ژنانی لوبنانی لە پەناگەکاندا لە دۆخێکی سەختدا دەژین

ئەو ژنانەی لە باشووری لوبنان ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن لە ناوەندەکانی پەناگەدا لە دۆخێکی سەختدا دەژین و ڕووبەڕووی نەخۆشی دەبنەوە.

فادیە جومعە

 

بەیروت- ئەو ژنانەی کە زۆرترین ئازار دەچێژن لە جەنگەکانی ئێستادا، پشتگوێ دەخرێن و ناچار دەکرێن لە کارە جیاوازەکاندا کار بکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، لە سەرەتای جەنگەوە، ژنانی لوبنانی ناچارکراون لەگەڵ خێزانەکانیان ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا لە ناوەندەکانی پەناگەدا دەژین و مافەکانیان پێشێل کراوە، بەهۆی ناکۆکییەکانی ناو پەناگەکان، کێشەکانی ئێستا قووڵتر دەبنەوە.

 

"ناتوانین کرێی خانوو بدەین"

فاتمە حسێن عەباس، یەکێک لە ژنانی کۆچبەر لە شارۆچکەی سنووری عیترون وتی: ئێستا لەگەڵ خوشک و برا نەخۆشەکەم لە یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەدا دەژیم کە گۆڕدراوە بۆ ناوەندی پەناگە. کاتێک ماڵەکانمان جێهێشت، نەماندەزانی بۆ کوێ بڕۆین، ئێستا بە موچەیەکی ماڵنشین بژیوی ژیانمان دابین دەکەین و ناتوانین کرێی خانوو بدەین.

 

"لە ناوەندەکانی پەناگەدا ژیانی تایبەت بوونی نییە"

فاتمە حسێن عەباس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناتوانین ناوەندی پەناگە وەک ماڵ بەکاربهێنین، ژیانێکی تایبەتمان نییە. قوتابخانەکە دابەشکراوە بەسەر دوو بەش، بەشێکیان ئاوارەکانی تێدایەو بەشەکەی تریان خوێندکاران تێیدا دەخوێنن. ژیان لە ژووری قوتابخانە زۆر قورسە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانمان خراپتر دەبێت، لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا یارمەتیمان دراوە و ئێستا یارمەتیمان پێنەدراوە، ئەمەش ئازارەکانمان زیاد دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ڕۆژێک کێشەی زۆر هەیە و هیوادارن ئەم ئازارانە کۆتایی پێبێت و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و لە کۆتاییدا وتی: زۆر ماندووین، ئەوەی لێرە دەژین وەک زیندانیکردن وایە.

 

"هەموومان مەترسی نەخۆشبوونمان لەسەرە"

زەمزەم سەعید نەجیبە، ژنێکی کۆچبەری خەڵکی بەیت لەیفە و دایکی ٥ منداڵە، وتی: منداڵەکانم بەردەوام نەبوون لە خوێندن و کارەکانی هاوژینەکەم دوای جەنگ وەستا، موڵکمان لەدەستدا، هەموو دایکان دڵگرانن بە هۆکاری نەخوێندنی منداڵەکانیان، هەموومان کراوەین بۆ نەخۆشییەکان، چونکە ژن و پیاو هەمان حەمام بەکاردەهێنن، هەروەها لە ئێوارەدا جلەکانمان بە یەک ئامێر دەشۆین و هیچ تایبەتمەندییەکمان نەماوە.

 

"لەگەڵ کۆچکردن، بارگرانییەکەمان قورستر بوو"

 

ڕیما جەمیل، لە شارۆچکەی ناقورە وتی: لەگەڵ هاوژینەکەم و منداڵەکانم هاتووم بۆ ناوەندی پەناگەکە، نەمانتوانی کرێی خانووەکان بدەین، لەگەڵ کۆچکردن، بارگرانیی ئێمە قورستر بوو، ئەوەی دەگاتە ئێمە هەوڵ دەدەین پێی بژین، لە ماڵێکدا دەژیاین، بەڵام چیتر نەمانتوانی کرێی خانووەکە بدەین و گەیشتینە ناوەندی پەناگە، لە شوێنێکدا دەژین کە هیچ ژیانێکی تێدا نییە،هیچ هاوکارییەک دابین نەکراوە و هەندێک جار ئەو یارمەتییە کەمەی پێشکەش دەکرێت بەسەر ٤٠ خێزاندا دابەش دەکرێت.

 

ڕیما جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخەکە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا خراپتر دەبێت و وتی:دەبێت هەموو ڕۆژێک خۆراک ئامادە بکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی شوێنێک نییە، زۆر خواردن خراپ دەبێت، منداڵەکانمان وەک ئەوەی لە زینداندا بن، هەموو شتێک سەختە، پێویستە ئاگاداری منداڵەکانمان بین و زاڵبین بەسەر دۆخی دارایی سەختدا.

 

"ناتوانم دەرمانەکانم بکڕم"

زەینەب عەباس، کۆچبەرێک لە شارۆچکەی عئترون، وتی: لەکاتی جەنگەوە لە ناوەندەکانی پەناگەدا دەژین، ماوەیەکی زۆرە نەخۆشی کرۆنم هەیە، ئەوە نەخۆشی گەدەیە و دەبێت هەمیشە دەرمان بەکاربهینم. بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە، ناتوانم دەرمانەکانم بەکاربهێنم و دۆخەکەم خراپتر دەبێت.