گەمارۆدانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود ژیانی نەخۆشەکان دەخاتە مەترسییەوە

ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەبدا سەپێندرا، بووەتە هۆی داخستنی چەندین بەشی گرنگی نەخۆشخانە، لەوانەش یەکەکانی چاودێری چڕی تازەلەدایکبووان و ژیانی دەیان نەخۆشی دیکەی خستووەتە مەترسییەوە.

سرین محەمەد

 

حەلەب – لەگەڵ داخستنی ڕێگاو دەروازەکانی بەرەو گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی حەلەب لەلایەن چەکدارانی هەتەشە و سەپاندنی ڕێکاری توندی پشکنین و ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان، لەوانەش سووتەمەنی، غاز، و دەرمان، جگە لە پچڕانی تەواوەتی کارەبا، ئازاری دانیشتووان بەردەوامە بە درێژایی زستان.

 

ئەم گەمارۆیە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی هەبووە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بە تایبەتی لە نێو منداڵان و بەتەمەنەکاندا زیادی کردووە و دانیشتووانەکەی ناچار کردووە پەنا بۆ ڕێگەی جێگرەوە و مەترسیدار بۆ گەرمکردنەوە ببەن، کە لە بەرامبەردا دۆخی تەندروستی و مرۆیی خراپتر کردووە، هەروەها بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی گەرمکەرەوە و سەختی گەیشتن بە خوێندنگەکان، هەزاران خوێندکار لە ژینگەیەکی گونجاوی فێربوون بێبەش بوون.

 

تاکە نەخۆشخانەی ناوچەکە، نەخۆشخانەی شەهید خالد فەجر، بەهۆی کەمی سووتەمەنی و کارەباوە، توانای کارکردنی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی چەندین بەشی گرنگ، دیارترینیان یەکەی چاودێری چڕی تازەلەدایکبووان، کە ژیانی دەیان نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە، جگە لەوەی کەمیی دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەیە.

 

"نەخۆشەکان ئازار دەچێژن"

نەزلیە حاج عوسمان، ژنێکی دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسود، لە نەخۆشخانەی خالد فەجر لەسەر جێگایەک دادەنیشێت، تەمەن٨٥ ساڵ کاریگەری خۆی لەسەر جەستەی ئەو ژنە نیشانداوە، تووشی چەندین نەخۆشی درێژخایەن بووە، لەوانە نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشی خوێنبەرەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی پۆتاسیۆم لە گورچیلەکانیدا، حاڵەتێکی غودەی دەرەقی و لەدەستدانی بیستن و ڕیشاڵی سییەکان.

 

هەموو ئەم نەخۆشیانە پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەیە، بەڵام چەکدارانی هەتەشە ڕێگری دەکەن لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمان، ئەمەش ئازارەکانی زیاتر دەکات، وتی: کچەکەم بەهۆی سەرمای سەختەوە هێنامی بۆ نەخۆشخانە، هیچ ڕێگەیەکمان نییە بۆ گەرمکردنی ماڵەکەمان، دەرمانیشم تەواو بووە.

 

"ئێمە دەمانەوێت بژین"

نەزلیە حاج عوسمان وتی: خەڵکی مەدەنی زیانلێکەوتووی سیاسەتن و قورسترین باجی ململانێکان دەدەن، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات دەستوەردان بکەن و کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنن کە بەسەر هەردوو گەڕەکەکەدا سەپێنراوە، ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی دەرمان و سووتەمەنی بدەن، هەروەها منداڵان، بەتەمەنەکان، ژنان و پیاوان- هەموومان لە سەرما نەخۆشین، دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەکانمان، هەموو شتێکمان هەبێت، لە پارێزراوی و ئاسایشدا بژین، بەسە ئەم گەمارۆیە، ئێمە دەمانەوێت بژین.

 

ئیلهام عوسمان، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شەهید خالد فەجر دووپاتی کردەوە، کە دابینکردنی دەرمانی ئێستای نەخۆشخانەکە بەس نییە، ئەگەر گەمارۆدانەکە بەردەوام بێت ئەوا تەواو دەبێت، نەخۆشخانەکە ناتوانێت چارەسەری نەخۆشەکان بکات، تەنانەت فرۆشگاکانی خۆراکیش کۆگایان تەواو دەبێت، بەهۆی بەردەوامبوونی چەکدارانی هەتەشه لە گەمارۆدانی ئەو دوو گەڕەکە.

 

نەزلیە حاج عوسمانی تەمەن ٨٥ ساڵ، ڕوونیکردەوە، یەکێکە لەو ئازارە زۆرانە کەمی پێداویستیی پزیشکی و گەرمکەرەوەیە، نەخۆشخانەی خالد فەجر تاکە نەخۆشخانەی بێبەرامبەرە لە هەردوو گەڕەکەکەدا و ئەگەر گەمارۆکە هەڵنەگیرێت، ڕەنگە وەرگرتنی نەخۆش ڕابگرێت.

 

ئیلهام عوسمان بانگەوازی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە گەمارۆی سەر ئەو دوو گەڕەکە هەڵبگرن و ڕێگە بدەن بە هاتنە ژوورەوەی سەرجەم پێداویستییەکان بەتایبەت سوتەمەنی و دەرمان، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە وەرگرتن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.

 

"ڕاگەیاندراوی ئەنجومەنی تەندروستی"

لە ڕاگەیەندراوەکدا کە ڕۆژی ٤ی کانوونی دووەم بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنی تەندروستی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەتی کاتی و حەلەبی بە تەواوی بەرپرسیارێتی درێژەدان بەم گەمارۆیەیان زانیوە، ئەوەی کە ڕوودەدات بە سزای بەکۆمەڵ لە دژی خەڵکی مەدەنی و تاوانێکی ڕوونی دژ بە مرۆڤایەتی لەپێنوسدا. ئەنجومەنەکە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی گەمارۆ و مسۆگەری هاتنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بەبێ سنووردارکردن و ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەبێ جیاوازی و هەڵبژاردن.