مامۆستایانی ئەرمەنی: زمانی دایکی ئێمە مافی خۆمانە

لە پارێزگای حەسەکە، ٣٩ مامۆستا و زیاتر لە ٦٠٠ خوێندکاری ئەرمەنی بە سەرپەرشتی دامەزراوەکەیان بە زمانی خۆیان خوێندن وەردەگرن. مامۆستایان خوازیاری ئەوە بوون کە لە سووریای نوێدا دان بە فرەچەشنی زمانەوانیدا بنرێت و زمانی ئەرمەنی لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێت.

رۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دوای ئەو جینۆساید و ئاوارەییانەی لە مێژوودا بەسەر گەلی ئەرمەنستاندا سەپێنراون، پاراستنی زمان و کولتوور و ناسنامە بۆ چەندین نەوە لە دەرەوەی وڵات و لە سووریا بۆتە بابەتێکی گرنگ لەم چەند ساڵەی دواییدا. بە دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاوا دامەزراندنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لە ژێر چاودێری ئیدارەی خۆسەر، کۆمەڵگەی ئەرمەنیش دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لە دەوری زمان و کولتوورەکەی خۆی ڕێکبخات و نەوەی نوێ بە زمانی دایکی پەروەردە بکات.

 

ئەمڕۆ لە پارێزگای حەسەکە ئەم کارە لە بواری پەروەردە لە دامەزراوەی زمانی ئەرمەنی بەردەوامە و مامۆستایانی ئەرمەنیش داوای دانپێدانان بە زمانەکەیان و پاراستنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی دەکەن.

 

سەبارەت بەم بابەتە، مامۆستایانی زمانی ئەرمەنی جەختیان لەوە کردەوە کە زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەشێکە لە شوناس و مێژوو و عەقڵ و کولتووری کۆمەڵگەی ئەرمەنی.

 

٣٩ مامۆستا و زیاتر لە ٦٠٠ خوێندکاری ئەرمەنی بە زمانی زگماکی خۆیان دەخوێنن

لە پارێزگای حەسەکە ٣٩ مامۆستا لە بواری پەروەردەی زمانی ئەرمەنی کاردەکەن و ژمارەی ئەو قوتابیانەی بە زمانی ئەرمەنی دەخوێنن زیاتر لە ٦٠٠ کەسە، مامۆستایانی ئەرمەنی دەیانەوێت ئەم خوێندنە بەردەوام بێت و بۆ نەوە نوێیەکان بە زمانی زگماکی خۆیان پەروەردە بکرێن.

 

زمانی دایکی ئێمە ناسنامە و کولتووری ئێمەیە

نەسرین عیسا، مامۆستای زمانی ئەرمەنی، کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە بواری زمانی ئەرمەنیدا کاردەکات و ئێستا لە دامەزراوەی زمانی ئەرمەنی وانە دەڵێتەوە، ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجیان گەیاندنی زمانی دایکە بە نەوەکانی داهاتوو و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگایە لە بوونی گەلی ئەرمەنی و زمانەکەیان.

 

نەسرین عیسا، بە ئاماژەدان بەوەی کە چۆن زمانی عەرەبی و کوردی و سریانی لە سووریادا هەیە، زمانی گەلی ئەرمەنیش بوونی هەیە و دەبێت ئەم زمانە بپارێزرێت. نەوشیروان عیسا، داوای کرد حکومەتی نوێ دان بە زمانی ئەرمەنیدا بنێت و خوێندن بەم زمانە لە قوتابخانەکاندا دابین بکات لە پێناو پاراستنی مافەکانی گەلی ئەرمەن و بوونی زمانەکەیان.

 

زمانی دایکی کلیلی مێژوو و کولتوورە

هەنا هیمادا، مامۆستای زمانی ئەرمەنی، کە لە پەیمانگای زمانی ئەرمەنی کاردەکات و وانە دەڵێتەوە، باسی لەوە کرد کە زمانی دایک تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەشێکە لە ناسنامە و دەروون و ئامرازێکە بۆ پاراستنی مێژوو و کولتوور و وتی: فێربوونی زمانی دایکی ڕێگایەکە بۆ پاراستنی شوناس و مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی زمانی خۆیەوە خۆی، هەست و بیرکردنەوەکانی بە شێوەیەکی وردتر دەرببڕێت.

 

هەنا هیمادا ئاماژەی بەوەدا کە خوێندن بە زمانی دایکی بۆ منداڵان و نەوە نوێیەکان گرنگە و زیادی کرد: چونکە تەنها لە ڕێگەی زمانی خۆمانەوە دەتوانین زمان و بیر و کولتووری خۆمان بپارێزین و بیگوازینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

پێویستە هەموو زمانەکان لە سووریای نوێدا دانیان پێدا بنرێت

فیرۆز عەبدوڵا مامۆستای زمانی ئەرمەنیش باس لەوە دەکات کە ڕژێمی پێشوو دان بە فرەچەشنی زمانەوانی و کولتووری سووریادا نەنا و بووەتە ڕێگر لە مافی زۆرێک لە پێکهاتەکان. فیرۆز عەبدوڵڵا، بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆمەڵگەی ئەرمەنی لە سووریا دەیەوێت بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە بکرێن، بۆ ئەو مەبەستە کادرێکی مامۆستای زمانی ئەرمەنییان هەیە و وتی: ئێمە دەمانەوێت بە زمانی دایکی خۆمان بخوێنین و لە هەمان کاتدا فێری زمانەکانی دیکە بین.

 

فیرۆز عەبدوڵاا، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە سووریا لەسەر دانپێدانانی هەموو ئەو زمان و کولتوورانەی لەوێ بوونیان هەیە بنیات بنرێت و نابێت یەک زمان بەسەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا بسەپێندرێت.