی تر نەبتە قوربانی"

گوڵستان محەمەد وتیشی: ئێمە هەموو دەمانەوێت کەمترین زیان لە  کۆمەڵگەکەماندا هەبێت کەمترین شەڕ هەبێت، سەیری هەرێمی کوردستان دەکەین بارودۆخیکی نائارامە، خەڵکەکەی لە دۆخێکی نادەروونی و دلەراوکێ و قەلەقییدان، ئەگەر تێستی دەروونیمان بۆ بکەن هیچ کاممان دەر ناچین، هەم ترسی شەڕی نێودەولەتی هەیە، هەم شەڕی ناوخۆیی، هەموومان وا هەست دەکەین شەڕێک ئەم شارەی گرتووە کە دەچینە دەرەوە کەس پێناکەنێت، کەس زەردەخەنەیەک ناکات دەچیتە هەر ماڵێک هەر باسی سیاسەتە، کەواتە ناتوانین دەروون دروست بین، ناتوانین دەروونێکی باش و تەندروستمان هەبیت هیوادارین  بەزووترین. کات جەنگ کۆتایی پێبێت، گفتوگۆ و ئاشتی بەرپا بکرێت، شەڕ چارەسەر نییە بۆ هیچ کیشەو گرفتێک، هیوادارین ئاوڕێکی جدی لە ژیان و گوزەرانی خەلک بدرێتەوە، بارودۆخەکە بەرەو باشتر بچێت، چونکە  خەلک بە باروگوزەرانیکی خراپدا تیپەر دەبێت و دواجار هاوڵاتی نابێت باجی سیاسەت بدات، پێویستە حکومەت بمانپرێزێت، ئینشاڵا وڵاتیکی ئاراممان دەبێت بۆ نەوەکانی داهاتوومان.